بۆشایی سەركردە لەناو یەكێتی و گۆران پارتی و فرمێسكی تیمساحانە

21/05/2019

دانا مه‌نمی

غیابی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا 
یەكێتی بێ نەوشیروان مستەفا و گۆڕانی بێ مام جلال هەمیشە غیابی پێوە دیارە ،مام جلال و نەوشیروان مستەفا تەواوكەری یەكتر بوون ،بۆشایی هیچیان پڕ ناكرێتەوە و بەڵام گرنگە دەست بە ڕێبازو ئایدیا و فەلسەفەكەیانەوە بگرن ،هەم یەكێتی و هەمیش گۆران یەكبگرنەوە خۆتان مەكەن بە پاشكۆی پارتی و دەبوایە شەڕی جێگریتان نەكردایە ، لەسەرەتایی پێكهێنانی حكومەتەوە  دەبوایە یەكێتی و گۆران یەككارنامەیان بۆ ستراتیژو سیستەمی سیاسی و پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و هەلبژرادنی سەرۆكی هەرێم هەبووایە ، بەداخەوە كە ئەو بەرەیە پێكنەهات و دەرەفەتی ڕەخساند بۆ پارتی كە گۆڵی خۆی لە بزوتنەوەی گۆران بكات ،بەڵام یەكێتی نەچووە ژێر باری بەڵێنەكانی پارتی هەرچەندە پارتی ماوەی چركەیەكیشی دانەنا بۆ یەكێتی بانگەشەی دەكرد كە چیتر چاوەڕێی كەس ناكات ،بەڵام وادەرنەچوو وەك ئەوە نەبوو كە پارتی بەرنامەی بۆدانابوو  بە هەزاران چركە تێپەڕی و پارتی ناچار بوو ئارام بگرێت ،چونكە هێزێكە تەنها لە قەڵەمڕەویی خۆیدا دەسەڵاتی هەیە و خەلك گوێی لێدەگرێت و لە دەرەوەی قەڵمڕەوی خۆیشیدا دەسەڵاتی كارگوزارێكی نییە ، ئەو دەسەڵاتەیشی كە لە قەڵەمڕەوی خۆدا مومارەسەی دەكات كەرامەت و شكۆی ئینسانی خستووتە ژێر پرسیارەوە و ڕۆژانە كەرامەتی ئینسان لەناو شیعاراتی قەومی پارتیدا بریندارو لەكەدار دەكرێت .

پارتی و فرمێسكی تیمساحانە
بانگەشەی ئێستای پارتی لەناو شیعاراتی نەتەوەیی دا پرسی كەركوك و قسەكانی ڕاكان جبوری و كێشەی عەشیرەتی شەمەرو گوندی پەلكانەیە كە لە دەرەوەی كەركوك فرمێسكی تیمساحی دەرێژن و چەند میدیایەكی سیێەرو چەند پەیجێكی بێ خاوەن لەژێر سێبەری پارتیدا دەهۆڵ بۆ ئەم كێشانە دەكوتن ،چونكە پارتی بە دەهۆڵ كوتینی لەسەر ئەم كێشانە دەیەوێت حیزبێك بەشەیتان و خۆی بە فریشتە بكات ،لەلایەكی ترەوە فۆكسی خەڵك لەسەر ئەو ڕوداوانە بهێڵێتەوەو تەركیزیان لەسەر خیانەتەكانی تر نەمێنێت كە بەرپرسیارەتیەكەی لە ئەستۆی خۆیدایە بەتایبەت پرسی شنگال و ڕادەستكردنی بە داعش .

پارتی دوای ئەوەی نەیتوانی شنگال و ئیزیدییەكان لە دەستی داعش بپارێزێت و بەرگری بكرێت تا خەڵكی شنگال ڕووبكەنە ڕۆژئاوای كوردستان كە پەنجا كیلۆمەتر لە شنگالەوە دوورە  رێگریش بوو لە بەردەمیان بۆ دەربازبوون و نەیهێشت ئیزیدییەكان شارۆچكەكە چۆڵ بكەن ، بەمۆلی خاك و خەڵكی ڕادەستی داعش كرد، بەڵام پەكەكە خۆیان گەیاندە نزیك چیای شەنگال و بە فریای هاواری ئیزیدیە لیقەوماوەكانەوە چوون و ریرەوێكی ئارامیان بۆ دەربازبوونی ژن و مناڵ و ئاوارەكانی شەنگاڵ دابینكرد ، لەكاتێكدا سنوری قەزای شنگال سپێردرابوو بە فەرماندەییەكانی ( سپیلك و هەڵگورد و سەفین ) و زێرەڤانی و هێزی یەكەی هەشتا، كە بەبێ تەقەو بەهات هات هەڵدێن .

داعش دوای هەڵهاتنەكەی پارتی جگە لەوەی بیست هەزار كوشت و هەزارانی تر گیانیان لە دەستدا 500 كچی ئیزیدیش بە دیل دەگرێت و دواتر هێرش دەكاتە سەر قەزای تلكێف و حەمدانییەو ناحیەكانی گوێرو باشیك و بەعشیقە و گوگجەلی و بەرتلەو خازر ، لەم ناوچانەیش سوپای بارزان بەهات هات كەمتر لە كاتژمێرێك هەڵدێن بەرەو هەولێر و ئەو ناوچانەیش داعش دەستی بەسەردا دەگرێت .

دانا مەنمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی