ئابووری ڕۆلی سەرەکی و کاریگەری دەبینێت بۆسەر کۆمەڵگا و وڵاتان و ماڵباتەکان ، کارل مارکس-ی فەیلەسوف دەڵێت : « ئابووری ، سیاسەت لە ئەسکوردیەوە بەڕێوەدەبات » ئابووری باڵایە و میحوەرە ، بەڵام هەندێ هزرمەندی تر پێیان وایە کە پەیوەندیەکی بەرانبەیی « تبادلیە » لەنێوان سیاسەت و ئابووریدا هەیە و هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی و ئابووری دەیجوولێنێت ، مارکس پەسندی بیردۆزی ئابووری وەک هێزی فشار بۆ سیاسەت دەکات و ، پێی وایە کە ئەمە سیستەمی ئابووریە دەستنیشانی سیاسەت و قانون لە دەوڵەتدا دەکات و ، تێیدا گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆیدا دەسەپێنێت و دەوڵەت تەنها ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی چینی باڵادەستی ئابووری لەهەر وڵاتێکدا ، ئەم قسەیەی مارکس نموونەیەکی جوان و ڕوونە بۆ قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی (2008) کە حکومەتی ئەمەریکای پاڵنا کە بەتۆپزی سیاسەتی دارایی و نەختیبە بگۆڕێت بۆ بەروەڕووبونەوەی لێکەوتەی قەیرانەکە و بارگرانایەکەی خستەسەر کۆمەڵگا و ، هەروەها قسەکەی مارکس لەگەڵ وڵاتانی نەفتی-ش دەگونجێت ، کە زۆرجار سیاسەتەکانیان دەبنە بارمتەی هەڵبەزین و دابەزینی نرخی نەفتی جیهان ، کە عێڕاق-یش یەکێکە لەو وڵاتانە ، بۆیە ئابووری هەرتەنها چاڵاکیەک نیە کە وڵاتان هەڵسن بۆ زیادکردنی داهاتیان یان باشکردنی دۆخی هاوڵاتیانیان ، بەڵکو بۆتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هێزی سیاسی و ئامرازێکە بۆ نفوز ، ئەو دەسەڵاتدارەی توانی دەستەبەری خۆراک و کار و ووزە بۆ گەلەکەی بکات و سەرچاوەکانی فرەچەشن بکات ، ئەوا مەساحەیەکی گەورەی لە سەقامگیری و توانایی بۆ بڕیاردان دەبێت و کەس ناتوانێت نادیدەی بکات ، ئەوەی نەشیتوانی ئابووریەکەی بەهێز و فرەسەچاوە بکات ، ئەوە خودی ئابووری دەبێتە هەڕەشە بۆی کە دواجار هەرچەند هێزی سەربازی و گووتاری سیاسیشی هەبێت ، خۆی لەبەردەم پاڵەپەستۆی ناوخۆ دەبینێتەوە و لەپەلەپۆ دەکەوێت .
لە فەرماندەیەکی دێرینی جەنگ-یان پرسی : لەبەرچی شەڕ هەڵدەگیرسێت ؟ وەڵامیدایەوە : لەپێناو پارچە گۆشتێکی زیادە بۆسەر خوانی سەرکەوتوو ، ئەم وەڵامە کورتکردنەوەی بنچینەی ئەو هۆکارەی کە « ئەوان قۆناغانی کۆن » لەگەڵ سەردەمی پێش مۆدێرنە جیادەکاتەوە ، ئەمە گوزارشتە لە جەوهەری ڕۆلی ئابووری و هەڵگیرسانی شەڕ و هەڕەشە بۆسەر ئەمنیەتی دەوڵەت و کۆمەڵگا و خێزان و هەموو ئەو چاڵاکیانەی کە لەسەر پشتی زەوی هەڵدەستن ، کێ هەیە لە ئێمە لە ماڵ کە تووشی کێشە و گرفتێکی دارایی دەبێت ، بزانە چۆن شیرازەی خێزان تێکدەچێت و ئەو ماڵەت لێدەبێتە جەهەنەم و دەیان گرفتی ناخۆش سەرهەڵدەدات !! لەوسەردەمەی ئێستای ئێمەشدا شەڕ لەپێناوی پارچەگۆشتێکی زیادە بۆسەر خوانی سەرکەوتوو هەڵدەگیرسێت ، بەڵام سیاسەت و دبلۆماسیەت توانیان وا لەو پارچەگۆشتە بکەن کە بێ شەڕ بەدەست بێت ، بۆئەم مەبەستە و لە پەڕوایزی کۆڕبەندی میری-دا کە وێڕای هەندێک کەموکوڕی ، بەڵام وتووێژە سیاسیەکان بەشێوەیەکی واقیعی و بابەتی و لۆژیکی بەڕێوەچوون ، کە لەنێویاندا سەرۆکی هەرێمی کوردوستان بایەخ و هێزی ئابووری و ڕەخنەگرتن لە هەندێک لە حزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان خستەڕوو ، کە لەناو هەندێک دەستبژێر و خەڵک و کوردانی ڕۆژهەڵات لە سۆشیالمیدیا هەرا و موشتومڕیان نایەوە و رەخنەگرتنیش شتێکی ئاسایی و تەندوستە و کوفر نیە ، لەو کۆڕبەندەدا سەرۆکی هەرێمی کوردوستان ئاماژەی بە گەورەترین هەڕەشەی ئێستا بۆسەر عێڕاق کرد ، کە هەڕەشەی ئابووریە ، ئەم قسەیەی بەڕێزیان شلۆقی « هشاشە »ی هەر وڵاتێک پێشاندەدات کە ئابووریەکەی لەسەر یەک تاکە سەرچاوە هەڵدەستێت وەک تاکە ستوونی بنچینەیی لەوانە نەفت ، بۆیە سەرۆکی هەرێم لەو دیدگایەوەی کە هەر وڵاتێک پشت بە تاکە سەرچاوە ببەستێت و ئەگەر ئەو وڵاتە بەهەر هۆکارێک بێت ، دەرگای ئەو سەرچاوەیەی لێدابخەیت ئەوا خۆی لەنێو دۆخێکی زۆر خەتەرناک دەبینێتەوە و ، هەروەها هەر دابەزینێکی تووندی نرخ یان وەستاندن یان کەمکردنەوەی نەفت وڵات بەرانبەر کورتهێنانێکی گەورەی دارایی دەبات و ، بەمە شلۆقی ئابووری بەرەو شلۆقی سیاسی دەچێت و ئێسکی دەوڵەت دادەخورێت و دواجار قەیرانی دارایی و ئەمنی بەدوادادێت ، وەک ئەوەی ئێستا عێڕاق لەبەر کەمبونەوەی ڕۆیشتنی نەفت خەریکە تووشی قەیران دەبێت و ، ئەوەتا دەستی بە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کرد و بارگرانایی ئابووری خستۆتە سەر شانی هاوڵاتی کە سەقامگیری تێکدەدات ، سەرۆکی هەرێم پێمان دەڵێت کە ئابووری گرێدراوی جوگرافیا و ئاسایش و مێژوو و ئایدۆلۆژیا و تموحاتی سەرکردە سیاسیەکانە ، ئابووری زمانی سیاسەتی نێودەوڵەتیە ، چیتر سەرکەوتووی ڕاستەقینە ئەوەنیە کە ئیرادەی خۆی بەسەر ئەوانی تر بسەپێنێت ، سەرکەوتووی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئابووریەکی وابەهێز بونیاتبنێت کە گەلەکەی هەندە لە قەیرانەکان نەترسێن و هەندە پشت بە دەرەوە نەبەستێت ……. هەر لەو پانێلەدا سەرۆکی هەرێمی کوردوستان ڕەخنەی لە ڕەفتاری نابەرپرسیارانەی هەندێک لە حزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی گرت ، کە پێویستە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەرێمی کوردوستان-یش ڕەچاوی دۆستایەتی و دراوسێتی وڵاتانی دەروبەر بکات ، بەڕێزیان مەترسی بۆسەر هەرێمی کوردوستان وەک قەزیەیەکی چارەنووسساز خستەڕوو ، کە پێویستە بە هۆشیاریەکی قووڵ و حسابێکی وورد مامڵەی لەگەڵدا بکرێت و ، لەکن جەنابیان جوگرافیا نەک هەر پەیوەندیەکی ئەبەدی لەنێوان هەر چوار کچە جوانەکەی کوردوستانی دایک پێکنەهێناوە ، بەڵکو لەکن ئەو پیاوە چوار جمکی یەک دایکن کە ناتوانرێت بە تۆپزی هەڵوەشێنرێنەوە ، ئێستا بڕۆ لە زیرەکی دەستکرد (Chat GPT ) بپرسە کە ژمارەی ڕۆلەکانی هەرسێ جمکە خوشکەکە لە هەرێمی کوردوستان ، وێڕای دۆخی خەراپی ئابووری و لاوازیەکەی هەرێم ، چەندە لای ئەو خوشەکەیان کە ئەوە سەد ساڵە لە چاوەڕوانی ئەو نیمچە سەربەخۆیەدایە بۆئەوەی بەدیاربکەوێت ؟ وڵامتدەداتەوە کە ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردوستانن ، قسەکانی جەنابیان لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێویستە لەسەر هەموو دڵسۆزێکی کورد دۆخی هەرێمی کوردوستان لەبەرچاوبگرن و بەدووری بگرن لە هەڕەشە کە بەرگە ناگرێت و ، ئەرکی پاراستنیشی بەرپرسیارتیەکی هاوبەشی نەتەوەییە و دەبێت هەموولایەک پێیوە پابەندبن و ، بەدووری بگرن لە کێشە و ململانێی دەرەکی و ناوخۆ یدا .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی