خەڵک‌و دەسەڵات، بێ متمانەیی‌و لێکەوتەکانی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

چۆلی ئەسعەد

ئەو دۆخەی لە هەرێمدا دەگوزەرێت، تەنها بێ مووچەیی و قەیرانێکی ئابووری نییە، بەڵکو قەیرانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشە، کە هەموو پایەکانی متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتی لەقکردووە. کە شکانی شکۆی تاک چەقی دەرەنجامەکانیەتی. چونکە کاریگەریی دۆخی سەختی ئابووری لەسەر کەرامەتی مرۆڤ و سەختیی بژێوی ژیان ڕاستەوخۆ کەرامەت و شکۆی مرۆڤ دەکاتە ئامانج.

هەروەک دۆخەکە دەبێتە هۆی بێبەهاکردنی کار و ماندووبوون،  کاتێک فەرمانبەرێک یان مامۆستایەک دوای مانگێک لە کارکردن، مووچەکەی پێنادرێت، یان بە لێبڕینەوە وەریدەگرێت، هەست دەکات ماندووبوون و خزمەتەکەی بێ نرخە. ئەمە هەستی سەرشۆڕی و بێقیمەتی دروست دەکات. ئەمە سەرەڕای بەرهەمهێنانی نائومێدی بۆ داهاتوو، کاتێک گەنجێکی دەرچووی زانکۆ، کە هیچ هەلی کارێکی شایستەی دەستناکەوێت، یان ناچار دەبێت بە کرێیەکی زۆر کەم کاری قورس بکات، ورەی دەڕووخێت و باوەڕی بە داهاتوو نامێنێت. ئەم نائومێدییە گەورەترین گورزە لە شکۆی گەنجێک دەدرێت.

یەکێکی تر لە ڕێگا ناچارییەکان، پشتبەستنە بە خێر و قەرز، کاتێک تاک ناچار دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی (وەک کرێی خانوو، دەرمان، یان شیری منداڵەکەی) قەرز بکات یان چاوی لە دەستی خەڵک بێت، هەست بە بچووکبوونەوە و بێدەسەڵاتی دەکات.

ئەمانەش دەبن بەهۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و بێکاری دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی، جیابوونەوە، دزی و چەندین کێشەی تر. تێوەگلانی تاک لەم کێشانەدا، شکۆی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی دادەڕمێنێت.

هەروەها بابەتی کۆچکردن دێتە پێشەوە وەک تاکە ڕێگاچارە، زۆر کەس، بەتایبەت گەنجان و خاوەن بڕوانامەکان، ناچار دەبن ڕوو لە هەندەران بکەن و ڕێگای مەترسیدار بگرنەبەر. ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی بێهیواییە لە نیشتمان و دەسەڵاتەکەی، لە هەمانکاتدا شکۆشکاندنە کە مرۆڤ ناچار بێت خاکەکەی خۆی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژی.

بێباکی دەسەڵات لەم نێوەندەدا دێتە پێشەوە و لە خوێندنەوەی بۆ دۆخەکە هاوڵاتی هەست دەکات کێشەکان تەنها بەهۆی نەبوونی داهاتەوە نییە، بەڵکو بەهۆی "بێباکی" و "خەمساردی" دەسەڵاتەوەیە، چونکە هەست بە پشتگوێخستن دەکات، کاتێک هاوڵاتی دەبینێت دەسەڵاتداران و بەرپرسان لە ژیانێکی شاهانەدا دەژین و کێشە ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەری نییە، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی بە دەست نەبوونییەوە دەناڵێنن، هەستێکی قووڵی جیاکاری و ستەملێکراوی لا دروست دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی متمانە، چونکە دەسەڵات بێ بەڵێن بووە و بەردەوام چارەسەری کێشەکانی دواخستووە، وایکردووە هاوڵاتی هیچ متمانەیەکی بە دەسەڵات و دامەزراوەکانی نەمێنێت. کاتێک متمانە نەما، پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات دەبێتە پەیوەندییەکی دوژمنکارانە.

یەکێکیتر لە هۆکارەکان، سەرقاڵبوونە بە ململانێی حیزبی، لە کاتێکدا خەڵک چاوەڕێی چارەسەری قەیرانەکانە، دەبینێت هێزە سیاسییەکان سەرقاڵی ململانێی نێوخۆیی و پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبی و شەخسییەکانیانن. ئەمە وا لە تاک دەکات هەست بکات کە ئەو و ژیانی هیچ بایەخێکیان لای سیاسییەکان نییە.

ئینجا دێینە سەر کێشەی نەوت و داهاتەکان، بەکارهێنانی بژێوی خەڵک وەک کارتی فشار، بابەتی ڕادەستنەکردنی نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی بە بەغدا، بووەتە خاڵی سەرەکیی ململانێی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەڵام قوربانیی یەکەم و کۆتایی هاوڵاتییانی هەرێمن.

حەڵک کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە، هاوڵاتیی کورد خۆی لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا دەبینێتەوە، کە هەرێم بە بیانووی پاراستنی "قەوارەی هەرێم" و "مافە دەستوورییەکان"، ئامادە نییە پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، حکومەتی بەغداش کە مووچە و بودجە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت. ئەمەش لە کاتێک دایە، نەبوونی شەفافیەت لە داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم، گومانێکی گەورەی لای هاوڵاتی دروستکردووە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەگەر داهات هەیە، بۆچی بۆ خەڵک خەرج ناکرێت؟ و ئەگەر نییە، بۆچی ڕێککەوتنێکی شەفاف لەگەڵ بەغدا ناکرێت بۆ دابینکردنی بودجە و مووچە؟

ئەمانە ئەبن بەهۆی بێبەهاکردنی قەوارەی هەرێم، کاتێک قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ناتوانێت سەرەتاییترین مافی هاوڵاتییەکانی، کە مووچە و ژیانێکی شایستەیە، دابین بکات، خودی ئەم قەوارەیە لەبەرچاوی تاکەکانیدا بێبایەخ دەبێت. شکۆی تاک بەندە بە شکۆی ئەو سیستمە سیاسییەی کە تێیدا دەژی.

لە ئەنجامیشدا، لە شکۆی نەتەوەییەوە بۆ خەمی نان
ئەنجامی کۆی ئەم کێشانەیە، گۆڕانکارییەکی مەترسیدارە لە هزری تاکی کورددا، کاتێک تاکی کورد سەرقاڵی دابینکردنی نانی ڕۆژانەیەتی و هەست بە سوکایەتی دەکات، چیتر بیری نەتەوەیی و خەمی "دەوڵەتی کوردی" و "سەربەخۆیی" لەلای نامێنێت. خەمی سەرەکی دەبێتە "خەمی سک". لێرەشەوە گەنجی کورد لە خۆی دەپرسێت: شانازی بە چییەوە بکەم؟ بە نیشتمانێک کە ناتوانێت ژیانێکی شایستەم بۆ دابین بکات؟ یان بە دەسەڵاتێک کە پشتگوێی خستووم؟

چارەسەر چییە؟ چارەسەر پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە، کە خۆی لە شەفافیەت و حوکمڕانیی باشدا دەبینێتەوە، دەبێت دەسەڵات بە شێوەیەکی شەفاف داهات و خەرجییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکات و دانانی بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی هەموو شتێکەوە، پێویستە هێزە سیاسییەکان لە دۆخێکی وادا دەستبەرداری ململانێی حیزبی وردبن و بەرژەوەندیی هاوڵاتییان بکەنە پێشینە، ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و شەفاف لەگەڵ بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەت پرسی نەوت و بودجە، کە کلیلی سەقامگیریی ئابوورییە. لە پاڵ ئەمانەشدا، فرەچەشنکردنی ئابووری لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و پیشەسازی.

تا ئەم هەنگاوە بنەڕەتییانە نەنرێن، برینی سەر شکۆی تاکی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و دوور نییە لێکەوتەی زۆر مەترسیداری کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێبکەوێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی