زۆنی سەوز و سیاسەتکاری بەرەیی

25/06/2019

هونەر تۆفیق

جیاوازی سروشت و پێکهاتەی حیزب لەنێوان هەردوو زۆنی سەوز و زەرددا ٫ جۆری هێزی و نفوزی پارتەکانیش دیاری دەکات ۰
لەزۆنی زەرد بەدیاریکراوی پێکهاتەی پارتی باڵادەست تیایدا ٫ پەیوەستە بەو فیدراسیۆنەی هۆزەکان (اتحاد قبائل) کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی نوێنەرایەتی دەکات و فیدراسیۆنەکە پێکهاتەی ئەو هۆزانەیە کە لەژێر چەتری بارزانیدا کۆبونەتەوە ۰ نوێنەرایەتیەکانی هۆزەکانیش لە حکومەت و پارلەماندا لە بەشی پارتی ٫ بە روونی دەبینرێت ۰ بۆیە هەر ململانێ و ناکۆکیەکیش لەگەڵ پارتیدا ؍ لەدەرەوەی ئەو فیدراسیۆنەوەبێت ٫ براوەنابێت ٫ بەڵکە فیدراسیۆنی هۆزەکان توندتر دەکات و پارتی پێ بەهێزتردەبێت ۰ هیچ هێزێک نابێتە مەترسی ڕاستەقینە بۆ پارتی مەترسی لێکترازان یان بەریەک کەوتنی هۆزەکانی ناو ئەو فیدراسیۆنە نەبێت ۰ ئەمەش نهێنی تۆکمەیی پارتی یە کە حیزبەکانی دیکەی هەرێم لێ ی تێناگەن ۰

بەڵام پێکهاتەی زۆنی سەوز جیاوازە لە رووە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەیەوە ۰ سر وشتی ئەو بەشەی هەرێم گەرچی هاوشێوەی زۆنی زەرد پێکهاتەی هۆز هێشتا زاڵە بەسەر دیدی سیاسی کۆمەڵگەدا ٫ بەڵام لەبری یەکێتی نێوان هۆزەکان و کۆبوونەوەیان لەژێر چەتری هۆزێک یان پارتێکدا لەزۆنی سەوزدا فکری بەرەیی (جەبهەوی - front) زاڵە بەسەر ئەو پێکهاتەیەدا ۰ هەر حیزبێک توانای کاری جەبهەوی لەو دەڤەرەدا نەبووبێت ٫ کۆتاییەکەی پەراوێزخستنی بووە لەلایەن خەڵکەکەیەوە ۰ سەرەتای یەکێتی نیشتمانی کە وەک حیزبێکی بەرەیی دەستی پێکردووە ۰لە راستی کوردەوە تا چەپی کوردی بەشداری بووە ۰ ئەو حیزبە پڕ نفوزترین هێزی سیاسی زۆنەکەبووە کە بەرەنگە سەوزەکەشیدا دەناسرێتەوە۰ لەگەڵ پشتکردنە کاری جەبهەوی ئەو حیزبە ٫ دووچاری شکستی سیاسی و دابرانی گەورەی ناو خەڵکیش بوو ۰

هەر هێزێکی سیاسی لە زۆنی سەوزدا بروای بەکاری بەرەیی فیکری و سیاسی نەبێت ناتوانێت لەو زۆنەدا هەڵبکات ۰ ئەوەش گرفتی زۆربەی پارتەکانی زۆنی سەوزە کە توانای تێگەیشتن و هەڵکردنیان لەناو خەڵکدا نەماوە ۰

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی