هەنگاوێكی باش

02/09/2019

جیهاد موحەمەد

بۆ پەرلەماتارە بەڕیزەكان
بۆ بەڕێز وەزیر پەروەردە
بۆ بەڕیز وەزیری ناوخۆ
١ ـ بەڕێز وەزیری پەروەردە، هەنگاوێكی باشت نا بۆ گەڕانەوەی بایەخدان هەم بە زمانی دایك و هەم بە خوێندنگا حكومییەكان. باشترین هەنگاوی دووەم لەم ژینگە كۆمەڵایەتیە نەخوازراوە داڕزاوەی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردستاندا، كە بە ئاشكار و لەبەردەمی دادگادا بەو پەڕی لە خۆبایی و نەسڵەمینەوە لە بەهای مرۆڤی ژن و نەسڵەمینەوە لە هیچ جۆرە ئەخلاقێكی كۆمەڵایەتی، ژن دەدرێتە بەر گولە و دەكوژرێت، لەم بارودۆخە كۆمەڵایەتیە شێواوەدا، خوێندنی وانەی ئەخلاقە لە فێرگەكاندا، هەر لە باخچەی منداڵانەوە تا دەگات بە زانكۆكان و خودی زانكۆكانیش، باشترین هەنگاوی پێشكەوتووە، دیارە هەرچ قۆناغێك لەو قۆناغانەی خوێندن، وانە و فێربوونی ئەخلاق بە گوێرەی خۆی و تەمەنی فێرخوازان پێویستە.
خوێندنی وانەی ناتوندوتیژی و بەرنگاربوونەوەی توندووتیژی بەرامەبەر بە مێینە، بە لای منەوە و بە گوێرەی قسەی پەروەردەناسان و فەیلەسوفەكانی پەروەردە باشترین و سەردەمیانەترین خوێندن و فێربوونە.
منداڵانی باخچەی ساوایان پێویستە فێری دادپەروەری و یەكسانی بن، فێری مامەڵەیەكی دادپەروەرانە بن لەگەڵ یەكتریدا. فێری ئەوە بن، كە یاریكردن و خۆشەویستی هاوڕێیەتی لەگەڵ یەكتریدا لە نێوان كوڕ و كچەكاندا دروست بێت، تاقمی كچان و كوڕان دروست نەكرێت و تێكەڵی یەكتری بن لە كاتی یاریەكانیاندا. 
لە قۆناغەكانی تری خوێندندا، منداڵ و مێردمنداڵ و خوێندكارەكانی تەمەن ١٦ ساڵ و بەرەوژورتر فێری ناتوندوتیژی بكرێن، هەر لە ڕێگەی وانەی ناتوندوتیژیەوە فێری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە مێنیە بكرێن.
ئەم بابەتە پێویستی بە بڕیاری وەزیری پەروەردە هەیە، كە لای من باشترین بڕیاری پێشكەوتووە بۆ ئەو ژینگە ناشیرین و دزێوەی كە مێنیەی تێكەوتووە، بووە بە كارەسات و دەیان و سەدان تاوان ساڵانە بەرامبەر بە مێینە دەكرێت.
٢ـ بۆ گەشەپێدانی بڕیارێكی وا لە لایەن وەزیری پەروەردەوە، پێویستە پەرلەمانتارەكان بڕیارێكی دیكە دەربكەن دژ بە توندوتیژی ناو خێزانەكان. بڕیار و یاسایەك دژی بەكارهێنانی توندوتیژی لە ناو خێزانەكاندا بەرامبەر بە مێینە، ئەم بڕیارە پێویستە بە زووترین كات دەربچێت، ئەوەندەش وردەكاری تێدا بێت، كە مێینەكانی ناو هەرچ خێزانێك نەترسن لە تۆماركردنی ساكاڵاكانیان بەرامبەر بە دایك و باوك و خوشك و برا گەورەكانیان لە كاتێكدا كە بە چاوێكی نزمتر و جیاوازتر لە نێرینەكانی ناو خێزان تەماشا دەكرێن. ئەم دوو بڕیارە، دەبێت بە بناغەیەك بۆ پشتیوانی لە مێینەی زوڵملێكراو، دەبێت بە زانین و هەستكردن بەوەی كچ و كوڕ لە ناو خێزان و فێرگە و كۆمەڵگەدا جیاوازیان نییە، بەم جۆرە ژینگە توندوتیژیەكەی بەرامبەر بە مێینە ساڵ بە ساڵ كەمدەبێتەوە و نامێنێت. 
٣ـ بڕیاری سێیەم، بڕیاری وەزارەتی  ناوخۆیە، بۆ پۆلیسە بەڕێزەكان، كە ببن بە هاوڕێ و هاوەڵی مێینەكان لە كاتی هەستكردن بە توندوتیژی بەرامبەریان، ئەمەش بە كردنەوەی خول و فێركردن و ڕاهێنانی پۆلیسە بەرێزەكان بۆ هەستكردن بە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە هەرچ مێینەیەك لە بازاڕدا كە هەراسان دەكرێن، لە ناو خێزانەكانیاندا كە دەچەوسێنرێنەوە. لە هەرچ شوێنێكی كاركردندا كە مێینە هەبێت، پێویستە پۆلیس بە چاوی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە چاودێری مێینەكان بكات، كە نێرینەكان توندوتیژی و سوكایەتی نەكەن بەرامبەریان. 
جیهاد موحەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی