تورکیا بەدوای چی دا ئەگەڕێت

28/06/2019

مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د


زۆر پێویستە بزانین کە تورکیا بەدوای چیدا ئەگەڕێت، بەتایبەت کە جموجۆڵە سەربازیەکانی تورکیا بەمەبەست خەڵکی سڤیل ئەکەنە ئامانج.

یەکەم: 
تورکیا لە ئێستادا،  ووڵاتێکی پەراوێزخراوە، لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی، لە هاوکێشە و ئاڵوگۆرە سیاسیەکانی ناوچەکە، رۆڵی تورکیا ڕۆڵێکی پەراوێز خراوە، بەرونی لە سیاسەتی ئەمریکا ئەورپا ئەبینرێت، ئەمە تورکیای خستۆتە دۆخێک وەک گایەکی هار مامەڵە ئەکات.
نزیکەی بۆ سێ ساڵ ئەچێت، پەیوەندیەکی گەرموگوڕی سیاسی کە لە چوار چێوەی نەخشە ڕێگایی ستراتیجی جێکەوت بێت لە نێوان ئەمریکا _ تورکیا روینەداوە، دوای سەردانی جۆبایدن جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا، لە 2016  نیازەکانی تورکیا  ئاشکرابون، دواتر  پلە بە پلەی پەراوێزخستن رویدا، لەو سەردانە دا جۆبایدن ئیدانەی هەڵوێستی حکومەتی تورکیای کرد، لە دەربارەی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ،  لە ئاماژەیەکی قوڵدا  گوتی [ رەنگە دەرفەتەکان بەفیرۆ بچن] کەواتە تورکیا لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتان و ناوچەی بەدوای پێگەیەک دا ئەگەرێت. 

دووەم: 
ئێستا تورکیا لە سوریا و عێراق لە سێ ئاست پێشێلکاری گەورە ئەکات.
یەکەمیان کوشتن و جینۆسایدی خەڵکی سڤیڵ. 
دووەمیان تێپەراندنی  سنورەکان و بنپێ خستنی سەروەری دوو ووڵاتە.  
سێیەمیان دەستێوەردانە لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ و دزینی سامانەکەیانە، ئەوەش ئایندەی دەخاتە بەردەم تەگەری زۆر گەورە.  

تورکیا دەیەوێت  بە داگیرکردنی باشور و رۆژئاڤای کوردستان بگەرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان و بێ دەسکەوت نەبێت، ئەویش دوای ئەوەی داگیرکاری ئەنجام ئەدات، پێیوایە هیچ  دەوڵەتکی دیکە ئامادە نیە لە بەر خاتری عێراق و سوریا کێشە لە گەڵ تورکیا دروست بکات، سەدامیش لە کاتی داگیرکردنی کوێت هەمان بڕوای هەبو. 

 هەروەها تورکیا دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەشێوەیەکی بەردەوام لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی کەمپینی (ئالایەتی موسڵ بەشێکی دانەبڕاوە لە تورکیایی) بەرێوەبردوە،  ئەوەش لە زهنەتی دەوڵەتی تورکیا ناسڕدرێتەوە، تا بمێنێت. 
 تورکیا لە سەر ئەو بنەمایە درێژە بە داگیرکاریەکەی ئەدات، دەیەوێت لە رێگای بۆردومانی خەڵکی سڤیل ئەو پەیامە بگەینێت و ڕای گشتی عێراقی و جیهانی  هەڵسەنگێنێت، ئاخۆ ئەکرێت سنوری داگیر کاریەکانی تا کوێ بباتە پێشەوە، تا ئێستا بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، ئەمریکا و عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان و هەموو لایەک بێ دەنگیان هەڵبژاردوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، رۆژێک جڵەوی دەسەڵات دارانی تورکیا ئەکرێت،  واوەیلا لەو رۆژەی کە فرینی تورکیا لە کایەیی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا  قەدەغە ئەکرێت، سەربازانی تورک توشی چ دۆخێک ئەبنەوە.!
سێیەم : 
تورکیا و پەکەکە،  بەهۆی بێ ئاگایی بیت، یاخود بەهەر هۆیەکی دیکە، هەندێک پێیان وایە هاتنی تورکیا  بۆ هەبوونی پەکەکە ئەگەرێتەوە،  ئەو  سیاسیانە، یان بێ ئاگان، یان ئاگاداری ستراتیجیەتی  تورکیا نین، یان دەیانەوێت خۆیان و گەلیش بگەوجێنن،  ئایا ئەوان نازانن کە لە باشیک و جەرابلس و ئیدلب  یەک پەکەکەی لێنیە، بەڵام تورکیا بەهێزی زۆر ئامادەییە ؟! 

ئاشکرایە پەکەکە  کێشەکە نیە، بەڵکو بیانوەکەیە، تورکیا ئەیەوێت بەو بیانوە بێتە ناوەوە،  و دەسکەوت بچنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەبێت تورکیا هەردێت، بۆ بیرهێنانەوە لە نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکانیش تا بەمرۆ ئەگات، تورکیا هەمیشە هەرەشەی داگیرکاری کردوە، بەبیانوی پاراستنی تورکمان،  تورکیا نایەوێت ئاشتی لە گەڵ کورد بکات،  کاتێک لە 2015 بە بیانوی کوشتنی دوو پۆلیس پرۆسەی ئاشتی لە گەڵ کورد و پەکەکە تێکدا،  ئەردوگان ستراتیجیەتی داگیر کاری دامەزاندبو، تورکیا نەی ئەتوانی لە دۆخی ئاشتی بیانوو پەیدا بکات و پشتگیری داعش بکات،  بۆ بێ لایەنکردنی تورکیا لەو رەوشە نوێیە، عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە تا ئاستی دانانی چەک دەستی ئاشتیان بۆ دەوڵەت درێژ کردبو، لە رێکەوتنی دۆڵمە باخچە. 
کەواتە ئێستا  ئاشکرایە، سەدان بەڵگە هەنە نیشانی ئەدەن، تورکیا هەم لە ناوەی هەرێم هەیە و دەیەوێت ئامادەیەکەی  بگۆرێت بۆ ئامادەیی سەربازی، ئەوەش هەنگاوێکە، سەرناکەوێت. 
 
بەڵام ئەوەی سەیرە، مرۆڤ ناتوانێت لە گەڵ بانگەشەکانیان بۆ کوردایەتی پێکەوەی ببەستێتەوە، بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی ئەو تایپە بڕیار بەدەستەی  هەرێمی کوردستانە، بۆ دەوڵەتێکی داگیر کەر، کە دەشزانن، هاتنی تورکیا واتای دۆڕانی  یەکجاریانە لە هەموو روێک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی