ئەگەر سەیری نەخشەی كوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی كورد بكەین، دەبینین كە (شاخی شنگال) بۆ سێ پارچەی كوردستان زۆر گرنگ و هەستیارو ستراتیژییە, بۆ بەستنەوەی باشورو رۆژئاواو باكوری كوردستان شاخی شنگال و ناوچەی شنگال زۆر زۆر گرنگە. بەداخەوە ئەمڕۆ نزیكەی پێنج هەزار شەڕڤانی یەبەشە تێكەڵ بە ناو سوپای عێراق بوون و ئیدی ئەم شوێنە زۆر گرنگەی كوردستان كەوتە دەست حەشدی شەعبی، بەرای من ئێران سەركەوتن و دەستكەوتێكی زۆر گەورەی دەستكەوت بێ جەنگ، چونكە ساڵانێكی زۆرە ئێران شێتی ناوچەی شنگال بووەو بۆ فشارو ململانێی توركیاو تەواوكردنی كەمەرەی شیعەو بەستنەوەی لوبنان و سوریا بە ئێران هەتا غەززەو حەماس، ئەوا شنگال رێڕەوێكی هێجگار ستراتیژی و گرنگە، پێم سەیرە ئەمریكاو ئیسرائیل چۆن بەم ئاسانییە رازی بوونە حەشدی شەعبی بێتە شاخی شنگال؟؟.
شنگال و شاخی شنگال بەشێكن لەجوگرافیای هەرێمی كوردستان، لەروی سەربازیی و ئەمنی و جەنگەوە زۆر هەستیارو گرنگن بۆ كوردستان بەتایبەت بەشی باشورو رۆژئاوا.
هەست بەنائومێدی دەكەم، بەڵام خواستم ئەوەیە شتی گرنگ لەژێر پەردەوە هەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان و رێككەوتنەكان باش ئیمزاكرابن، هەرچەندە ئەوەی لە رووی مەیدانی دیارە جێگای نیگەرانییە. ئەگەر بێت و هێزە كوردەكان و ئێزدیەكان خۆیان بمێننەوە هەر باشە، بەڵام بەداخەوە ئیدی فەرمانی سەربازی و موچەو یارمەتیان لە حەشدی شەعبیەوە بۆ دێت، بەس هەر گرنگە ئەوان لە سەنگەرەكان بمێننەوە.
هاوكاتی ئەمە دەوڵەت باخچەلی دەڵێت دەبێت پژاكیش چەك دابنێت، واتە رۆژهەڵاتی كوردستانیش چەك بكرێت، ئەمە شنگالیش چوو، لەمجۆرە سیاسەتانە هەست بە گەمارۆدانێكی زۆر توندو خنكێنەری كورد دەكرێت كە توركیا دەستی داوەتێ و ئێرانیش زۆر بە هێمنی دەخشێت!.
لەم نێوانەدا ئەمریكاو ئیسرائیل كەوتونەتە داوی سیاسەتێكی ناواقعییەوە، كە گوایە پێویستە گروپە نادەوڵەتیەكان نەمێنن و ئیدی دەوڵەتەكان بەهێزبكرێنەوەو مەركەزیەت بگەڕێتەوەو چەك تەنها لە دەست دەوڵەت بێت، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە ئەمانە دەوڵەتی دیموكراسی و مەدەنی و سەروەری یاسا نین، دەوڵەتی هەموو نەتەوەو پێكهاتەكان نین، دەوڵەتی تایەفەو قەومی و شۆڤێنی و دژە دیموكراسین، بۆیە ئێمە هەست بە نائومێدی دەكەین, ناكرێت رەش بین سەیری روداوەكان بكەین، بەس پرسیارو سۆراغ كردنیش دەبێت بكرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی