گومان دەکەم ئەو پارەیەی وەریان گرتووە، لە خوێنبایی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجەوە بێت.
لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، چەندین ڕووداوی تاریک هەن کە تا ئێستاش بەتەواوی ڕوون نەکراونەتەوە. یەکێک لەوانە، پەیوەندیی نهێنیی نێوان هەندێک لە حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و ڕژێمی بەعسە لە نەوەدەکاندا، کە هێشتا بۆنی خوێنی شەهیدانی هەڵەبجە و ڕاپەڕین و ئەنفال تەواوی کوردستانی گرتبوو، و فرمێسکی دایکی شەهیدان هێشتا وشک نەبووبووەوە، و نیوەی کورد لە ئاوارەیی و ئۆردووگاکانی ئێران و تورکیا ژیانیان بەڕێدەکرد.
دکتۆر مەحمود عوسمان، کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و ئەندامی پێشووی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٩٩٢، بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەمی حزبەکەیان لە هۆتێل ئەبوسەنا لە شاری سلێمانی، بڕی سێ ملیۆن دیناری ئەوکات لە عەلی حەسەن مەجید وەرگیراوە. ئەم پارەیە بە ناوی "پلنیۆم" ناسرابوو، و خەرجیی کۆنگرەکەیان پێ بەڕێوە بردووە.
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە, ئەم پارەیە لە کوێوە هاتووە؟ بۆچی دراوە بە لایەنە سیاسییەکان، هەروەک چۆن خۆی محەمەد حاجی مەحموود گوتی هەموان بڕە بەش و پشکی خۆمان وەرگرتووە!؟
عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی، ئەو کەسایەتییەیە کە ڕاستەوخۆ دەستی بە خوێنی دەیان هەزار کورد لە هەڵەبجە و گەرمیان و ئەنفال سوورە. ئەو کەسەیە فەرمانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی داوە و بەشێکی گەورەی تاوانی ئەنفالی لەسەر شانە. کاتێک حزبێکی کوردی پارە لەم کەسە وەردەگرێت، ئایا دەتوانێت چاو لە چاوی خەڵکی کورد بکات و بڵێت ئەم پارەیە پاکە؟
گومان دەکەم ئەو پارەیەی کە حزبەکان وەریان گرتووە، لە خوێنبایی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجەوە بێت. ئەو پارەیەی کە لە بەغدا و لە دەستی ڕژێمێکی خوێنڕێژەوە هاتووە، لە بنەڕەتەوە پیسە. ئەو پارەیەی کە بە ناوی هاوکاری یان پشتیوانی" دراوە، لە ڕاستیدا بەهای خوێنی ئەو هەزاران کەسە نییە کە لەژێر دەستی ئەو ڕژێمەدا گیانیان لەدەست داوە، بەڵکوو بەهای مێژووییەو پەیوەستە بە جینۆساید و تۆڵە لەو کەسانەی بەرتیلیان داوە یان وەریان گرتووە،
ڕەخنەکە لێرەدایە، ئایا ئەم حزبانە بەو پارەیە چییان کردووە؟ ئایا بەو پارەیە خزمەتی گەلی کوردیان کردووە، یان تەنیا بۆ بەرژەوەندیی حزبی و دەسەڵاتخوازیی خۆیان بەکاریان هێناوە؟ ئایا ئەو پارەیەی کە لە خوێنبایی شەهیدانەوە هاتووە، بووەتە هۆی ئەوەی کە حزبەکان زیاتر لە گەل دوور بکەونەوە و لەگەڵ دوژمنانی گەل مامەڵە بکەن؟
حەمەی حاجی مەحموود لە لێدوانێکدا دەڵێت "هەر ئێمە نەبووین، سەرجەم حزبەکانی ئەوکات پارەیان لە ڕژێمی بەعس وەرگرتووە. ئەم لێدوانە، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت، نابێتە بەڵگەی بێتاوانی. بەڵکو ئەوە دەردەخات کە کێشەیەکی گەورەتر لە سیستەمی بەڕێوەبرسنی شۆڕش و خەبات و سیاسیی کوردیدا هەبووە. کێشەیەک کە بەرژەوەندیی حزبیی لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتی و ڕەزامەندیی ڕەوای گەلەوە داناوە.
لەم بارەیەوە، گومانێکی قووڵتر هەیە کە دەبێت بخرێتە ڕوو، ئایا ئەم لێدوانەی "هەمووان پارەیان وەرگرتووە" هەوڵێک نییە بۆ داپۆشینی تاوانەکە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە؟ واتە، ئایا ئەم حزبانە بەوەی دەڵێن ئێمە سەرکردەکانی بەعسمان بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندیی خۆمان، هەوڵ دەدەن ڕابردووی خۆیان سپی بکەنەوە و وا نیشان بدەن کە "ئەگەر ئێمەش پارەمان وەرگرتووە، بەڵام بۆ مەبەستێکی باش بووە؟ ئەم مەنتیقە مەترسیدارە، چونکە تاوانی وەرگرتنی پارە لە ڕژێمێکی خوێنڕێژ بە "بەکارهێنانی دوژمن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان" پاک نابێتەوە. لە ڕاستیدا، ئەمە جۆرێکە لە داپۆشینی تاوان بە ناوی سیاسەت.
ئەم ڕاستییە قورسەی کە دکتۆر مەحمود عوسمان دوای ٣٣ ساڵ ئاشکرای کردووە، دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتوو. نابێت ئەم بابەتە بە ئاسانی تێپەڕێت. دەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا ئەم حزبانەی کە ئەمڕۆ باسی مافی گەل و "خزمەتکردنی گەل دەکەن، لە ڕابردوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ پارەی خوێنبایی شەهیداندا کردووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، لەوانەیە تاڵ بێت، بەڵام پێویستە. چونکە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکانی ڕابردوو، ناتوانرێت داهاتوویەکی باشتر بۆ کوردستان بونیاد بنرێت. ئەو پارەیەی کە لە خوێنی شەهیدانەوە هاتووە، دەبێت ببێتە هۆی بیرکردنەوە و پرسیارکردن، نەک هۆی شاردنەوە و بێدەنگی.
ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بەڕاستی دەیانەوێت متمانەی گەل بەدەست بهێنن، دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە ، بۆچی پارە لە ڕژێمێکی خوێنڕێژ وەرگیراوە؟ ئایا ئەم پارەیە بە ڕەزامەندیی گەل بووە؟ ئایا ئەو کەسانەی کە ئەم پارەیان وەرگرتووە، ئەمڕۆ لە کوێن و بۆچی بێدەنگن؟ تا وەڵامی ئەم پرسیارانە نەدرێتەوە، گومان لە دڵی گەلدا دەمێنێتەوە، و متمانە بە سیاسەتمەداران ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر و گوماناوی تر دەبێت. هێڵی سوری نێوان باش و جاشمان لا کاڵدەبێتەوەو نازانین ئێوە بە باشی جاشن یان بە جاشی بونتە ئەم باشەی ئەمڕۆ.!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی