لەكۆتا رۆژەكانی پارساڵدا پەیوەندیێكی تەلەفۆنی نێوان ترامپو ئەردۆغان، گەورەترین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، كاتێك ترامپ لە تویتێكدا گوتی سەربازەكانمان لەسوریا دەكشێنینەوەو جێگەیان بەهێزی دیكە پڕدەكەینەوە، كە زیاتر لەم كاتەدا مەبەستی هێزەكانی توركیابوو!. بەڵام خۆ تویتەكانی ترامپیش وەك قسەكانی ئەردۆغانییان لێهاتووە، ئەوەندە زۆر و دژبەیەكن، قابیلی گۆڕانكارییو ئاراستەی پێچەوانەشیان لێدەكرێ، هەروەك وامان بینی كە نەك هێزەكان نەكشانەوە، بەڵكو چەند راوێژكاری دیكەیش زیادكران بەتایبەت بۆناوخاكی عێراقو پرسیاری رێژەی راستەقینەی سەربازە ئەمریكییەكان لەناو خاكی عێراق بووە پرسیاریش لای هەندێك پەرلەمانتار!.
ئەم هەڵگەڕانەوەیەش لە تویتو بنەماكانی بیركردنەوەو نیازەكانی ترامپ دوای كاردانەوە بەهێزەكان هات، چ كاردانەوەو هەڵوێستی فەرەنسای هاوپەیمان بۆ شەڕی تیرۆر لەناوچەكەدا، چ كاردانەوەكانی جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەوكاتو برێت ماكگۆرگ نوێنەری سەرۆكو چەند سیناتۆرێك. كە هەڵوێستی وەزیری بەرگری تەنها دوای یەك رۆژ لە تویتەكەی ترامپ هاتو ئازایانە لەنامەی دەست لەكاركێشانەوەكەییدا پێی گوت: جیاوازییمان هەیە لە رەسمی سیاسەتدا لەگەڵ سەرۆك ترامپو ئەو ئەتوانێ كەسێكی دیكە دابنێی كە راكانی بگونجێ لەگەڵ راكانی خۆیدا. دوای ئەویش ماكگۆرك وازی لەپۆستەكەی هێنا.
هەریەك لەمانە پێیان وابوو ئەم تویتانە خزمەت بەو بەرەیە ناكەن كە ئەوان خۆیان لەناودا دەبیننەوە، بەپێچەوانەوە ئەو قسانە ئەكەونە خزمەت هەڵسانەوەو گەڕانەوەی داعش بەگوڕو تینی ترەوە، چونكە ئەوان لە مەیدانەكەدابوونو لە حساباتی دوای ئەم تویتە دەترسان، هەروەك رۆژ بەڕۆژ ئەنجامەكانی دەبینین، داعش هەستاوەتەوە، لەكاتێكدا قسەكانی ترامپ لەوەوە سەرچاوەیان گرت كە داعش كۆتایی هات لە سوریاو عێراق.
وا ئێستا دوای ساڵێك لەدەربڕینی راكانییان ئەم راستییە خۆی دەردەخاتو وەك واقیعێك داعش لەسوریاو عێراق خۆیان رێكخستۆتەوەو جارێكی دیكە دەیانەوێ بەهەڕەشەكانیان خاكی لەدەستدراو بەدەستبێننەوە، بەتایبەت كە دەبینین ئەمریكا خەمساردانە كار لەسەر ئەم مەلەفەدەكاتو لە ئەولەوییەتی مەلەفەكانی خۆی دەریهێناوەو زیاتر جەختی لەسەر ئێرانەو ئێرانی خستۆتە ئەولەوییەتی بەرنامەی كاری خۆیو تەواوی ناوچەكە بە وڵاتە زلهێزەكانیشی پێوە سەرقاڵكردووە.
راستە تواناكانی ئەمریكا لەڕووی سیاسیو ئابووریو دیبلۆماسییەوە نادیدەناگیرێن، بەڵام بۆ هەر هەنگاوێك كە بیەوێ بینێت پێویستی بە هاوپەیمانو هێزو پاڵپشتی هەیە، وەك چۆن لەدوای جەنگی كەنداو، لەلایەك بەهێزترین پاڵشتی بۆ گەڕانەوەی سیادە بۆ كوێت دەستەبەركردو لەلاكەی تریشەوە بەپاڵپشتی هاوپەیمانان پایەكانی خۆی باشتر لەناوچەكە داڕشتن. هەروەها لەكۆتاییهێنان بە بەعسیش تواناكانی لەسەرووی چاوەڕوانییدابوون، بەڵام ئەمریكای سەردەمی ترامپ بەهۆی كۆتایی نەهێنان بەیارییەكانو حەسمنەكردنی كێشەكان متمانەی وەك جاران نەماوەو ئەو پاڵپشتییە دەولییەی بۆ كۆنابێتەوە تا هەماهەنگ بن لەگەڵییدا، هەروەها لەلایەن گەلانی ناوچەكەشەوە ئەم جێ چاوەی جارانی نەماوە، لەبەرئەوەی كێشەكان بەچارەسەرنەكراوی دەداتە دەست قەدەری گەلانی ناوچەكە، كە لانی كەم لەناوچەكەماندا ئەم كێشانە بوونیان هەیە:
1-بەلادانەخستنی تەواوی كێشەكانی سوریاو هێشتنەوەی لەدۆخێكی نائارمو ناسەقامگیرو پەرتەوازەبوونی تەواوی گەلی سوریا لێكتر، بەوەی هەندێك لەسەر خاكنو هەندێك ئاوارەو پەڕاگەندەن ... هێشتنەوەی دۆخی سوریا وەك برینێكی دەمكراوە، بێگومان هەموو دەم ئامادەباشە بۆ هێڕشی میكرۆبو ڤایرۆسی كوشندە.
2- پاڵپشتی نەرم بۆ داخوازییەكانی كوردانی رۆژاوا، كە نەدیارە وەك هاوپەیمانی راستەقینەبنو نە وەك نەیاریش تەواو پشتگوێیان بخاتو پاڵپشتیێكی تۆكمەی سەنگەری بەرامبەریان بكات.
3- پشتنەكردن لە داخوازی توركەكان بەتایبەت لە مەسەلەی رۆژ، كە ئەردۆغان هێناویەتە پێشەوە ئەویش مەسەلەی ناوچەی ئارامو گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكانو نیشتەجێكردنییانە لەم پشتێنە ئەمنییە، كە ئەمە كێشەیەكی ستراتیژی نیشتمانیو نەتەوەیی بۆ ئایندەی رۆژاوای كوردستان دروست دەكات.
4- سەرهەڵدانی كێشەیەكی تازە لە كەنداو و بیانووگرتن بە راڕەوی ئاویی كە ئێران لەبەشی باكورییدا خۆی وەك سەرپەرشتیارو خاوەندار ئەزانێ، بەتایبەت پرسی گەرووی هورمز، كە ئەمریكا ئەیەوێ بەتەواوی دەست بنێتە گەرووی ئێران لەڕێی ئەم گەرووەوە... وڵاتانی دیكەی ئەنجوومەنی ئاسایشیش بێنێتە ناو گەمەكە.
5-نەشەڕ نە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمو پرسە كەڵەكەبووەكانی دیكەشەوە.
6- هێنانە ژێر ركێفی وڵاتانی كەنداو بۆ خواستەكانی ئیسرائیل. واتا ئاشتی عەرەب – ئیسرائیل بە ماركەی ئیسرائیلی.
7- ترسان لەهەژموونی ئێران لە (عێراقو یەمەنو لوبنانو سوریا) بەسەر بڕیارو كردارەكانی ئەمریكاوە دیارە.
ئەمانە بەشێكن لەو كێشەو ململانیێانەی ناوچەكە پێیەوە گرفتارە، ئەمریكاش بۆتە میحوەر لەكێشەكاندا، كە ئەگەر بیەوێ ئەوا ئەتوانێ زۆربەیان بەلادابخات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی