ناوبانگی دادوه‌ری توركیا له‌ جیهان له‌ ئاستی شه‌رمه‌زاریدایه‌

07/08/2019

عیماد عەلی


رۆژی سێشه‌مه‌ دادگای باڵای به‌رازیل ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ عه‌لی سیباحی راده‌ستی توركیا بكات بۆ دادگایی كردنی به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت كه‌ ئه‌ردۆگان به‌ تیرۆر ده‌یناسێنێت . سیباحی خاوه‌ن ریزێك چێشتخانه‌یه‌ له‌ ساوپاوڵۆ . ئه‌و حوكمه‌ی دادگای باڵای به‌رازیل به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی ئه‌ردۆگان، به‌ كۆی ده‌نگی ژووری دووه‌می داداگای باڵای به‌رازیل كه‌ له‌پێنج ئه‌ندام پێكدێت و پشتگیری ئه‌و بریاره‌ی دادگای باڵای كرد، به‌و هۆكاره‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌ داداگای توركیا نیه‌و هیچ زه‌مانه‌تێك نیه‌  دادپه‌روه‌رانه‌ حوكم بدات و له‌ژێر فشاری ئه‌ردۆگاندا نه‌بێت، ئه‌مه‌ رای دادگای باڵای به‌رازیل بێت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ حوكمه‌ته‌كه‌وه‌ نیه‌ ده‌بێت راوبۆچونی ده‌سه‌ڵاتی به‌رازیل و وڵاتانی تر له‌مه‌ر ده‌سه‌ڵاتی توركیا چۆن بێت.  ته‌نانه‌ت قسه‌یان له‌وه‌ش كرد كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نیه‌ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت كاری تیرۆریستی ئه‌نجامدابێت، به‌مه‌ش گومانی ته‌واوی خسته‌ سه‌ر بانگه‌شه‌كانی ئه‌ردۆگان و راستگۆیی له‌ قسه‌كانی.

ئه‌مه‌ وه‌زعی توركیا و ناو و ناوبانگی ئه‌ردۆگان و توركیایه‌ كه‌ رۆژانه‌ توشی ئه‌م رووگیریه‌ ده‌بێت له‌ جیهاندا و سومعه‌تی گه‌یشتۆته‌ ژێر سیفره‌وه‌. هه‌روه‌ك پێشتر ئۆرپاش باسی له‌ گومانی خۆی له‌ داداگا و داوه‌ری توركیا كرد و سه‌رنجی راكێشا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ئه‌وه‌تا له‌ كشوه‌ری ئه‌مریكا و وڵاتانی لاتینیش ئه‌و نادادپه‌روه‌ری و ملكه‌چبونی زۆرێك له‌و داداگایانه‌ی توركیا به‌ ئه‌ردۆگان و سه‌ركێشیه‌كانی پشتراست ده‌كرێته‌وه‌.

سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان به‌ ئاشكرا ئه‌و ره‌فتاره‌ی ئه‌ردۆگانی بینی كه‌  له‌دژی دادوه‌رێك نواندی و به‌ بێ هیچ ئه‌ته‌كێتێكی سیاسی و ئه‌خلاقی قسه‌ی نابه‌جێی پێكرد و نزیكترین هاورێی له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ دانیشتبوو سه‌رسورمانی خۆی له‌و ره‌فتاره‌ی ئه‌ردۆگان ده‌ربری، كه‌چی بینیمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان داداگای توركیا رۆڵی بێلایه‌نی خۆی له‌ ئاست پرسه‌ دادپه‌روه‌ریه‌ نێوخۆییه‌كانی دوور له‌ سیاسه‌ت ده‌رخست، كه‌چی ناوبانگی دادگاكانی توركیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشتۆته‌ حاڵه‌تی گومانكردن  و بێ عه‌داله‌تی و سه‌ردانواندن بۆ بریاری سیاسی به‌ده‌ست ئه‌ردۆگانه‌وه‌ و رۆژانه‌ سومعه‌تی توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كان له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌. ئه‌مه‌ش لای خۆیه‌ كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر وه‌زعی توركیا و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌بێت و تادێت لاته‌ریكتر ده‌بێته‌وه‌ و به‌رده‌وام ژێرخان و سه‌رخانی ئابووری و سیاسی له‌قده‌كات.

 سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی به‌ فشاری ئه‌ردۆگان چه‌ند وڵاتێكی  وه‌كو ئۆكرانیا و كۆسۆڤۆ به‌ پرۆسه‌یه‌كی نهێنی چه‌ند تۆمه‌تبارێك به‌رای  ئه‌ردۆگان، راده‌ستی توركیا كردۆته‌وه و ئێستا له‌ زیندانه‌كانی توركیا بێ دادگایی كه‌س ئاگای لێیان نیه‌.

له‌ بارێكی تره‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی هه‌وڵی بێ وچانی ئه‌ردۆگان بۆ گۆڕینی ناوناوبانگی توركیا و باوه‌ڕپێكردنی و سه‌رنجراكێشانی وڵاتانی جیهان بۆ عه‌داله‌تی حوكمی حزبی دادپه‌روه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئارادایه‌، كه‌چی كه‌س باوه‌ری پێناكات و به‌رده‌وام داواكانی ره‌تده‌كرێته‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌ندین وڵات ملكه‌چی زۆرێك له‌ داواكانی ئه‌ردۆگان نه‌بوون و ئه‌و كه‌سانه‌یان راده‌ست نه‌ركدووه‌ كه‌ ئۆردوگان تۆمه‌تی كوده‌تاكه‌ی خستونه‌ته‌ پاڵ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خه‌ڵكی تر كه‌ به‌ تۆمه‌تی سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌ و حزبه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ كانی توركیا له‌ جیهاندا په‌رشو بڵاوبوون.

له‌گه‌ڵ ملهوڕیه‌كانی ئه‌ردۆگان سۆزی وڵاتان بۆ نه‌یارانیی زیاتر ده‌بێت و تا دێت ئه‌ردۆگان و حوكمه‌ سوڵتانیه‌كه‌ی قێزه‌ونتر ده‌بن، تاگه‌یشتۆته‌ حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارانی جیهانه‌وه‌ بوترێت؛ له‌م كاته‌دا ئه‌ردۆگان هه‌مان ره‌فتاری دوارۆژه‌كانی سه‌دام حسێن دكات. ئه‌م ناره‌زایه‌تیه‌ نه‌رمانه‌ی له‌ لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ به‌ كارێكی دیبلۆماسی ئه‌جامده‌درێت، خۆی له‌ خۆیدا كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت بۆ زیاتر لاته‌ریك كردنی ئه‌ردۆگان و حزبه‌كه‌ی و ئه‌گه‌ره‌كان زیاتر بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ باباجان وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤ حساباتی تایبه‌تی خۆی له‌ لایه‌ن زۆر وڵاته‌وه‌  و به‌تایه‌بتی ئه‌مریكا بۆی كرابێت و، ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌ ئه‌ردۆگان به‌م هه‌ره‌شانه‌ی كه‌ بۆ خۆقوتاركردن بێت له‌ لایه‌كه‌وه‌ و له‌لایه‌كیتر به‌ڵكو جێپێی خۆی له‌ ئه‌دلب بهێڵیته‌وه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ڵكو جه‌زره‌به‌یه‌ك له‌ هه‌سه‌دا بدات، به‌ڵام ئه‌دردۆگان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ دووریانێكی ترسناكدان.  به‌ڵام  ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ زیاتر لاته‌ریك و لوتشكین ده‌كرێت  و ده‌شێت بڵێین كاتی كه‌وتنی و دوورخستنه‌وه‌ی به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت زۆر نزیك بوبێته‌وه‌.  ‌
 

عیماد عه‌لی