پیادەڕەوەكان لەدۆخێكی مەترسیداردان

06/08/2019

بەختیار محمد+كاروان محمد

ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ ژمارەیەكی زۆر بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن، ئەگەر جیاوازی بكرێت لەنێوان بەكارهێنەرانی شەقام لە (شۆفێر و پیادە و سەرنشین) هەمیشە پلەی یەك لە قوربانی رووداوەكان سەرنشینەكانن وە پلەی دوو پیادەكانن دواتر شۆفێرانن. لەساڵی 2018 لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی (218) هاوڵاتی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست داوە كە لەم ژمارەیە (153) سەرنشین بووە (67) پیادەڕەو بووە (4) شۆفێر بووە.

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019 لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی (75) كەس گیانی لەدەست داوە كە (41) كەس سەرنشین بووە (24) پیادەكان بوون (10) شۆفێران بوون. هەمیشە ریزبەندی گیان لەدەست دانی پیادەكان لە پلەی دووەم بووە و بەردەوام ژمارەیەكی بەرز و مەترسیدارە بووە.

یاسای هاتووچۆی ژمارە (86) ساڵی 2004 لە چەند بەشێك باس لە پیادەڕەوەكان دەكات. لەبەشی (25) یاساكە باس لە سزادانی ئەو شۆفێرانە دەكات لە پیادەكان دەشێلن لەسەر هێڵی پەرینەوە یاخود لەدەرەوەی هێڵی پەرینەوە باس لە هەڵسوكەوتی شۆفێر دەكات لەكاتی رووداوەكە بە یارمەتیدانی قوربانیەكە یاخود بەجێ‌ هێشتن و هەڵهاتن دوای رووداوەكە وە هەندێ‌ باسی یاسایی تر.

بەشی (17) لە یاساكە باس لە پێشڕەویەكانی هاتووچۆ دەكات لەیەكێك لە خاڵەكان باسی ئەوە دەكات و دەڵێت پێشڕەوی بۆ پیادەكانە كاتێك كە پێ‌ دەخەنەسەر هێڵی پەرینەوە و دەیانەوێت بپەڕنەوە واتە لەم كاتەدا پێویستە شۆفێر بوەستێت و یارمەتی پیادەكە بدات.

بڕیاری ژمارە( 79 ) ی ئەنجومەنی وەزیران لە 27/2/2019 لە خشتەی ژمارە (2) خشتەی سزاكانی هاتووچۆ بڕگەی (14) دەڵێت هەر شۆفێرێك لەسەر هێڵی پەڕینەوە یارمەتی پیادەكان پێویستە ئەو شۆفێرە بەبڕی (30.000) دینار سزا بدرێت.

جا قسەكە لێرەدا ئەوەیە لەساتی دەرچوونی ئەم (یاسایە) تاوەكو ئەم كاتە ئەم بڕگانە بە ئەندازەی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆ جێ‌ بەجێ‌ نەكراوە و پشت گوێ‌ خراوە، بۆیە كاری بەڕێزانە لە داواكاری گشتی و دەستە و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كەلێپرسینەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ هۆكارەكانی باش جێ‌ بەجێ‌ نەكردنی ئەم یاسایە. پێویستە ئەو راستیەش باس بكرێت كە درك بەكەم تەرخەمی بەرچاو دەكرێت لە جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەم پرسە هەستیارەكە پەیوەستە بە سەلامەتی پیادەڕەوەكان و خاڵێكی كەموكوڕییەكانی ئەم یاسایەش ئەوەیە كە ناچاری پیادە نەكراوە كە شوێنی پەڕینەوە بەكاربهێنێت بۆ پەڕینەوە.

كاتی ئەوە هاتووە كە شێوازی كاركردن لەدام و دەزگاكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و بەشێوازی زانستی لێكۆڵینەوە لە داتا و ئامارەكانی قوربانیەكانی هاتووچۆ بكرێت وە دۆزینەوەی خاڵی لاواز لە هۆكاری هەڵكشانی قوربانیانی رووداوەكانی هاتووچۆ.

وە بەرپرسیارێتی لە هۆكاری دروست بوونی رووداوەكانی هاتووچۆ تەنها (شۆفێر) نیە، نابێت كاتێك كە ئاماری قوربانیەكانی هاتووچۆ روو لە دابەزین بكات. وەك سەروەریەك بۆ خۆمانی تۆمار بكەین وە كاتێكیش كە قوربانی رووداوە هاتووچۆ ڕوو لەزیاد بوون بكات بە دیاردەیەكی جیهانی ئەژماری بكەین و بەرپرسیارێتی سەرەتاو كۆتایی بخەینە ئەستۆی (شۆفێران).
مقدمی هاتووچۆ / بەختیار محمد عبدللە
رائیدی هاتوچۆ / كاروان محمد صدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی