چۆن لە نەوت تێدەگەین؟!

22/05/2019

ریبین فەتاح


لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ەوە تا کۆتایی ٢٠١٨ لە هەر هەفتەیەکدا وتار و بابەتێکی پێوەست بە نەوتم هەبووە. بە ڕاپۆرت و بەدواداچوون و دیدارە ڕۆژنامەوانییەکانی پێوەست بە دۆسیەی نەوت، هەندێک ماوە لە هەر دوو سێ ڕۆژدا کارێکم کردووە. لەو ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ بابەتم هەبووە.

ئەوەی پێوەندی بە وتار و بابەتەکانی خۆمەوە هەبێت، هەموو ئەوانە تێگەیشتنی تایبەتی خۆم بوون لەمەڕ دۆسیەکە، جیاوازن لە هەڵوێست و خوێندنەوەی ئەو کارەکتەرانەی لە ڕاپۆرت و دیدارەکاندا قسەیان بۆ کردووین.

پێش چوار پێنج ساڵ بەشێک لەو وتارانەم لە دووتوێی کتێبێکدا بەناونیشانی (نەوت و خەڵک لە پەراوێزی نەوت و سیاسەتدا) بڵاو کردەوە. کتێبەکە بە سوپاسەوە لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی مەسەلە و ئێن پی ئەی نەرویجی چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەو کۆمەڵە وتارە، وەک لەناونیشانەکەیدا دەردەکەوێت، هەڵوەستەکردنن لەسەر (پێگەی خەڵک لە سیاسەتی نەوتی کوردستان دا). بە ئێستەیشەوە، بەهێزکردنی پێگەی خەڵک لە سیاسەتی نەوت یەکێک لە ئامانجەکانی نووسینی منە لەو ڕووەوە، لەکاتێکدا بەشی زۆری ململانێیەکە چ لە ئاستی حکوومەت و چ لە ئاستی لایەنە سیاسییەکاندا، پێوەست بوون بە بارکردنی ئامانجگەلێکی سیاسی تایبەت لە دۆسیەی نەوت دا. بانگەشەی من ئەوە بوو کە دەبێت ستراتیژیەتی نەوتی هەرێم لە (سیاسەت)سەنتەرییەوە بۆ (خەڵک) سەنتەری بگۆڕێت.

ئەو ڕوانگەیە وایکردووە هەمیشە دۆسیەی نەوت بۆ من ئاڵۆز و پڕ ڕەهەندی جیاجیا بێت، لەکاتێکدا لایەنە سیاسییەکان شەڕیان لەسەر (پارەی نەوت) دەکرد، ئەمن بانگەوازی (نەوت و خەڵک)م دەکرد. لەبارەی (نەوت و ژینگە)، (کرێکارانی نەوت و بنیاتنانی تواناکان)، (دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی)ییەوە دەدوام، (نەوت و باڵانسی جێندەریی)یم تێکەڵکێش کرد.

دوو خاڵی گرنگ لە ڕووە سیاسییەکەیەوە جێی سەرنجی من بوون، یەکەم؛ ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لە دۆسیەی نەوت دا. دووەم؛ ناکۆکییەکانی هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم لە دۆسیەی نەوت دا.

بۆ هەردوو خاڵەکە ئەمن زۆر بە روونی و لە چەندین بۆنە و وێستگەدا بۆچوونی تایبەتی خۆمم دەربڕیوە. زۆر بە زەقی پاڵپشتیم لە سەڵاحیات و پێدراوە دەستوورییەکانی هەرێم لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت کردووە، لەکاتێکدا زۆرترین ڕەخنە و تێبینیم لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لەناوخۆی کوردستان دا هەبووە و هەیە. هەندێک جار زیاتر لە حکوومەتی هەرێم خۆی، کە بەرپرسەکانی تاکە سوودمەندی دۆسیەکە بوون، پێداگیرییم لەسەر پراکتیزەکردنی ئەو دەسەڵاتانە کردووە، بۆ هەموو ئەوەش تێگەیشتن و پاساوی خۆم خستووەتە ڕوو، ڕاست بووم یان هەڵە، هیچ کات لە هەڵوێستی خۆم پەشیمان نیم و نکوڵی لێ ناکەم، گرنگ ئەوەیە ئازایانە دەتوانم بڵێم ئەوە بۆچوون و خوێندنەوەی ئازادانەی منە، لەدەرەوەی هەر کارتێکەرێکی دەرەوەی خۆم دا.

لەمەڕ خاڵی دووەمیشدا کە پێوەندی بە ناکۆکی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان لەمەڕ دۆسیەی نەوت هەیە، دەتوانم بە تەحەداوە بڵێم لە هەموو ئەو ساڵانەدا زۆرترین سەرنجم لەوڕووە هەبووە. لەیەک کاتدا هەم قسەم لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و ئاراستەکردنی لەلایەن پارتە حوکمڕانەکانی وەک پارتی و یەکێتی هەبووە و لە هەمان کاتیشدا سەرنج و تێبینی خۆم لەسەر گوتاری نەوتاوی هێزەکانی دەرەوەی حکوومەت وەک بزووتنەوەی گۆڕان هەبووە. تەنانەت پێوەست بە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی و بەشدارییەکانیان لە دۆسیەی نەوت، پێم وانییە هیچ یەکێکی دیکە ئەوەندی من هەڵوەستەی لەسەر کردبێ، بەو بۆنەیەوە ئێستا لە پێداچوونەوەی توێژینەوە بەرفراوانەکەمدام لەبارەی (نەوت لە ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان دا) کە قسەکردن لەسەر هەموو قۆناغ و وێستگەکانی پێوەست بە نەوت لە ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە تا ئێستا دەگرێتەوە.

لێرەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکە لەو کۆمەڵە وتارە لەدووتوێی کتێبێکی نوێ دا، چاپ و بڵاو دەکەمەوە، کە بەشێکیان تەنیا لە رۆژنامەی کاغەزیدا بڵاو کراونەتەوە و دەستکەوتنەوەیان بۆ خوێنەران ئاسان نییە. ئەو کۆمەڵە وتارە، زیاتر پێوەستن بە ناکۆکییەکانی ناوخۆ و هەروەک ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یان شێوازی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی دۆسیەکە لەڕووی چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی و ئیتر. چونکە هەموو ئەو کێشانەی دۆسیەی نەوت کە لە سەرەتاوە هەبوون وەک خۆیان ماونەتەوە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە، بابەتەکانیش بەهەمان شێوە کاریگەرییان وەک رابردوو دەبێ. هەر ئەوەش هاندەرێکە بۆ چاپکردنەوەیان.

وێنەی هاوپێچ؛ وەک دەردەکەوێت پێوەندی بە نەوتەوە نەبێت، بەڵام پێش ئەوەی بە نەوتەوە خەریک بم، زیاتر لە هەر شتێک بە وێنەگرتنی سروشتەوە خەریک بووم. ئەوە ترسی بەردەوامی من بوو، نەوت سروشت و ژینگەکەمان بشێوێنی، وەک چۆن زەوق و سەلیقەی شێواندین!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی