گومان لە خۆپیشاندانەکانی عێراق

06/10/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە، لەبەرئەوەی کراسی دەیان خۆپیشاندان و گردبوونەوەو ئینقلابی بەپیسی دڕیووە! ئیدی هەرچی خۆپیشاندانێکی خۆڕسکانەیش لەناو واقیعی قەیرانەکانەوە سەرهەڵبدات، پێمانوایە دەستێکی پیسی لەپشتەو بەو کراسەیدا دەسڕێت ناوی خۆپیشاندانە.

لەڕاستیدا هیچ تەماشاکارێک چی تەماشاکار بەچاوی سەرو چی تەماشاکار بەچاوی عەقڵ، ناهەقی نییە گومانی لە هەموو خۆپیشاندانێک لەعێراقدا هەبێت کە دەستی دەرەکی تێدابێت. چونکە پرسی چاککردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ئابووری لە عێراق؛ پرسێکی هێندە گەورەیە بەخۆپیشاندانی خۆڕسکانە تەپاوتلێی پێناکرێت لە خراپەوە بۆ باش.

چەند خاڵێک گومان دەخاتەسەر خۆپیشاندانەکان کە ئەم خۆپیشاندانانەش خۆڕسک نین و دیسانەوە ویستێک هەیە بۆ تێکدانی دۆخی عێراق:

یەکەم/ گۆڕینی هوتافی خۆپیشاندەران لە چاکسازییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، پەیامێکە پێماندەڵێت هێزی پشت ئەم خۆپیشاندانانە ئامادەکاری بۆ دۆخێکیتر لەعێراق دەکات.

دووەم/ مەسەلەی لایەنە سیاسییەکان و نزیکیان لەخۆپیشاندەرانەوە. مەعقولییەتی تێدانییە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێش هەموویان (سەدر) ، پشتیوانی چاکسازین، بەڵام ئامادەنین بچنە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزی داواکاری ئەو خۆپیشاندەرانە بەهێزتر بکات. لەکاتێکدا پێشتر (موقتەدا سەدر) ساڵێکی دانابوو بۆ چاکسازی و حکومەت.

سێیەم/ ژمارە و هێزی خۆپیشاندەران بەبەراورد بەو هاوڵاتیانەی لەسەر داوای (موقتەدا سەدر) دەهاتنەسەر شەقامەکان، گەلێک کەمترەو گومان لەوە دەکرێت ئەگەر کێشەکە نەبوونی چاکسازییە بۆ هەموو هاوڵاتیان لەتەواوی پارێزگاکانەوە نایەنەسەر شەقام و داوای ئەو مافە سەرەتاییانەی خۆیان بکەن؟

چوارەم/ ئەگەر لەو پارێزگاو شارانە بڕوانین کە خۆپیشاندانیان تێدایە لەسەر ئاستی عێراق، ئەوا بەزۆری پارێزگاکانی باشووری عێراقە کە شیعەن. ئەی بۆچی ئەو پارێزگایانە خۆپیشاندان ناکەن کە سوننەن و لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون؟

پێنجەم/ سوتاندنی هەندێک دامودەزگا لەو پارێزگایانەی کە خۆپیشاندانی تێدا دەکرێت و بێدەنگی لەهەندێک دامودەزگایتر "کە لەواقیعدا نابێت هیچیان زەرەریان پێبگات"

شەشەم/ پەیامی خۆپیشاندەران بۆ چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیران (عادل عەبدولمەهدی). خۆپیشاندەران دەڵێن ئێمە چاوەڕێی چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیران ناکەین و خۆمان کۆدەکەینەوەو لە ماوەی (۷ بۆ ۱۰) ڕۆژیتردا بەفراوانترو بەهێزتر دێینەوە. واتە وەڵامەکەی عەبدولمەهدی ئەگەرچی لە ۱۷ بڕیاردا کۆکراوەتەوەو گرنگە، بەڵام خۆپیشاندەران بڕیاریانداوە گوێی نەدەنێ.

حەوتەم/ ڕەنگە ئەم خۆپیشاندانانە، دواین کارت بێت دژی عادل عەبدولمەهدی بۆ جێهێشتنی دەسەڵات کە چەندانجار لەبەرامبەر نەیارەکانیدا ڕایگەیاندووە دەسەڵات جێناهێڵێت و لەپۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.

هەشتەم/ لەڕاستیدا هەریەکێک لەوڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکاش جۆرێک لەبێدەنگیان هەڵبژاردووەو هیچ پەیامێکی ڕوونیان نییە بۆ حکومەت و دەسەڵات لەعێراق جگە لەهەندێک بەیاننامە کە داوادەکات گیانی خۆپیشاندەران بپارێزێت.

بەگشتی ؛ ئەم دۆخەی عێراق لەدەرەوەی مێژوو نییە و چەندە بتەوێت لەدەرەوەی مێژوو لێکدانەوەی بۆ بکەیت. دواجار جوگرافیای عێراق و مەزهەب و پێکهاتە جیاوازەکان کۆمەک بەبیرکردنەوەکەت ناکەن.

 

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی