هەولێرێکی دیکە لە باڵەخانەی پەرلەمانەوە

24/06/2019

رێبین فه‌تاح


نهۆمی سەرووی باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان، ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ڕووبەرێکی گەورەی سەوزایی، لەپشتییەوە هەولێرێکی دیکە دەست پێدەکات. سنوورێکی بەرفرەوانتر لە پارکە گەورەکە، ژیانی هەولێرەکەی ئێمە و هەولێرەکەی ئەوان جیا دەکاتەوە.

هەموومان هەست بە جیاوازییە زەق و ئاشکراکە دەکەین، باڵەخانە بەرز و ڤێللاکان، شەقامە ڕەش و بێ تاسەکان، سەوزایی زۆر... بەڵام زیاتر لەو جیاوازییانە هەن، باری ئابووری، پیشە، پەیوەندی و سروشتی کۆمەڵایەتی، تا بەشداریی لە دروستکردنی بڕیاردا.

ئەوانەی لە هەولێرە نوێیەکەدا دەژین، هەمان ئەو کارەکتەر، خێزان و بنەماڵانەن بڕیار لەسەر ئێستە و داهاتوو، ورد و درشتی ژیانی ئێمە دەدەن.

تەنانەت دامەزراوەکانی دروستکردنی بڕیاریش هەر لەنزیک و لەناو هەولێرە نوێیەکەدان. کاتێک لە هەولێرەکەی خۆمانەوە ڕوو لە هەولێرەکەی ئەوان دێین، یەکەم دامەزراوە تووشی دەبین، دامەزراوە ئەمنی و پۆلیسییەکانە، وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش. لە هەولێرەکەی ئێمەدا بەربڵاوترین و گەورەترین دامەزراوەی دەوڵەت، بنکەکانی پۆلیس و ئاسایشە.

هەرچەند بەرپرسانی شار ئەو جیاوازیکردنە ڕەت دەکەنەوە، دەڵێن هاوسەنگی ڕەچاو دەکەن، بۆنموونە زیندانی گەورەی شاریان لەلای ئێمە دروستکرد و باڵەخانەی پارێزگایشیان بۆ نزیک خۆیان گواستەوە. سەنتەر و بنکەکانی ڕاهێنانی هێزە سەربازییەکانیان لای ئێمە و پارک و باخچە گەورەکان، ناوەندە گەورە و نێودەوڵەتییەکانی پەروەردە و خوێندنیش بۆ ئەوان.

لە شاشەی ئەو تیڤییانەی بە نەوت ئیش دەکەن و تا ژینگەی بینین و بیستنمان پیس دەکەن، تەنیا ئەو هەولێرە دەبینرێت و پیشان دەدرێت، دانیشتووانی شار و دەڤەرە دوور دەستەکان، بە هەڵە تێدەگەن و وا دەزانن ئەوە هەولێرەکەی ئێمەیە، ئەوان نازانن هەولێرییەکانیش هەر تەنیا لە شاشەی تیڤییەکاندا، ئەو هەولێرە دەبینن و بە خەیاڵ تێیدا دەژین.

رێبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی