مسرور بارزانى ره‌نگه به به‌خترین سه‌رۆك وه‌زیران بێت له مێژووى حكومه‌تى هه‌رێم، ره‌نگه ئه‌م بۆچونه نامۆ بیت لاى زۆربه‌ى كه‌سه‌كان، به‌ڵام به كه‌مێك وردبوونه‌وه ره‌نگه بۆچونه‌كه راست بێت.
سه‌ره‌تا كارى ئه‌م حكومه‌ته چى ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر كابینه‌كه‌ى پیش خوى، قه‌رزارى موچه نه‌بوایه‌و كه‌رته‌كانى كۆمه‌ڵگا هه‌موویان له ئاستێكى به‌رز بونایه و داهاتى نه‌وت و داهاته‌كانى تر ئاشكرا و روون بوایه، فه‌رمانبه‌رى بیندیوار نه‌بوایه، یاساكانى وه‌به‌رهینان به ریك و پیكى جێبه‌جێ بكرایه ، په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌غدا له ئاستیكى باش بوایه، بازار دور بوایه له قۆرخكارى و كۆمپانیاكانى حزب. بانكه‌كان متمانه‌یان هه‌بوایه لاى خه‌ڵك، به گشتى ئه‌گه‌ر دۆخى هه‌رێم له ئاستێكى باش بوایه له زوربه‌ى بواره‌كان ، ئه‌و كات ئه‌م حكومه‌ته ئیستا تووشى گه‌وره‌ترین قه‌یران ده‌بوه‌وه كه نه‌یده‌زانى چى بكات؟ ئه‌و كات ئه‌ركه‌كانى ده‌بوونه غه‌مى مافى ئاژه‌ل و مافى زه‌واجى هاوره‌گه‌زه‌كان و سى ڤی دروست كردن بۆ داره‌كانى دارستانه‌كان كه وه‌ك له هۆلندا كراوه بۆ داره‌كان!!.
ئه‌م سه‌رۆك حكومه‌ته تازه‌یه دووجار بازه‌كه له‌سه‌رى نیشتۆته‌وه، بازى یه‌كه‌م برتییه له‌وه‌ى كاتێك ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست وێرانه‌یه‌ك له به‌رده‌ستیه‌تى كه بوارى چاك كردنى زۆر فراوانه، شوشه‌ى زۆربه‌ى كه‌رته‌كان شكاوه وه‌ك له فلیمى (مندال) ی چارلى چاپلن منداله‌كه شوشه‌كان ده‌شكێنێت و چارلیش دروستى ده‌كاته‌وه !. ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌م چوار ساڵه له سه‌ر مه‌له‌فى چه‌ندین موچه و بندیوار كار بكات و موچه‌ى پله به‌رزه‌كان گۆرانكارى تیا بكات گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وت بۆ كابینه‌كه‌ى تۆمار ده‌كات، ئه‌مه جگه له باش كردنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌غداو كردنه‌وه‌ى بازارى كوردستان به بازارێكى ئازادى راسته‌قینه دور له مافیاكانى حزب. راسته هه‌موو چاره‌سه‌ر كردنێك لێدانه له به‌رژه‌وه‌ندى گروپێكى بچوك،به‌ڵام به قازانجى گشتى ته‌واو ده‌بێت،به‌رده‌وام ئه‌و گروپه بچوكانه ترسنۆكترین و گه‌نده‌ڵترین و دابڕاوترین گروپن له هه‌ر بنه‌مایه‌كى ئه‌خلاقى، كه له بچوكترین كاتى ته‌نگانه جانتاكانیان هه‌ڵده‌گرن هه‌ڵدێن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات.
بازى دووه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م سه‌رۆك حكومه‌ته جێگره‌وه‌ى كه‌سێكى نامۆ نیه ، به‌ڵكو ئامۆزاكه‌یه‌تى، كه هه‌موو شتێك بوه ته‌نها سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بوه به مانا زانستیه‌كه‌ى،كه ئه‌ركى سه‌ره‌كى هه‌ر سه‌رۆك وه‌ه‌زیرانێك كه‌م كردنه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى كۆمه‌ڵگایه ، به‌ڵام نیچرڤان بارزانى زیاتر قه‌یرانى له دواى خۆى به‌جێهێشتوه. به كورتى ئه‌م كابینه‌یه ئه‌وه‌نده بوارى ئیش كردنى هه‌یه ، ئه‌گه‌ر نیه‌تى كار كردنى جدى هه‌بێت به ئاراسته‌ى راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان ، قوڕ شێلانێكى گه‌وره‌ى ناوێت. دواجار ئه‌م حكومه‌ته تازه‌یه ئه‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌م وته عه‌ره‌بیه بكات ،كه زۆر راسته بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستان وته‌كه‌ش ده‌ڵێت( ئیفلاس بوونى حكومه‌تێك ئه‌نجامى كه‌مى پاره نیه، به‌ڵكو زۆر بوونى زیاد له راده له دزه‌كانه).
کامەران وریا قانع
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی