کام ئۆپۆزسیۆن؟

کام ئۆپۆزسیۆن؟

سەرکەوت شەمسەدین


332 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بنەمای کاری ئۆپۆزسیۆن و کێبرکێکردنی لەگەڵ حکومەت بریتیە لە جیاوازی روئیای سیاسی و روبەروبونەوەی گەندەڵی.

سەردەمی بەعس هیچ هێزێکی سیاسی لەسەر بنەمای نەبونی خزمەتگوزاری گرفتیان نەبوو لەگەڵ بەعس، بەڵکو خاوەن روئیای جیاواز بوون، کورد لەگەڵ بەغداد تا ۲٠٠۳ گرفتی دەستوری و مافی هەبوو  نەک نەبونی نەخۆشخانە و قوتابخانە، ئەگەر گرفتی خزمەتگوزاریش هەبوبێت پەیوەندی بەسیاسەتی جیاکاری و شۆڤێنیەتی بەعس ەوە هەبووە.

ئێستاش هەندێک وەک نوکتە باسی مەرجێکی مستەفا بارزانی دەکەن لەمفاوەزاتی لەگەڵ بەغداد کە بریتی بووە لە دووسایدکردنی رێگاکانی نێوان شارەکانی تری کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق، چونکە کەس هێندە ساویلکە نیە خۆی لە پێناو جادە و پارک و قوتابخانە  خوێنی خۆی برژێت و شەهد بدات، بەڵکو لە پێناو ماف و ئازادی تێدەکۆشن.

لە کوردستانیش گرفتی سەرەکی ئێمەلەگەڵ دەسەڵات بە تەنیا بریتی نیە لە نەبوونی شەقام و پارک، کە ئەوە ئەرکێکی سەرەکی حکومەتە خۆجێیەکانە و دەتوانرێت لەرێگەی فشاری کۆمەڵگەی مەدەنی دەسەڵات ناچاربکرێت بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام ئەوە داواکاری خۆپیشاندەرانی ۱۷ شوبات و رۆژانی دوایی نەبوو، ئەوە شەری کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامەحەمە و ویدات و سەردەشت عوسمان نەبوو، بەڵکو شەرەکە
لەسەر سیستمی وحوکمرانی بنەماڵەییە کە دەیەوێت کوردستان بکات بە میرنشینی چەند بنەماڵەیەک و بەوشێوە دەستبگرن بەسەر چارەنوسی هاوڵاتیانی کوردستان و سەروەت و سامانی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن.

شەقامەکانی ئیمارات و قەتەر زۆر لەوانەی نیوۆرک و پاریس و لەندەن جوانترن، پرد و بینا سەیرو سەمەرەکانی شەنگەهای لەوانەی کالیفۆرنیا سەرنجراکێشترن، بەڵام جیهان چاوی لە ئیمارات و قەتەر نیە بۆ ژیان و وەرگرتنی دەرفەت و خەونی مەزن.
 
هەڵبەت ڕوبەروبونەوەی گەندەڵی دەبێت ستراتیژی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد و هێز و  دەنگە ئۆپۆزسیۆنەکان بێت، چونکە گەندەڵی تەنیا بریتی نیە لە نەبونی خزمەتگوزاری، بەڵکو هۆکارە بۆ زۆر کێشەی  وەک نادادگەری کۆمەڵایەتی،  لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دروستبونی بۆشای ئەمنی، و دواتریش هەرەسهێنانی دەوڵەت.

لەگەڵ دژایەتی کردنی گەندەڵی ،ئێمە تەبەنی  روئیایەکی نوێی سیاسی دەکەین کە دەرفەتی یەکسان بۆ تاکەکان دروستبکات لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی  نەک قۆرغکردنی پێگەگرنگەکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی داهات لەلایەن چەند بنەماڵەیەکەوە. ئێمە روبارێک خوێنمان نەرشتوە تەنیا بۆ ئیمپایەر ۆڵد و شاری ئیتاڵی و ئەڵمانی، بەڵکو گێرانەوەی شکۆ بوو بۆ تاکی کورد، بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و فەراهەمکردنی مافی دەستوری لەم وڵاتە.

رەنگە زۆرێکمان هەستمان بەوە کردبێت گرفتی رێگەوبان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی کەمترە وەک لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی_گۆڕان،   بەڵام سەرکوتکاری و دڕندەیی سیستمەکەی پارتی و داخستنی فەزای گشتی و تاساندنی دەنگی ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنی  روخساری دەسەڵاتی بارزانییە نەک بونی رێگاوبانەکانی.

بۆیە ئێمە لە کوردستان شەری بنیاتنانی سیستمێکی سیاسی دیموکراتی دەکەین لەبەرامبەر نەیارەکانمان کە شەری دامەزراندنی سیستمێکی بنەماڵەیی وستەمکارانە دەکەن. 

هەرکەس کە بەشداری کایەی سیاسیە دەکات لە کوردستان دەبێت سەر بەو دوو گروپە بێت؛
ـ  گروپی بەرگریکردن لە سیستمێکی دیموکراتی ئازاد، ئەو خەونەی دەیان هەزار کورد شەهید بوو لە پێناوی.
ـ گروپی دامەزراندنی سیستمی بنەماڵەیی یان ئەوەی کاک مەریوان  و کاک ئاراس ناویان ناوە "سوڵتانیزم" ئەوەش دونیایەکە کە دەبێتە بەهەشتی کەمئنەیەکی کەم و زۆرینەیەکمان دەبینە هاوڵاتی پلەدوو و سەرکوتراو.  

لەدەرەوەی ئەوە، هەر هەوڵێکی تر هیچ نیە جگە لە ژاوە ژاو و لابردنی سەرنج لەسەر ئەم شەرە مێژویی و ستراتیژی یە کە ئایندەی هەرێمی کوردستان دیاریدەکات بۆ چەند دەیەی داهاتوو، دەسەڵاتیش دەیەوێت بەو شەرە لاوەکییە سەرقاڵمان بکات، بەڵام ئێمە لێبراوانە لە بەغداد یان لە لەندەن یان واشنتۆن دەرفەت بە فیرۆنادەین بۆ تەحقیکردنی خەونەکانمان دژی حوکمی بنەماڵەیی و ئامادەین ژیانیشمان لەو پێناوە دابنێین. دڵنیاشم کۆمەڵگەکەی ئێمە بژاردە دروستەکە هەڵدەبژێرێت بەڵام  ئەوە ئەرکی ئێمەیە و دەبێت ئێمەو مانان متمانەیان بەدەست بێنین و گلەی لەخەڵک نەکەین.

 
سەرکەوت شەمسەدین



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved