لە
دارستانێکی چڕدا شێرێک دەژیا. هاوشان بەوەش، لە هەمان دارستاندا و لەو شوێنەدا دەیان
ئاژەڵی تری جۆراوجۆر دەژیان. هەڵبەت، هەمووشمان دەزانین شێر لە هەر شوێنێک بێت، دەبێت
پاشا بێت و لە سنووری قەڵەمڕەوی ئەودا بەبێ پرسی ئەو کەس نابێت تەنانەت بشکۆخێت.
بەپێی
ئەو زانیارییانەی من لە چیرۆکە تایبەتەکانی شێوازی ژیانی ئاژەڵان خوێندوومەتەوە، دەڵێن
شێر دوای ئەوەی تێر دەخوات، دەچێتە خەوێکی قووڵ و بێئاگایی دایدەگرێت؛ بە جۆرێک لە
واقیعی ئاگایی دادەبڕێت و وەکو مردووی لێدێت.
ڕۆژێکیان،
ئەو شێرە دوای ئەوەی خەریکی خواردنی مامزێکی ڕاوکراو دەبێت، بۆیەش دەچێتە باوەشی خەوێکی
قووڵ و جوڵەی لێدەبڕێت. ڕێویش، کە هەموو ژیانی لەسەر فێڵبازی بنیات نراوە، لە دوورەوە
چاودێری شێرەکە دەکات. بۆیە لە شێرەکە نزیک دەبێتەوە و بەئەسپایی و بە ڕیخەڵۆکی پاشماوەی
کەلاکەکە، دەست و پێی شێر توند دەبەستێت.
پاشای
دارستانیش، ئەگەرچی فەرمانڕەوای دارستانە، بەڵام لە خەوی شیرینی خۆیدایە. ئیدی ڕێوییەکە
دەست دەکات بە خواردنی ئەو پاشماوەیەی لە کەلاکەکە بەجێماوە.
دوای
ماوەیەکی زۆر، پاشای دارستان لە خەوە قووڵەکەیدا بێدار دەبێتەوە و هەست دەکات هەر
چوار قاچی بەستراوەتەوە. کاتێک سەیری دەوروبەری دەکات، ڕێوییەک دەبینێت کە بەو حاڵەتەی
شێر پێدەکەنێت. ئیدی شێرەکە دەزانێت کە مەسەلەکە ڕێوییە و هەر ڕێوی خۆیشی ئەو دۆخەی
بەسەر هێناوە.
شێرەکە
هەرچی توانا و وزەی جەستەی هەیە، هەرچی ئیرادەی پاشایەتی هەیە، هەمووی دەخاتە گەڕ
بۆ کردنەوەی قاچەکانی خۆی؛ بەڵام بێسوود دەبێت. دواتر مشکێک، کە ماڵی لە نزیک بێشەڵانی
شێر بوو، کاتێک شێری لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا بینی، دڵی پێی سووتا. لە شێرەکە نزیک
بووەوە و بە ددانە تیژەکانی کەوتە قرتاندنی ئەو ڕیخەڵۆکانەی شێری پێ بەستراوە و جوڵەیان
لێ بڕیوە.
دوای
ئەوە، شێر سوپاسێکی گەرمی مشکەکەی کرد. پاشان بارگەی تێکنا و دارستانی بەجێهێشت.
لە ڕێگادا
گەیشتە مام ورچ. مام ورچ لێی پرسی:
– جەنابی پاشا، بۆ کوێ؟
شێر وەڵامی دایەوە
و گوتی:
– دەڕۆم، ئیدی بۆ هەتا هەتایە ناگەڕێمەوە.
مام ورچ پێی گوت:
– پاشای مەزن، ژیان لە دارستان بێ
تۆ ناگوزەرێت. تکایە بەجێمان مەهێڵە و مەملەکەتەکەمان بێ پاشا مەکە.
بەڵام شێر وەڵامی
دایەوە و گوتی:
– مام ورچ، کەی ئەوە پاشایەتییە؟ ڕێوی
بمبەستێتەوە و مشک ئازادم بکات، ئەو پاشایەتی و دارستانە هەر بۆ ڕێوی و مشک باشە.
دەشڵێن
لەو کەونارای نیشتمانەی ئێمەدا ڕێوییەک چونکە پارەیەکی زۆری هەیە، باخچەیەکی ئاژەڵانی
کردووەتەوە و پڕی کردووە لە شێر و ڕۆژانە سەدان کەس دەچنە ئەو شوێنە و هەر لەوێشدا
ڕێوی بە فیزێکی زۆرەوە باسی ترسنۆکی شێرەکان و ئازایەتی خۆی بۆ خەڵک دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی