قوربانییەکانی ڕابردوو.. گێڕانەوەی ناسنامە لەنێوان ڕیش‌و ئاڵادا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

د. کامەران محەمەد

کوردو سەلەفی لەدایکبوون!
لەسەرەتادا لاوازیی‌و حەسرەت کێشان بۆ (ڕابردوو)و (دوژمنێکی بەهێز) بوو! دوو بونەوەر کە پێدەچێت دژ دەربکەون، بەڵام لەقوڵاییدا یەک لۆژیکیان هەیە: لۆژیکی ڕوکەش، (نەبونی ئەندێشەی دامەزراوەیی)و (ڕقێکی قوڵ لەڕەخنە لەخۆگرتن).

سەلەفی ئاین ڕووکەشیانە دەبینێت: ڕیش، نیقاب، سرووتە توندەکان، بەلایەوە گرنگ نییە کە جەوهەرەکەی مردبێت. کوردیش لە ساتێکی سیاسی هاوشێوەدا، ناسنامە ڕووکەشیانە دەبینێت: جلوبەرگێکی نەریتی، ئاڵا لەسەر هەموو شەقامێک و ناوهێنانی وشەی قوربانیی و شەهیدان و ستەمدیدەیی لە بۆنە جەماوەرییەکاندا. لە کاتێکدا لە ژێر ئەم ڕووکەشییەدا، نە دامەزراوە و نە دادپەروەریی و نە پەروەردە و هیچ پڕۆژەیەکی شایانی ژیان نییە، بەڵام بەراوردکردنەکە تەنها لە ڕووکەشدا ناوەستێت؛ بەڵکو بۆ (ڕەفتار نەخۆشیی) مێژوویی درێژدەبێتەوە.

کورد و بونیادنانی دوژمن - بەرهەمهێناوەی ستەمکاریی:
کورد هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ بیرۆکەی (دوژمنی لاواز)دا بژی. چونکە هەست بە بەتاڵی دەکات، ئەگەر کەسێک نەبێت سەرکوتی بکات.

کاتێک بەغدا لاواز دەبێت، کورد دەست بە بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتەکەی دەکاتەوە. کاتێکیش ئەنقەرە لە ڕووی ئابووری یان سیاسییەوە لە کەناری ڕوخان نزیک دەبێتەوە، ئەوە کوردەکان لە پێشکەشکردنی ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوە دەستپێشخەریی دەکەن. وەک ئەوەی دوژمن (دوژمن!) نەبێت، بەڵکو مەڵبەندێکی ڕۆحی و وجودیی بێت، کە بەبێ ئەو واتاکان تەواو نابن.

ساڵی 2003 بەغدا کەوت و بەعس هەڵات. ساتێکی مێژوویی دەگمەن بوو بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی کوردیی، یان لانیکەم سیستەمێکی دامەزراوەیی بەهێز و سەربەخۆ. بەڵام بە خێرایی گەڕانەوە بۆ (باوەشی مەڵبەندەکە)، پاشماوەکانی قۆناغی پێشوویان دووبارە بەکارهێنایەوە و شەرعیەتێکی نوێیان بە ناوی (یەک نیشتمان) پێبەخشی.

جیاوازی چیە لە نێوان سەلەفییەک کە هەوڵ دەدات هەموو وردەکارییە ڕووکەشییەکانی هەزار ساڵ پێش ئێستا بەبێ جەوهەر و بەبێ ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییەکان بەرهەم بهێنێتەوە، لەگەڵ کوردێک کە بەغدا، تاران، یان ئەستەنبوڵ بەرهەم دەهێنێتەوە، هەرچەندە بارودۆخەکان بگۆڕدرێن؟ هەردووکیان خەون بە گەڕانەوەی وێنە کۆنەکەوە دەبینن، تەنانەت ئەگەر وێنەکە ئەو کەسەش بووبێت، کە دوایین جار کوشتوویەتی!

سەلەفی و دوژمنی ناوخۆ:
سەلەفی بەرگەی لادان لە مۆدێل ناگرێت. بەلایەوە بیدعە تاوانە، نوێگەرییش کوفرە. کوردیش بەرگەی بیرکردنەوە لەدەرەوەی (مۆدێلی قۆزاخەیی) ناگرێت، هەرکەسێک ڕەخنەی لێبگرێت، بەکرێگیراوە، ئەوەی داوای چاکسازیش بکات، لەدەرەوە پارەی پێدەدرێت و هەرکەسێکیش لەسەر گەندەڵی قسە بکات، ئەوا خزمەت بە (ئەجێندای گوماناوی) دەکات.

سەلەفییەک هاوسۆزی بکوژ دەبێت، ئەگەر نوێژ بکات و ڕیش درێژ بکات، کوردیش هاوسۆزی کەسێکە، کە بە چەکی کیمیاوی بۆردومان یان لەبیابانەکاندا زیندەبەچاڵی کردبێت، ئەگەر بەرژەوەندی پۆستی وەزاری یان ڕۆیشتنی تەنکەری نەوتی بۆ ئاسان بکات.

خانە زیندووەکەی ناو جەستەی سەرکوتکەر:
کورد بە پێی ئەم تێڕوانینە گاڵتەجاڕییە، وەک خانە بنەڕەتییەکانی جەستەی دەوڵەتە ستەمکارەکان وایە.

کاتێک جەستە (عەرەبی، تورکی یان فارسی)یەکان نەخۆش دەکەون یان ڕووبەڕووی هێرشی دەرەکی دەبنەوە، خانە کوردییەکان دەبنە خڕۆکە سپییەکان و بەرەنگاریی و دەستپێشخەری چارەسەرکردن و نوێبوونەوە دەکەن.

ڕێگا دروست دەکەن، هاوپەیمانی نوێ دەبەستن، دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن، بە شەرعیەتی نوێدا هەڵدەدەن، هەمیشە خۆیان (لە دەرەوەی یارییەکە) بەجێدەهێڵن، ئەوان دامەزراوە دروست ناکەن، چونکە باوەڕیان بەوە نییە کە (بتوانن) بەردەوام بن، ئەوان فەرمانڕەوایەتی خۆیان ناکەن، چونکە (بەرپرسیارێتی ڕەتدەکەنەوە).

لەهەموو ئەوانەش خراپتر؟
هەموو ئەمانە دەزانن، بەڵام (گاڵتە بە هەرکەسێک دەکەن کە بیریان بخاتەوە!)

خولی دوبارەبونەوە:
هەر سەد ساڵ جارێک کوردەکان سەردەبڕدرێن، دواتر باسی دەوڵەتداریی دەکەن، پاشان پاشەکشە دەکەن، سەرلەنوێ سەردەبڕدرێنەوە، لەهەموو خولێکیشدا، دروشمەکان جوانترن، ئاڵاکان گەورەترن، بەڵام کردار و ڕەفتارەکان هەمان شتن.

چۆن سەلەفییەک مێژوو وەک دەقێکی پیرۆز دەخوێنێتەوە و دەیەوێت نموونەکانی بگێڕێتەوە، کوردیش مێژوو دەخوێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی (لاوازترین ساتەکانی خۆی) هەڵبژێرێت، هەتا بە دڵسۆزیی دووبارەیان بکاتەوە، ئەوان لە شکست بێزار نابن، بەڵکو دەبنە (پسپۆڕ) لە دووبارە کردنەوەی وەک بەهایەکی نیشتمانی.

کورد دەتوانێت داهێنان بکات؟
دەتوانێت! کاتێک واز لەداوای لێبوردن لەناوەند بهێنێت، کاتێک دامودەزگاکانی دروست دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی نەوت بکات، کاتێک ڕەخنە لە خۆگرتن وەک فەزیلەتێک دەبینێت، کاتێک واز لە (سەلەفیزمی سیاسی) دەهێنێت و باوەڕ بەوە دەهێنێت، کە ناسنامە ڕووکەش نییە، بەڵکو بونیادنانێکی درێژخایەن‌و پڕ لەدژایەتییە.

هاوپەیمانی غەریزە:
کورد و سەلەفییەکان، لە کۆتاییدا، لە (سادە پەرستی) و (پیرۆزکردنی ڕابردوو) و (ترس لە ئازادی)دا هاوبەشن. ئەوان منداڵی چرکەساتی سۆزداریین، نەک عەقڵ و پڕۆژەکان. بەم شێوەیە سەلەفی لە چاوەڕوانی خەلافەتێکدا دەمێنێتەوە، کە هەرگیز نایەت، کوردیش لە چاوەڕوانی سەربەخۆیییەکدا کە هەرگیز نایەوێت، چونکە نازانێت چی بکات، ئەگەر بەدیهات! 

ئازادی بەرپرسیارێتییە، سەروەرێتیش پێویستی بە عەقڵی دامەزراوەیی هەیە، ناسنامەش تەنیا لە ڕێگەی (خەم)ەوە بونیاد نانرێت، بەڵکو لە ڕێگەی لێپرسینەوە و کەڵەکەبوونەوە. تا ئەم خولە نەشکێت، پێکەنینە گاڵتەجاڕییەکە دەمێنێتەوە و خوێنەکەش بە لێشاو لەبەری دەڕوات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە