زوبێر و ئەقڵی گاڵتەجاڕی قەڵەمە ئۆپۆرتۆنیستەکان

06/08/2019

سه‌ڵاح ره‌شید


وا ١٧ ڕۆژە ڕۆژنامەنوسی گەنجی ئازاد (زوبێر برادۆستی) لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە لە مەسیف بێسەروشوێن کراوە، لەبەرامبەردا کەمترین دەنگی ناڕازیی دەبیسترێت. تاوانی زوبێر گواستنە و ڕوماڵکردنی ڕاستی داگیرکارییەکە کە تورکیا بەهاوکاری پارتی لە دەڤەرەکەیان بەڕێوەدەبات.

لەنێوو ئەم ئیمبراتۆی میدیا و دەزگا و ڕێکخراوی مەدەنی و لەشکری گەڕەلاوژێی (ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنفکری کوردیدا!!!) هەندێک وەک هەڵوێست و پیشە هەواڵ یان ڕاگەیەندراوی بێکرداریان هەبووە و هەندێک قەڵەمیش کە بەپەنجەی تاکە دەستێک هەژماردەکرێن هەڵوێستی پۆزەتیڤ نوسیووە.

لێرەدا ئەو شەرم و ترسە بەئاشکرا لە سایکۆلۆژی بەناو ڕۆشنبیر، نوسەر، ڕۆژنامەنوس و میدیاکارە ئۆپۆرتۆنیست (هەلپەرست) -ەکاندا دەبینرێت، ڕۆشنبیرانێک کە بەهێندەی تاکێکی عەشیرەتی هەرکی جەسارەتی ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو واقعە ناخۆڕسک و درووستکراوەیان نیە کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێندراوە.

ئەم گەڕەلاوژێی ڕۆژنامەگەرییە قەڵەمێکی ئۆپۆرتۆنیسیتی بەرهەمهێناوە و ئەوانیش (مۆدێلی بێدەنگی)ان داهێناوە، مۆدێلی "دەست بگرە بەکڵاوی خۆتەوە" کەلەناو دوو ستاندارتیەکی ئەخلاقی دا تەنها قەڵەم بۆ دەسەڵات و قازانجە ماددیەکانیان دەجوڵێنن.

ئەوان بە چاوپۆشین لە زوڵمی حکومڕانی و ئەم سیستەمە ناسیستەمە سیاسیە سەپێنراوە، بەتێکەڵەیەکی ترس و قازانجپەرستی کار بۆ مۆبیلزەکردنی ئەقڵی کۆمەڵگا بەئاڕاستەی دەسەڵات و دروستکردنی هەوای نۆرماڵیزەکردنی واقعی ئاماژەبۆکراو دەکەن.

هۆکارەکانی دووبارە بوونەوەی سیناریۆکانی تیرۆری ڕۆژنامەگەری ئازاد لەبنەچەدا ڕێخۆشکاریەکانی ئەو چینە ئاماژەبۆکراوەیە کە ناشرینیەکانیان لەژێرەوە حەشارداوە، نەک ئەو دەسەڵاتەی بێ ڕتوش بەزەبری تیرۆر و چەک لە دەسەلاتدان. ئەمەیە قەیرانی ڕۆشنبیر و میدیای ئازاد و ڕۆژنامەگەری بوێری کوردی.

سەلاح خدر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی