ناوچەكە دوا هێرشەكەی سەر سعودییە

06/10/2019

بەختیار كاكی

ئێران بە دەستێك گورزی سەربازی دەوەشێنێت و بە دەستەكەی تریشی، دەست پێشخەری دانوستان و چارەسەری كێشەكان دەكات لە ڕێگەی ئاشتیییەوە. ئێران پێی وایە تا گورزەكە كاریگەرتر بوەشێنرێت، ئامادەیی بەرامبەر بۆ دانوستان باشتر دەبێت. 

لە كاتێكدا كە پارتە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە نەرویج لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئێرانی لە دانوستاندا بوون، سوپای پاسداران بە موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كردە سەر بارەگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە هەرێمی كوردستان.

لە كاتێكدا كە ترامپ ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریكا بۆڵتۆنی بەركەنار كرد و ئامادەیی خۆینیشان دەدا بەرامبەر بە ئەگەری كەم كردنەوەی سزاكانی سەر ئێران و دواجار دانوستان لەگەڵی، ئێران هێرشی كردە پڵاوگەكانی نەوت لە سعودییە. 

ئێران لە مێژە كاری هاوكات لەسەر هەردوو كارتی گوشار و نەرمی نواندن دەكات و زۆر بەباشی ئەو گەمەیە بەڕێوەی دەبات، نەیارەكانیشی گەر بیانەوێت ڕوبەڕووی ئَێران ببنەوە دەبێت هەمان ستراتیژ بەكار بهێنن.

لەئێستادا ئەمەریكا و ئیسڕائیل وسعودییە، باش لەوە گەیشتوون كە تا باڵەكانی ئێران لەناوچەكە لەكار نەخرێن، هێرش كردنە سەر ئێران ڕیسكێكی گەورە دەبێت بەو پێیەی كە كارادنەوەكان چاوەڕوان نەكراو دەبێت، هەر بۆیە لە ئێستادا نەیارەكانی ئێران كاری یەكەمینیان خۆپارێزی و دووەمینیان كاركردن دەبێت لەسەر لەكار خستنی باڵەكانی ئَێران.

وەك دیارترین كاردانەوەش بەرامبەر بە هێرشەكەی سەر سعودییە، دوای 13 ساڵ لە بەكار هێنان، ئەمەریكا بنكە ئاسمانییەكەی لە عەدیدی قەتەرەوە گواستەوە بۆ ویلایەتی كارۆلینای باشور لە ئەمەركیا و هۆكاری سەرەكیش ئەو بار گرژییە یە كەلەنێوان ئەمەریكا و ئێراندایە.

خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی پێشكەوتووی ئەمەریكا لە كەنداو و هێرش كردنە سەر پاڵاوگەی ئارامكۆ لە سعودییە كە ئەمەریكا پێی وایە ئێرانی دەستی هەیە لەوكارەدا، هۆكاری سەرەكی بوو بۆ چۆڵكردنی بنكەی ئاسمانی عەدید لە قەتەر. 

ئەمەریكا پێی وایە كە ئەگەر جەنگێك لە نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و ئێراندا هەڵگیرسێت، بنكەی ئاسمانی عەدید ئامانجێكی ئاسان دەبێت بۆ ئێران و هیچ گرەنتییەكیش نییە كە بتوانرێت بە سیستەمەی دژە موشەكی پارێزگاری لێ بكرێت، بەو پێیەی ئەو سیستەمەی كە لەو بنكەیەدا بوونی هەیە، تایبەتە بە خستنە خوارەوەی موشەكی دوور مەودا و ئەو فڕۆكانەی كە لە بەرزییەكی زۆرەوە دەفڕن هەر لەبەر ئەوەشە كە هیچیان پێناكرێت لەگەڵ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ئەو موشەكانەی كە بە بەرزییەكی كەم هەڵ دەدرێن، هەروەك چۆن لە كاتی هێرشەكەی سەر پاڵاوگەی ئارامكۆ لە سعودییە ئەو سیستەمە هیچی پێنەكرا. 

ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا نیگەرانی لەلای وڵاتانی كەونداو دروست كرد بەو پێیەی كە توانای وەڵام دانەوەی دەست بەجێی ئەمەریكا سنوور دار تر دەكات گەر بێت و ئەو وڵاتانە بكەونە بەر هێرشی ئێران، لە لایەكی دیكەشەوە قەتەر پێشتر بڕی 1.8 ملیار دۆلاری لەو بنكە ئاسمانیەدا خەرج كرد لەكاتی نوێكردنەوەی دا لەبەر ئەوەی بوونی ئەو بنكە ئاسمانییە، متمانە و پێگەیەكی تایبەتی بەخشیبوو بە قەتەر لەبەرامبەر نەیارەكانیدا. 

بنكەی ئاسمانی عەدید بە یەكێك لە گەورەترین بنكە ئاسمانییەكان لە ناوچەكە دادەنرا كە جگە لە لەخۆ گرتنی 300 فڕۆكە، توانای هەبوو 10 هەزار سەربازی ئەمەریكا لە خۆیدا جێبكاتەوە. 
 
بەختیار كاكی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی