ترەمپ و تاران لە چاوەڕوانی دوو بژاردەدا

02/07/2019

هێرش عبدالرەحمان


ھێرش عبدولرەحمان 

 ‏لەفەرهەنگی سیاسی پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكادا بۆچوونێك هەیە، پێیوایە هەركاتێك پارتی كۆمارییەكان لەوە دڵنیابوون خوولی دووەمی سەرۆكایەتی وڵاتەكە نابەنەوە ئەوا بەدوای شەڕێكدا دەگەڕێن تا لەپەنای ئەمەدا  بردنەوەی هەڵبژاردن مسۆگەر بكەن. ئەگەر ڕێژەیەك ڕاستی لەمەدا هەبێت و هەڵبژاردنەكانی پێشووتر پشت ڕاستی ئەم بۆچوونەیان كردبێتەوە، ئەوا ئەم خولەی هەڵبژاردنەكان تەواو  جیاواز دەبێت لەوانەی پێشوو. هەرچەند مەحاڵ لەسیاسەتدا نییە، بەڵام هیچ لۆژیكێك لەوەدا نابینرێت شەڕی ئێران فاكتەرێكبێت تا لەم ڕێگەیەوە دۆناڵد ترامپ بردنەوەی دووەمی سەرۆكایەتی بەبێ هیچ ئاڵنگارییەك مسۆگەر بكات. ترامپ لە چەند ڕویەكەوە كەسێكی جیاواز و پڕ كێشەیە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەكەی و چ لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا، تائێستا نەك نەیتوانیووە بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی ڕابردوو جێبەجێ بكات، بەڵكو ئەو كارانەی ئەنجامیشیداوە بوونەتە مایەی ڕەخنەی زۆر و زیانی گەورەیان لەپێگە جەماوەرییەكەی داوە. هەرچەند هەندێك لەبەڵێنەكانی ترامپ ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەژیان و ئایندەی دەنگدەرەوە بەڵام جێبەجێ نەكراون، هەربۆیە ئەم ساڵەی لەبەردەمی ترامپدا ماوە ئەوپەڕی هەوڵ دەدات و زۆرترین وزە بۆ جێبەجێكردنیان تەرخان بكات.

 ‏بەپێی ئەو واقیعەی هەیە، بەپێی ئامار و میدیای ئەمریكا بێت ئێستا ئاستی جەماوەری ترامپ  لەناوخۆدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت. ئەو ڕاپرسییانەی ڕۆژانە دەكرێن هیچیان ئاماژەی ڕونییان تێدا نییە كە لە بەرژەوەندی ئەم سەرۆكەدا بن. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەندێك كەیس زیانی زۆریان لە ترەمپ دا. یەكێك لە دیارترن ئەو كەیسانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا مشتومڕێكی زۆری لێكەوتەوە و لە بەرژەوەندیی ترەمپدا نەبوو مەسەلەی داخستنی تەواوی حكومەتی فیدراڵ بوو بۆ ماوەی مانگێك. ئەم بابەتە لەچەند لایەنێكەوە و بەتایبەت لەسەر ئاستی حكومی زیانی گەورەی بەترامپ گەیاند، چونكە بە زەقی بووە هۆی ئەوەی متمانەی تەواوی كارمەندانی حكومەتی فیدراڵی لە هەموو پۆستە جیاوازەكاندا لە دەست بدات. هەروەها لە مەسەلەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتدا بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، بۆ نموونە وەك  تاوانباركردن و تێوەگلانی كەسە باوەڕپێكراوەكانی ترامپ لە مەلەفی وەرگرتنی پارە و دانیشتن لەگەڵ ڕووسەكان لەدیارترن ئەو مەلەفانەن كە زۆرترین قسەیان لەسەر كراوە. ئەم سیاسەتە هەڵە و پڕ لە كەموكورتی و تەسك بینانەی كۆمارییەكان و ترامپ هۆكاری سەرەكی بوون كە وایكرد لەو هەڵبژاردنانەی بە مێد تیرم ناسراون دەنگدەر، لە جیاتی ترامپ و حزبەكەی، متمانە بداتەوە بە دیموكراتەكان و لە كۆنگرێس ببنەوە بە زۆرینە. ئەم شكستە پەیامێكی ڕوونبوو بۆ ترەمپ و ناچاریكرد بۆ هەر هەنگاوێكی گەورە پێویستی بە ئۆكەی و ڕەزامەندیی دیموكراتەكان بێت.

‏  هەرچی پەیوەندیی بە بابەتی ئێران و ئەمریكاوە هەیە، كە بەتایبەت لەم ماوەیەی رابردوودا قسەو باسی زۆری لەبارەوە كرا، ئاماژەكان پێمان دەڵێن ئێستا سەرەڕای ئەوەی گرژییەكانی هەردوولا بەردەوامە بەڵام ڕیتمی ڕووداوەكان بە هێواشی ڕێ دەكات. ئەم خاوبوونەوەیە كەچاوەڕوانی ئەوەی لێناكرێت بەریەككەوتن ڕوبدات، واشنتۆن و تارانی خستووەتە حاڵەتێكەوە كە سەرقاڵی بەرێكردنی كات بن. هەرچی پەیوەندیی بە  ئێرانەوە هەبێت، ئەوا تاران هەموو هێلكەكانی خستووەتە سەبەتەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریكاوە و ئومێدێكی گەورەی هەڵچنیووە لەسەر دەرنەچوونەوەی ترامپ. كاربەدەستان و ئاغاكانی ئەو وڵاتە شەو و رۆژ، دەستەو نەزەر خەریكی نزا و پاڕانەوەن بۆ دەرنەچوونەوەی ترەمپ ، هەروەك چۆن ترەمپیش چاوەڕانە ئێران لە ژێر ئەو هەموو سزا ئابووریانەی سەپاندویەتی ئەوا ئەو وڵاتە ناچار بكات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە و وەك پێشبینی دەكرێت هیچ لەو دوو بژاردەیە بەم زوانە ڕوونادەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی