"های" و "بای"

56 خولەک پێش ئێستا

محەمەدعەلی دەستماڵی



ئاسان نییە چاو لە تەلەڤیزیۆنێکی کوردی بکەیت و بتوانیت لەبەرامبەر دەیان هەڵەی سەیر و سەمەردا تووڕە نەبیت.
دوێنێ دووای ماوەیکی درێژ، بە ڕێکەوت چاوم لە تەلەڤیزیۆنێک کرد کە خۆی بە یەکەی بێ ڕکابەر دەناسێ. لەو ساتەدا، ڕێکلامی ماددەی جوانیسازی و ماکیاژ دەکرا... کچە مۆدێلێلک هاتە بەر کامێرا...پرسیار کرا: بانوو پێستت بۆ ئەوندە جوان و خاوێنە؟ وەڵامەکەی ئاوەها بوو: های! (واتا سڵاو) ئەوە من فڵانە ماددەی ماکیاژ بەکاردێنم بۆیە پێستم ئەوندە جوانە. ئینجا لە جیاتی ماڵاوایی فەرمووی: بای!
تووشی شۆک بووم بەڕاستی. پرسیارم ئەمەیە: هەر بەڕاست، ئەو کاناڵە، بەرپرسیاری تایبەتی نییە بۆ لێکدانەوەی چاندی و زمانی و کۆمەڵایەتی ڕێکلامەکان؟ بەس پارە بدرێ، هەموو جۆرە زمان و وشەیەک بەکار دێ؟ ئایا شوناسی کوردیی ئێمە هیچ جۆرە سنوورێکی تایبەتی نییە؟ ئایا لایف ستایل یان شێوازی ژیانی ئێمە، بە هیچ جۆرێک کاریگەری لەسەر هزر و بڕواکانی ئێمە دانانێ؟ کاکی من! گریمان خاوەنی ئەو ئاژانسی ڕێکلامە پەنجا هەزار دۆلاری بە کاناڵکەت دابێ... نەخێر...گریمان یەک میلیۆن دۆلاری دابێ. ئایا نابێ کۆنتڕۆڵی زمان و ناوەرۆک و زاراوەو چاند و مەبەستی ئەو ڕێکلامە بکرێت؟
خاڵی سەرەکی ڕەخنەکەم، تەنها بەکارهێنانی دوو وشەی ئینگلیزی نییە؛ مەسەلەکە بەرپرسیارێتی کولتووری دەزگایەکی ڕاگەیاندنی کوردییە بەرامبەر بە زمانی کوردی. پرسیارەکە ئاراستەی سیاسەتی زمان و بەرپرسیارێتی پیشەیی تۆڕی ڕووداو و میدیاکانیتر دەکرێ. پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان بەکارهێنانی سروشتی وشە بێگانەییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا و ئاساییکردنەوەی ناڕەوایان لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە بەو شێوەیە دەستڕاگەیشتنێکی هەبێت.
ڕەنگە ئەم ڕووداوە بۆ هەندێک کەس بچووک و بێ بایەخ دەرکەوێت؛ ڕەنگە وەک نیشانەی ژیانی مۆدێرن و پەیوەندی جیهانی و هێنانە ناوەوەی وشەسازی نێودەوڵەتی بۆ زمانی ڕۆژانە سەیری بکەن. بەڵام پرسیاری من ئەوەیە: بۆچی لە ڕیکلامێکی تەواو کوردیدا دوو وشەی ئینگلیزی بۆ سڵاو و ماڵئاواییکردن بەکاربهێنرێت؟ ئایا زمانی کوردی وشەی تایبەتی خۆی نییە بۆ دەستپێکردن و کۆتایی هێنان بە گفتوگۆیەکی سادە؟ مەسەلەکە دژایەتیکردنی ئینگلیزی یان نکۆڵیکردن لە پێویستی فێربوونی زمانی بیانی نییە؛ مەسەلەکە ئەوەیە کە بۆچی هەندێک جار بەبێ هیچ پێویستییەک زمانی خۆمان لادەبەین و تەنانەت سادەترین خووی قسەکردنیش بە وشەی زمانێکی دیکە دەگۆڕین.
میدیا تەنیا ئاوێنەیەکی کۆمەڵگا نییە؛ میدیا ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنی خووی زمان، سەلیقەی کولتووری و تەنانەت تێڕوانینی نەوەی گەنجیش بۆ شکۆ و شکۆمەندی زمانەکە. کاتێک ملیۆنان بینەر، بەتایبەتی منداڵان و گەنجەکان، ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە بە زمانی زگماکی خۆیان پەیوەندی دەکەن، هەموو وشەیەک، هەموو ڕستەیەک و هەموو شێوازێکی دەربڕین دەتوانێت کاریگەر بێت لە داڕشتنی هەڵوێستیان بەرامبەر بە زمانی کوردی. ئەگەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە ناونیشان و ناسنامەیەکی کوردییەوە لە سادەترین بارودۆخی پەیوەندیکردندا وشەی بێگانە لە جێگرەوەی وشەی زیندوو و هەبوونی کوردیدا بێت، ئەوا چ دەزگایەک دەبێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستن و بەهێزکردنی زمانی کوردی؟ ئایا ڕۆڵی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی باو تەنیا بۆ ڕاکێشانی ڕیکلام و فرۆشتنی کاتی ڕیکلامە، یان بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر بە زمان و کولتووری ئەو کۆمەڵگەیەی کە بینەرەکەی پێکدەهێنێت؟

چاوەڕێی ئەوە ناکەم  ئەو کەناڵە دەرگاکانی بەڕووی زمانەکانی دیکەدا دابخات؛ بەڕێکەوت، میدیای کوردی دەبێ پەنجەرەیەک بێت بۆ جیهان، فێری زمانی بیانی بکات، پەیوەندی لەگەڵ کولتوورەکانی دیکەدا بکات و لە پێشهاتە جیهانییەکانەوە دوا نەکەوێت. بەڵام جیهانگیری بە مانای بچووکبوونەوەی زمانی دایکی نییە. زانینی زمانی ئینگلیزی، تورکی، عەرەبی یان هەر زمانێکیتر سوودی هەیە؛ بەڵام لەبیرکردنی پۆتانسێلی زمانی خۆمان، هیچ سوودێکی نییە. ئەگەر بەناوبانگترین تۆڕی کوردی لە جیهاندا هەستیار نییە بۆ پاراستنی کەرامەتی زمانی کوردی، دەبێت چاوەڕوانی شتی وا لە کێ بکەین؟ عەزیز گەردی و دەیان مامۆستای گەورەمان، دەرس و وانەی "های" و "بای" ئەڵێنەوە یان وانەی زمانی دایک؟
ئەگەر ئەو بەڕێزانە تووشی ئەو بڕوایە هاتوون کە شۆڕشی کورد گەیشتۆتە کۆی ئەنجامەکانی خۆی و جیا لەوەی هەموو ئاواتە سیاسییەکانی هاتنە دی، لە ڕووی شوناس و کێشەی چاندی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری و هەموو بابەتێکەوە، کۆی کێشەکانمان چارەسەر بووە و ئێستا کاتی حەسانەوەیە، یان پێیان وایە ئەو هەموو کوردایەتییە و ئەو هەموو ڕەسەنایەتی و خۆماڵیبوونە بەسە بۆ ئێستا و ئایندە و کاتی ئەوە هاتووە لە هەموو شەقامێکی کوردستاندا لە جیاتی سڵاو و ماڵاوا، های و بای ببیسرێ، بە تەواوی لەهەڵەدان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی