وەرزی هەڵوەرینی حیزبەكان

04/06/2019

ئارام هادی

لەهەموو وڵاتێكدا ئۆپۆزسیۆن چەند شەقاوێك لە پێش دەسەڵاتەوەیە، بەو حوكمەی دەسەڵاتدارەكان تێوەدەگلێن لە كۆمەڵێك مەلەفی (گەندەڵی ئەمنی و ئیداری)، لێرەش بەپێچەوانەوە دەسەڵات زۆر لەپێش ئۆپۆزسیۆنە ئەمەش بۆ نەبونی پلان و كارنامەی تۆكمە دەگەڕێتەوە و لەزۆرپرسیشدا خەڵك ناتوانێ بەئاسانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لێك جودابكاتەوە، لەبەر تێڕوانینی هاوبەشیان بۆ پرسەگرنگ و چارەنوس سازەكان. 

ئێستانا بەڵكو زەمانێكە سیاسەتیان لەباشووری كوردستاندا ناشیرنكردوە و هەرچی هات تەنها باری سەرشانی سیاسەتی قورستر و پیستركرد، بەڵام نەوەی نوێ پەڕ و باڵی پێوەنەهێشت، وایكرد كە خەڵك قێزی لێ بكاتەوە و هاوكات ترسی زیاتری خستە دڵی كاندیدی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی سەرجەم حزبەكانەوە، كە زۆر زیاتر ئاگاداری خۆیان بن بەجۆرێك هەست بەترس بكەن نەكا لەماڵەكانی خۆشیاندا بكرێنە مشكی تاقیگە!!. 

هەڵوەرینی حزبەكان 
لە پرسە گرنگ و چارەنوس سازەكانی تایبەت بەم هەرێمەی خۆماندا لەوانەش (گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا. فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ بغداد. پرسی مانەوەی سوپای توركیا لە باشوری كوردستان و دەستوەردانە بەردەوامەكانی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان. ڕیفراندۆم)، كە حەتمەن هەر یەكێك لەم بڕیارە هەڵانە لێكەوتەی زۆر خراپی بەسەر خەڵكەوە جێهێشتوە و بەشێكیشیان خەتەری جدی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروستكردوە، نەمانبینی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لەبەردەم بڕیاری حزبە دەسەڵاتدارەكاندا وەك پۆڵا بچەقن و لە بڕیارە هەڵەكانیان پەشیمانیان بكەنەوە وەك ئەمەیان نەكرد، ئەركی چالاكوان و ڕێكخراوە مەدەنیەكانیان قورستركرد، بۆ ئەمەش ئەرشیفی شەقام شایەدە كە چالاكوان و ڕێكخراوە مەدەنیەكان چ ڕۆڵێكیان گێڕا و هیچ كات بێدەنگ نەبونە و بەردەوام هەوڵی دروستكردنی فشاریان لەسەر حزبە حوكمڕانەكان دروستكردوە، كە بەداخەوە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان تەنانەت هانی ئەندام و لایەنگرانی خۆشیان نەدەدا پاڵپشتی لەم هەوڵانەی شەقام بكەن كە لەلایەن چالاكوان و ڕێكخراوە مەدەنیەكانەوە سازدەدرا. 

لەلایەكیترەوە بەشی هەرە زۆری حزبەكان لە ژوورە داخراوەكاندا لە سەر پرسە هەنوكەییەكان بە باش بۆبێت یا خراپ ڕێكدەكەوتن و هەندێك جار هانی فراكسۆنەكانی خۆشیان لە پەرلەمان داوە دەنگ بە تێپەڕبونی یاسا چەوتەكان بدەن، بەڵام بۆ چەواشەكاری پەرلەمانتارەكانیان دەناردە سەرشاشەی تەلەفزیۆنەكان و پەیامی دووفاقیان بە گوێی خەڵكدا دەدات، بێ ئاگا لەوەی ئەقڵیەتی خەڵك لەپێش ئەوانەوە بوه، پاداشتی خەڵكیش بۆ ئەم جۆرە سیاسەتەی حزبەكان بایكۆتی هەڵبژاردن بو. 

پەیامی دوا هەڵبژاردن و زەنگی ترسناك بۆ هەموان.
پێشتر وتمان دەسەڵات لەپێش ئۆپۆزسیۆنەوەیە، خۆشبەختانەش ئەقڵی خەڵك لەپێش هەردوكیانەوەیە، هەرئەمەش وایكرد خەڵكی كوردستان لەدواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا پەیامێك بە گوێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا بدات و نیوەزیاتری دەنگدەرانی كوردستان نەچونە سەرسندوقی هەڵبژاردن و لەماڵەكانی خۆیاندا مانەوە، ئەم دەنگدەرانەش وەك چۆن ڕەقیبن بەسەر دەسەڵاتەوە و چاوەڕێن بزانن تاچەند كارنامەی هەڵبژاردنەكانیان لەماوەی حوكمڕانیدا جێبەجێدەكەن، ئاواش ڕەقیبن بەسەر ئۆپۆزسیۆنەوە و چاوەڕێن مۆدێلێكیتری ئۆپۆزسیۆنبون ببینن، كە دووربێت لە ژاوەژاو و بەرنامەی جیاواز لەدەسەڵاتی هەبێت بۆ چارەسەری. گەرنا دۆخەكە بەجۆرێك دەشێوێت كە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چارەسەرنەكرێت و وای لێدێت وەك پەندە كوردیەكە دەڵێت "سەگ ساحێبی خۆی نەناسێتەوە"، ئەمەش وادەكات سنورەكانی هەرێم لەئێستا واڵاتربن لەبەردەم داگیركەراندا و ئەنجامەكەشی بە خۆڵەمێشكردنی هەرێمی لێ دەكەوێتەوە.

ئارام هادی
بەشی سێ یەم و كۆتایی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی