پارتی و برادۆستیەكان

19/08/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

1
برادۆستیەكان  بنەماڵەو خێڵێكی گەورەو ناسراوی كوردن ، ناوچەكەیان دەكەوێتەنێو شاخو داخە سەختەكانی سێكوچكەی كوردستانەوەو هەر سێ‌ بەشە داگیركراوەكەی كوردستان" باشورو باكورو رۆژهەڵات " بە یەكەوە دەبەستنەوە ، گەشەوانەی ناوچەو ناوبانگی برادۆستیەكان لە سەردەمی كەریم خانی برادۆستا بوو ، كە خۆیان میریان پێدەگوت ، ئەوپیاوە پیاوێكی خزمەتگوزارو كۆكەرەوەو بە ڕاو تەكبیر بوو ،برادۆستیەكانیش وەك زۆرێكلە بنەماڵەو هۆزەكانی دیكە لە تەك پارتی و بەتایبەت ماڵباتی بارزانیدا لە كێشەو گیرو گرفتا بوونە ، بەڵامساڵی 1991بە دواوە كەریم خان بۆ دوور كەوتنەوە لە كێشەو ململانێ‌ دەستی دایە كەسابەت و خزمەتكردنی برادۆستیەكان ، ئەمەش تاڕادەیەك  دووری خستنەوەلە ململانێ‌ ، ئەو وەك میری برادۆستیەكاندەركەوت وپەیوەندیەكی فراوانی لە گەڵ دەورو بەردا دروست كردوو جگە لەوەی وەك دۆستێكی نزیكی پەكەكە دەركەوت لە گەڵ ئەمەریكیەكانیشدا دۆستایەتی هەبوو ، ساڵی 2012 كەریم خان كۆچی دوای كردو میر سەلامی كوڕی جێی گرتەوە ، پارتی و توركیا هەمیشە كێشەیان لەگەڵ  ئەوماڵباتە هەیەو ، بۆ ئەوەش زۆر جار گیرو گرفت دروست بووە ، دوو روداوەكەی ئەم دوایانەی گوندی بەرمیزەو ، چێشتخانەی هۆقە باز بوونەوە هۆی سەرهەڵدانەوەی كێشەكان .
2
ئەوەی لە گوندی بەرمیزەوەسەری هەڵدا ، بەس بریتی نەبوو لە دەركەوتنی چەند جەندرمەیەك وكادیرگەلی پارتی و قسە كردن لە گەڵ خەڵكی ناوچەكە ، ئەوە سەرەتای هێنان و جێگیر كردنی سوپای توركیا بوو لە چەندین شوێنی ستراتیژی ئەوناوچەیە ،بنكە سەربازیەكانی :
1-بەرزاییەكانی بەرمیزە كە برادۆست وشەمزینانی باكور لەیەكتر دادەبڕێت .
2-بنكەی سەربازی چیای كتكین كە خواكورك و برادۆست لە یەكتر دادەبڕێت 
3-بنكەی سەربازی ئاودەڵ كێوی 
4-سەربازگەی چیاكەوێت و داخستنی گەلی مەغارە 
5-سەربازگەی چیا دێڵ بۆ داخستنی رێگای سیدەكان و خواكورك 
6-سەربازگەی شەكیو بۆ جیاكردنەوەی خواكورك ، لۆلان 
كردنەوەی ئەم بنكە سەربازیانە ی توركیاو هاتنی توركیا بۆ ناوچەكە بە قوڵاییەكی زۆر تر ، لەو لاشەوە بێدەنگی حكومەتی عیراق و هەرێم ، خەڵكی ناوچەكەی ناچار بە وەڵامكرد ، بانگەوازی دەنگ و رەنگی گیانبازەكانی سۆران و برادۆست ، وایان كرد توركیاو پارتی بە دووی هۆیەكدا بگەڕێن بۆ تۆڵە كردنەوە . 
3
روداوەكەی هۆقە بازكە تێیدا كەسێكی توركی ئەركنادیار" عوسمان كۆسە "  كوژرا ، بەس بوو بۆ ئەوەی هێرش بكرێتە سەر برادۆستیەكان گرتنی سدقی كەریم بەگ و بە زۆر قسە پێكردنی هەروەها گرتنی چەند برادۆستیەكی دیكە لەوانە " رزگار محەمەد تاهیر ، سەردار میرە ، جەعفەر شێخ زادەو كەسانی تر " ئەوەی ئاشكرایە نزیكەی 9 كەس گیراون ، كە تیایاندا زوبێر برادۆستی میدیاكاری رۆژنیوزیش هەیە.
سدقی سەرمایەدارو خاوەنی كۆمپانیای زۆزكە ونزیكە لە ئەمەریكیەكانەوە ، میر سەلام بە كەس و كارەكەی وتوە  چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین ، پارتی ئەم فشارانە بۆ دوورخستنەوەی ئەو ماڵباتە لە پەكەكە دەدات وتا ئێستاش چەند جارێك بە نوێنەرایەتی خودی بارزانی چەند جارێك شێخ حوسێنی كوڕی شێخ رەشیدی لۆلانی ناردوەتە ناو برادۆستیەكان و بە ئاشكرا پێی ووتون یان پارتی یان پەكەكە یەكێكیان هەڵبژێرن .
ئەوەی  ماوەبوترێت ئەوەیە كە پارتی و ماڵباتی بارزانی ناكرێت لە ژێر كاریگەری توركیا یان هەر هۆیەكی تردا كێشەكان لە گەڵ هۆزو بتەماڵە ناسراوەكانی كوردستاندا قوڵبكەنەوەو پێویستە لە سەر ئەو بنەمایە بڕۆن كە لەم رۆژانەی بەرێدا بارزانی وتی "  نابێت جارێكی تر خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت " . 

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە