بڕیارەکانی وەزیری پەروەردەی هەرێم و چەند کورتە تێبینیەک

20/08/2019

مەلا فرمان


دوای خوازتنی هیوای سەرکەوتن بۆ وەزارەتی پەروەردە لە پێناوی خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە و بونیادنانی نەوەیەکی پڕفام و عەقڵ کراوە. بە پێویستم زانی ئەم کورتە تێبینیانە بگەیەنم:


1- بۆ گۆڕینی هەر بڕگەیەک لە پرۆگرامی پەروەردە پێویستە ئەو لیژنە پۆسپۆریە هەمیشەییە بڕیار بدات کە خەریکی دانانی پرۆگرامی خوێندنە بە رەچاوکردنی ئاسایشی بیری نیشتمانی و مرۆڤدۆسستی و ئاشتەوایی ئێستا و دواڕۆژ. ئەم لیژەنەهەمیشەییە بریار دەردەکات نەک وەزیر. چونکە هەر ٤ ساڵ جارێک و لە گەڵ گۆرینی وەزیرێک بە بەرنامەیەکی جیای حیزبیەوە ناکرێت گۆڕانکاری بکرێت لە پرۆگرامی خوێندن. ئەگەر بڕوانینە سیستەمی خوێندن لە دانانی سیستەمی بەناو سویدیەوە بۆ ئێستا چ پاشەکشەیەک رویداوە لەم بوارە، دابەزینی ئاستی زانستی و لاوازی رۆشنبیری و ئینتمای نیشتمانی دەرهاویشتەی ئەو سیستەمەیە . زۆری مەلزەمەکان لە بازاڕدا کە جێگای کتێبەکانی خوێندنی گرتۆتەوە، باس لە توانای پەروەردەیی کادرەکان دەکات.


2- بۆ فێربونی زمانی ئنگلیزی و زمانی عەرەبی پێویستە وەک ٢ زمانی بێگانە و پێویست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئەوەندەی بەندە بەدواداچونی بۆ کردوە کەرەستەکانی پێویست لە قوتابخانەکان بۆ فێربونی ئەم دو زمانە لەبەردەست نیە. بۆیە پێویستە سەرەتا کەرەستەکان بخرێنە بەردەست. لەم دو بوارەشدا بە رادەی بەرچاو لاوازی دەبیندرێت.


3- دەربارەی وانەی تایبەت بەو شیوە فراوانییەی ئێستا هەیە، نیشانەی خراپی جۆری وانە وتنەوەیە لە قوتابخانەکان. ئەمەش بە بریاری قەدەغەکردن چارەسەر ناکرێت. یەکێ لە چارەسەرە گونجاوەکان، بریتیە لە: ئایا لە قوتابخانەکان هۆڵی تایبەت و کاتی تایبەت دانراوە بۆ ئەو خوێندکارانەی پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە واتە ( دروس اضافیة)؟.
4- لە بڕیارەکاندا هاتوە (پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک سەبارەت بە دانانی بانکی پرسیارەکان تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناخی 12ـی ئامادەیی بە سەرۆکایەتی کەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و ئەندامییەتی کاوە عومەر، بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان. کە پێویستە لە ماوەی چوار مانگدا کارەکانیان تەواوبێت.): دەپرسم


• لە ١١ ساڵی خوێندندا لە پۆلی ١ تا ١١ مامۆستایانی قوتابخانە پرسیارەکان دادەنێن و بە کردەوە ئەوان شارەزای کون و کەلەبەری بەرنامەکان و ئاستی خوێندکارەکانن ، باشە بۆ تەنها لە پۆلی ١٢ ئەم مافە لەو بەڕێزانە دەسەننەوە؟ بۆچی متمانەیان پێ ناکەن؟.


• لەو لیژنانەی دانراون هیچ بەرێوەبەرێکی قوتابخانە یان مامۆستای مەیدانی لە قوتابخانە حکومیەکانی تێدا نیە. ئەمەش کەموکوڕیەکی گەورەیە و یەکێ لە کەموکوڕیەکان بە کەمگرتنی رۆڵی کادرە مەیدانیەکانی پەروەردەیە.


• لیژەنە مەیدانیەکانی قوتابخانەکان باشتر شارەزان لە میلاکاتی خۆیان. باشترە بۆ دامەزراندنی مامۆستا لە دەسەڵات و ئەرکی لیژنەی مەیدانی پەروەردەیی قوتابخانەکان بێت نەک سەروتر.


5- دەبو ئاماژە بە خوێندنی تایبەت بە کەمئەندامان بدەن ( کەم ئەندام و ئۆتیزم) بە نمونە.
6- شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی باشتروایە بچێتە لای بەڕیوەبەر و لیژنە پەوەردەییەکانی ناو قوتابخانەکان.
7- پێویست و ئەرک بو ئاوڕیک لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بدەنەوە.


دو پێشنیار:
1- لابردنی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان لە شارەکان. راستەوخۆ ئەرک و دەسەڵآتەکان بدرێتە قوتابخانەکان و پەیوەندی راستەوخۆیان بە وەزارەتەوە هەبێت.
2- وانەکانی بیرکاری، فیزیا و کیمیا، ئەو سێ مادەیەن کە وەک سێ وانەی قورس لای خوێندکار و خەڵک دەرکەوتون. لە راستیدا ئەم وانانە نەک هەر قورسنین بەڵکە زۆر سەرنج و زەوق راکێشن بەو مەرجەی بتواندرێت قوتابی فێربکرێت چۆن فیردەبێت و خوێندەوەیان بۆ دەکات. بە کردەوە دەرکەوتوە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ قورسکردنی ئەم وانانە زۆری یاساکانیانە. لە هەرێمی کوردستان خوێندکار ئیلزام دەکرێت بە لەبەرکردنیان. ئەمەش ئەرکێکی زۆر قورسە و هەر زو قابیلی لە بیرچونەوەیە. بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئەرکە قورسە باشتروایە :


"" تەواوی یاساکانی ئەم سێ مادەیە لە ٣ سێ نامێلکەی بچوکی گیرفانیدا بنوسرێتەوە و لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بە سەر خوێندکاراندا دابەش بکرێت". چونکە لە بواری کارکردندا لە دائیرەکان فەرمانبەر ئازادە بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکان و یاساکان. ئەوەی گرنگە فێربونە چۆن و لە کوێ و کەی؟ ئەو یاسایانە بە کار دەهێندرێت نەک چەندت لە بەرە و چەندی دەزانی؟.
3- بۆ خزمەتکردنی بواری پەروەردە بەندە بە خۆبەخش ئامادەی هاوکاریتانە.
مەلا فرمان
کەرکوک،٢٠/٨/٢٠١٩

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی