پەرلەمانتاران تاوانبارن گەر ئەم کارە نەکەن

09/09/2019

دەلیل جەمال

شارپرێس:

بۆهەرگروپ وتاقم و کۆمەڵێک پێش هەمووشت یاساو دیسپلینگ و ڕێساکانن کەدەتوانن ئەرک وماف دیاری بکەن و کۆمەڵگەش لەسەری دەڕواو ڕادێت. دەستوور زامنە. کورد دوای ڕاپەڕین ئەوەی زەروور بوو ئەم دەستورەبوو کەدەبوو هەبێت وببێتە چەتری یاساو ڕێساکان بەڵام نەیتوانی ئەو دەستورە بۆخۆی فەراهەم بکات و بەئێستاشەوە گیرۆدەی نەبوونی دەستورێکی پەسەندکراوی کۆمەڵگەیە. چونکە دەستوور دواجار زامنی مافی تاک وکۆیە یاساو ڕێساکان بۆچی پێشل دەکرێن؟

هەڵبەت یاسا وڕێساکان قابیلی پێشێل و پشتگوێ خستنن ڕاستە یاسا لەسەرووی هەموانەوەیە و پێویستی بە جێبەجێ کردنییەتی بەڵام ئەوەی دەتوانێت یاساکانیش لەهێرشی پێشێلکاران بپارێزێت دەستوورە نەبوونی دەستوور وای کردووە یاساکان بەمەزاجی حزبی یان شەخسی جێبەجێ بکرێن ئێمە باجی بێ دەستوری دەدەین. بیرمان نەچێ ئەوەی ڕوویداوەو دەکرێ ڕووبدات بوونی ئەوفەراغەگەورەیە لە هەرێمی کوردستان کەنەبوونی دەستورە ، ئەوەش بووەتە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنی شەڕی پیاوچاکانە لەجێگەیەکی تر کە دەرئەسڵ شوێنی ئەسڵی شەڕەکە نییە گەندەڵی قۆرغکاری ڕۆتین بێ یاسایی هتد ئەمانە کە زۆرینەمان قسەمان لەسەرکردوون و پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش ڕۆژتائێوارێ دەیڵێنەوە دەرئەنجامی غیابی دەستوورە .

پەرلەمان و پەرلەمانتار چی بکات؟ ئەگەر ئەم خولەی پەرلەمان بتوانێت دەستور بخاتە خانەی ئەولەوییەتی کارو بەرنامەی و لەم خولەدا کوردستانیانی هەرێم ببنە خاوەنی دەستورێکی پەسەند کراو لام وایە ئەم خولە ئیتر حەقی دەستخۆشی هەیە و ئەوە بەسە بۆ مێژووی خۆیان. چەند گرنگە کورد کیانێکی سەربەخۆو دەوڵەتی خۆی هەبێت هێندەش گرنگە لەئێستادا کورد خاوەنی دەستورێک بێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی تەواوی کایە ژیارییەکان و لەقاڵبدانی هەموو ئەو ڕەکیزانەی لێیان دەترسین و ڕۆژانە ڕوودەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی