گەندەڵی وەك دێوزمەیەك لە بەردەم كابینەی نوێی حكومەتدا

16/08/2019

عومەر عەلی محەمەد

لە ئێستادا بەپێی رای زۆرینەی سیاسیەكان و ئەكادیمیەكان و نووسەر و رۆژنامەنووسان گرنگترین مەترسیەك كە هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵایەتی و بواری گەشەپێدانی هەمەلایەنە دەكات لە هەرێمی كوردستان بریتیە لە پرسی گەندەڵی، چونكە لە ئێستادا ئەمە بوەتە هۆی پەكخستنی زۆرینەی چالاكیەكان لە بواری خزمەتگوزاری و بەمەش ئەركی سەرشانی هاوڵاتی چەند هێندە بوەتەوەو لەهەمانكاتدا هۆكارێكە بۆ قوربانی زیاتر بەتایبەتی بەهۆی گەندەڵی لە بواری كەرتی تەندروستی و رێگاوبان و وەزارەتی بازرگانی بەهۆی هێنانی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو، كە هەڕەشە لەسەر بوارێكی گشتی ژیانی كۆمەڵگە دروست دەكات، هەروەها لە كەرتەكانی پەروەردەدا كە ئاستی گەشەی زانستی و پەروەردەی تاكەكان دەخاتە ژێر پرسیار، ئەمە سەرەڕای بواری هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ كە بەهۆی یەك نەبوونیان و دەرنەكەوتنیان وەك هێزێكی نیشتمانی بەردەوام خەڵك مەترسی دروست بوونی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەیی دەكاتەوە.


یەكێك لە خراپترین شوێنكارەكانی گەندەڵی كە بە درێژایی 28 ساڵی رابردوو درێژەی هەبووەو ئێستاش لە مەترسیدارترین قۆناغیایەتی بریتیە لە گەورەبوونی بۆشایی لە نێوان دەسەڵات بەهەموو جۆرەكانیەوە لەگەڵا هاوڵاتیدا، تەنانەت ئەمە وایكردووە خەڵك بەشێوەیەكی گشتی دابڕانێك لەگەڵا پارتە سیاسیەكان و كۆمەڵگەی مەدەنیش دروست بكات، ئەمە نەك تەنها پارتە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی سەربە دەسەڵاتی گرتۆتەوە، تەنانەت لە ئێستادا پارتە ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوەكانیشی گرتۆتەوە ،بە بەڵگەی ئەوەی كە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەگشتی لە دوایەمین هەڵبژاردنی پەرلەماندا كەمترین دەنگیان هێناو لە ئێستاشدا جوڵاندنی شەقامیان لەدەستداوە بۆ هەر ئامانجێك بێت.


هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا زۆرینەیان بێ‌ هیوان، كەمترین بڕوایان بە هەڵبژاردن و كاری سیاسی و حیزبایەتی هەیە، زۆرینەیان لەو بڕوایەدانین كە بەم ئالیەتە سیاسیەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا پەیڕەو دەكرێت كوردستان بەرەو گەشەو نوێبوونەوەو چاكسازی هەنگاو بنێت و لە ئەم دۆخە پڕ قەیراناویەی ئێستا رزگار بكرێت، چونكە هەموو ئەو پرۆژە و پێشنیار و رەخنانەی كە هەتا ئێستا خراونەتەڕوو تەنها لە بوارێكی تیۆریدا ماونەوەو نەتوانراوە لە بواری پراكتیكیدا جێبەجێ بكرێت. بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە ئایا كابینەی نوێ‌ دەتوانێت خۆی لە قەرەی بابەتێكی وەك گەندەڵی بدات و توانای چارەسەركردنی هەبێت؟ لەكاتێكدا كە سەرۆك وەیزرانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كارنامەكەی خوێندەوە، لەلایەك دانی بەوەدانا كە گەندەڵیەكی زۆر لەنێو حكومەتدا هەیە، بەڵام ئەوەشی راگەیاند كە كاری سەرەكی ئەوان بریتی دەبێت لە چاكسازی و دەستكردن بە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام ئایا ئەم حكومەتە بەم ستافەوە كە هەیە توانای ئەوەی هەیە كە روبەڕووی ئەو لەشكرە زەبەلاحەی گەندەڵكاران ببێتەوەو نەبنە لەمپەڕ لەبەردەمیدا و بە چارەنووسی هەشت كابینەی پێشووی نەبەن.


راستە كارنامەی سەرۆكی حكومەت بریتیە لە هێڵە گشتیەكانی پلانی ستراتیجی بۆ كاركردن لەسەری لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو، واتە دەتوانرێت ئەمە وەك پلانی درێژخایەن سەیر بكرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی كە پێویستە لە هەنگاوی دووەمدا بینێت، بریتیە لە دانانی پلانێكی قۆناغبەندی كە تیایدا بە وردی هەر وەزیرێك كار لەسەر دەستنیشانكردنی گەندەڵیەكان لە وەزارەتەكەیدا بكات و هەریەكەشیان رێگەچارەی بۆ دابنرێت و لە سەقفێكی زەمەنی دیاریكراودا هەوڵی چارەسەركردنیان بۆ بدرێت، واتە ئەمە نابێت تەنها لە سنوری تیۆریدا بمێنێتەوە بەڵكو دەبێت بچێتە بواری پراكتیكی، دەبێت سەرۆكی حكومەت خۆیشی پلانێكی هەبێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هەندێك بواری گشتیەوە هەیە و بۆتە هۆی ئەوەی پەل و پۆی حكومەت بشكێنێت و تووشی شەلەلی بكات، دەبێت سەرۆكی حكومە لە ئێستادا ئەو راستیە بزانێت كە حكومەت تەنها ئەرك و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیان بۆتە پێدانی مووچە و بە درێژایی رۆژانی مانگ سەرقاڵی ئەم بوارەیە، ئەو بودجەیەش بەشێوەی سەرەكی پشت بەو پارەیە دەبەستێت كە لە بەغداوە دێت و ئەگەر گرفتێك بۆ ئەمە دروست ببێت ناتوانێت ئەوەش بدات، كەواتە دەتوانین بپرسین ئایا ئەمە رۆڵا و بەرپرسیارێتی حكومەتە بەرامبەر بە هاوڵاتیان و نیشتمان و ژینگە و بوارەكانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری؟


ئەركی گەورەی سەرۆكی حكومەت ئەوەیە حكومەت بخاتەوە سەر رێرەو و رێچكەی خۆی، كە ئایا بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیان چیە و دەبێت چیان بۆ بكات بەتایبەتی لە مافە سەرەتاییەكانی وەك جێگەی نیشتەجێبوون و خۆراك و تەندروستی و پەروەردە و ئارامی و ئاسایش، ئەگەر حكومەت توانی چەند بوارێكی مەترسیداری گەندەڵی دیاری بكات و هەنگاو بۆ چارەسەریان بنێت بەتایبەتی لە بواری شەفافیەتی نەوت و گاز و دەرامەتی ناوخۆ بەگشتی، هەروەها لە رێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە كار لەسەر دیاریكردنی بڕی پێویستی كارمەندانی حكومەت بكات و كۆتایی بە مۆتەكەی بندیوارەكان بهێنێت و گەشە بە كەرتی تایبەت بدات و لە ئەم رێگەیەشەوە چارەسەری قەیرانی لەشكرێك لە گەنجی بێ‌ كار بهێنێت كە لە ئێستادا بچوكترین مافی سەرەتاییان نیە بۆ ژیان.


بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سەرۆكی حكومەت ستافێك دەستنیشان بكات كە وەگ گروپێك كار بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، ئەوەش كە پێویستە لەو گروپەدا هەبێت دەبێت كەسانی دەست پاك و پسپۆڕبن، لە هەمانكاتدا بە دوور لە عەقڵیەتی حیزبی كار بكەن و دەبێت خەمێكی نیشتمانی گەورەیان هەبێت، بە بڕوای من گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا لە بنەڕەتدا كێشەیەكی سیاسیە، هەر ئەمەشە كە بوەتە هۆی رێگرتن لە ئەنجامدانی چاكسازی، لەبەرئەوە پێش هەموو شتێك دەبێت سەرەتا سیستمێكی سیاسی لەسەر بنەمایەكی پێشكەوتووی دیموكراسی بنیات بنرێت، چونكە ئەگەر هەموان بڕوایان بە دیموكراسی هەبێت و خەباتی بۆ بكەن ئەوكاتە گەندەڵیش چارەسەر دەبێت و پرۆژەكانی چاكسازیش دەگەنە ئامانجەكانی خۆیان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی