لەجیاتی پیرۆزبایی

11/07/2019

مستەفا شێخ محەمەد

رۆژی 10ی حوزەیران، كاتێك نێچیرڤان بارزانی سەرقاڵی سوێند خواردن بوو، مەولود چاوش ئۆغڵۆش لە هەولێر بوو، فرۆكەكانی توركیا بۆردومانی كوردستانیان كرد. 

ئەمرۆش 10 ی تەموز  كاتێك مەسرور بارزانی و جێگر و وەزیرەكان سوێندیان ئەخوارد، ئێران بۆردومانی كوردستانی كرد، ئەم دوو كارەیی ئێران و توركیا، زۆر راشكاون، سەبارەت بە كێشەی كورد، نەك حكومەتی هەرێم بەتەنیا. 

كاتێك من گوێم لە گوتاری كابینەی نۆیەم بوو،  هیچ زەمەنێك بۆ چارەسەری هیچ كێشەیەك دیاری نەكرا، هەروەها هیچ میكانیزمێكیش باسی لێوە نەكرا.

باشترین دوو دەستەواژەی ناو گوتارەكە، رەتكردنەوەی  تێرامانی سەرۆكی پێشووی حكومەت لە لایەن سەرۆكی نوێی حكومەت سەبارەت بەگەندەڵی، یەكەمیان پێی وابوو، كە "گەندەڵی بۆتە كەلتور" بەڵام دوەمیان" پێیوایە بەربڵاوە بەڵام نەبۆتە كەلتور".  

هەروەها سەبارەت بەحزبایەتی لە ناو حكومەت، سەرۆكی حكومەت دەڵێت هیچ وەزیرێك بۆی نیە، حزبیانە رەفتار بكات. 
بەگشتی گوتارێكی دارێژراوی  پڕ لە بەڵێنی چارەسەری كێشەكان بوو. 

جیاوازیەكە چیە؟ كاتێك سەرۆكی ئەمریكا دەر دەچێت بەڵێنەكانی ئەكاتە كردار، بەهەمان شێوە  كاتێك محەمەد بن سەلمان پۆستەكەی وەرگرت، پرۆژەكانی خستە بواری جێبەجێكردن، بەڵام  بەڵێنی حكومەتەكەی ئێمە بۆ چارەسەری قەیرانەكانە، نەك بەرەوپێش بردنی كەرتە جیاوازەكان. 

"ئێمە حكومەتێك  وەردەگرین، كە چەندین ملیار دۆلار قەرزی لەسەر شانە" مەسرور بارزانی وایگوت.

ئەم ووتەیە دەرخەری ئەوەیە، ئەو هەرێمە لە ناو قەیرانهای بەردەوام دایە، بەڵام ئەگەر   بتوانێت، لانی كەم كێشەی  چەتەگەری بازاڕ و كەمكردنەوەی بەحزبی كردن جێبەجێبكرێت دۆخەكە بەرەو باشتر ئەسورێت. 

یەكێكی دیكە لە ئاڵانگاریەكانی پێش ئەو حكومەتە، خواستە داگیركاریەكانی توركیایە، كە ئەگەری شەرێكی نوێ دێنێتە پێشەوە. 

جیا لەوانەش پێویستە هیوادار بین،  كە ئەم حكومەتە باشتر ئەبێت لە چاو كابینەكەی پێشخۆی، كەمال چۆمانی گوتەنی "لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، ئەو كابینەیە بە هەمو پێوەرێك لە كابینەكەی پێشوتر باشتر دەبێت، نەك لەبەرئەوەی كابینەیەكی باش دەبێت، بەڵكو لەبەرئەوەی خراپترین كابینە لە مێژوی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا، تەنانەت لە مێژوی ناوچەكەشدا، كابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانیی بوە".

گریمانە، ئەگەر حكومەت بیەوێت هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنێت، ئایا سەدان پرۆژە ئامادە نین كە بە تێچونی كەم، كار و بەرهەمی زۆری دەبێت، بەتایبەت لە سەر ئەو پرسە، جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی بەڵێنی زۆرتری داوە، بەڵام ئایا دواتر چی ڕو ئەدات؟ 

بەشێكی زۆری خەڵك خەریكی پیرۆزبای نوسینن، بەشێكی كەمیشیان چاوەرێی ئەوە ئەكەن، لە دوو سێ مانگی داهاتوو چی رودەدات، بەشی زۆری خەڵكیش هیچ جیاوازیەك نابینن، كە ئەو كابینە جیاواز بكاتەوە، منیش لە جیاتی پیرۆزبای ئەو دێرانەم نوسین، كە بەشێكی زۆر كەمە، لە دەیان كێشەی زۆر، كە بێ گومان ئەو كابینەیە ناتوانێت هەموویان یان بەشێكی زۆریان چارەسەر بكات، بەڵام ڕاستیش نیە كە بڵێین هیچ ناكرێت، ئەگەر  مەبەستێكی باش هەبێت.

مستەفا شێخ محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی