ئایە پاکستان و تورکیا،لەپاڵ سعودییە، هێرش بۆسەر حوسییەکان دەبەن ؟

58 خولەک پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لەسەر بنەمایەکی ڕوون و ئامانجێکی دیاریکراو بنیات نراوە، کە ئەویش تەنها " بەرگری " بووە. لە ڕوانگەی پێکهاتە و فەلسەفەی دامەزراندنییەوە، هێرشکردن و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە نەخشە و ئامانجەکانی. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بناغەی ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای ئاسایشی کۆمەڵی و بەهێزکردنی دەروازەکانی ڕێگریکردن لە هێرش ڕێکخراوە، نەک فراوانخوازیکردن یان تێوەگلانی سەربازیی دەرەکی.

سەڕەرای ئەم تایبەتمەندییە یاسایی و ستراتیژییانە، واقیعێکی جیاواز لە گوتاری شیکاریدا دەبینرێت؛ ژمارەیەکی زۆر لە شیکەرەوان و ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکانی جیهان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە که دەبێت وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەت پاکستان یان تورکیا، توانای هێرشبەرانەی خۆیان بخەنە خزمەتی پاراستنی عەرەبستانی سعودییەوە. ئەمەش ناکۆکییەک لە نێوان سروشتی پەیماننامە بەرگرییەکان و پێشبینییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەو شیکەرەوانەدا دروست دەکات.

لە لایەکی ترەوە، لە حاڵەتی ڕوودانی هەر مەترسییەکدا،ئەوەی  چاوەڕوان دەکرێت ئەم وڵاتانە بەشداربن و هەموو هەوڵێک بدەن تا ئەو ڕادەیەی توانایان هەبێت، دامەزراوە ستراتیژییەکان، ناوەندە نەوتییەکان و شوێنە هەستیارەکانی عەرەبستانی سعودی بپارێزن، بەڵام ئەمە هەمیشە لە چوارچێوەی سنووردارکراوی بەرگریدا دەمێنێتەوە نەک ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەی فراوان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی