سەرکردایەتی کوردستان، کاتی هەنگاوە مەزنەکەیە

21/10/2019

هەژار سدیق


لەمانگی پێنجی ئەمساڵ، لەسایتی (شارپرێس)ی ئازیز لەووتارێکماندا،باسی گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی ناوچەکەم کردبوو،داواشم لەسەرکردایەتی سیاسی کوردستان،یەکێتیی و پارتی و پەکەکە کردبوو،ئەگەر ڕیزەکانیان یەکنەخەن،ئەمریکا وەك هێزێکی بەکرێگیراو و مورتەزەقە مامەڵەمان لەگەڵ دەکا.

بێگومان هەرواش دەرچوو،سەرۆکی ئەمریکا لەیەکێك لە تویتەکانیدا دەڵێ پارەو چەکی زۆرمان داوە بەکورد.

ئێستاش درەنگ نیە،بۆ دەستپێکردنی هەنگاو و بڕیارە مەزنەکە،پێویستە هەرسێ هێزە گەورەو بڕیار بەدەستەکەی کوردستان،کەخاوەنی هێزی سەربازی و ئابوری و دیپلۆماسی ئەوتۆن،بەیەکگرتویی دەتوانن هەموو پیلان و گەلەکۆمەکیەکانی سەر گەل و خاکی کوردستان بوەستێنن و هێرش و داگیرکاریەکانیش پێچەوانە بکەنەوە،بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوە ژیان لەکوردستان و ناوچەکە.

بێگومان بەیەکڕیزی و یەکدەنگی هەرسێ هێزی بڕیاربەدەستی کوردستان،کۆمەڵی نێودەوڵەتی و مرۆڤدۆستانی دنیاش،دەبن بەپشتیوانێکی بەهێزی گەلەکەمان و هەموو پیلانەکانیش پوچەڵ دەبنەوە.

بۆ هەرسێ سەرۆکە مەزنەکەی گەلی کوردستان کۆسرەت ڕەسول عەلی و مەسعود بارزانی و جەمیل بایك،وەختیەتی بڕیارە مێژووییەکە بدەن،لەسەر دەستی ئێوە وەرچەرخانێکی نێودەوڵەتی بێتەکایەوەو ببن بەسەرکردەی سەدە و فریادڕەسی ژیانی ملیۆنەها کوردو تورك و عەرەب.

زۆر بەداخەوە،ئێمەی کورد ڕۆژگارێکی زۆرمان بەڕێکردووە لەبەرگریکردن و لەهەمان کاتیشدا لەناتەبایی نێوانمان.

بەرگری و بەرخۆدانی گەلەکەمان ڕەوایە،لەپێناو چەسپاندنی دیموکراسی و مافەکانی گەلەکەمان و ئەو نەتەوانەی کە لەسەر خاکی کوردستان دەژین،بەڵام بەداخەوە،ناتەبایی و جیاوازیەکانیش،وایکردووە هەموو ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان بەفیڕۆ بچێت و لەهەمان کاتیشدا،سەنگ و قورسایی پێشمەرگەو گەریلاو شەڕڤانی کوردی بێ بەها کردووە.

بێگومان تاکە هۆکاری ڕۆیشتن و پشت تێکردنی دۆستە ئەمریکی و ئەوروپاییەکانیشمان،ئەم ناتەبایی و پەرتەوازەییەی ئێوەیە،کەنەتوانین،بەبێ پشتیوانی دەوڵەتانی ئەمریکاو ئەوروپا،گەل خاکەکەمان لەپەلاماری داگیرکەران بپارێزین.

کاك كۆسرەت و کاك مەسعود كاك جەمیل،دەرفەتێکی ئەڵماسیان بۆ هەڵکەوتووە،بۆ ئەوەی مێژووی ماڵوێرانی کورد پێچەوانە بکەنەوەو بڕیارە مەزنەکە بدەن.

بێ ئەوەی دەورووبەر ئستیفزاز بکەن،ئەتوانن بڕیارە مەزنەکەی یەکڕیزی کوردان ڕابگەیەنن،بەم بڕیارە مەزنەتان،سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهانیش بگۆڕن و دوژمنەکانیش بکەن بەدۆست و دۆستەکانیشمان هەمیشە شانازیمان پێوە بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی