دەڵێن با بایكۆتی كەلوپەلی توركی بكەن؟

22/10/2019

كاوان ئەبوبەكر

باشە با دەست پێ‌ بكەین جوانترین جلوبەرگ‌و پۆشاكی ژنان‌و پیاوانی كوردیمان هەیە، كە هەر میوانێكی بیانی دێتە كوردستان، دەستێك جلی پێشكەش ئەكەین‌و لەبەری ئەكەین، ئیتر بۆچی بەرووتی بسوڕێینەوە‌و جلی توركیمان بۆچییە؟.

خۆشترین‌و بەتامترین خواردنی كوردەواریمان هەیە لەبرنج‌و ساوەر‌و قەرەخەرمان‌و ....تاد، تێریشی پێ‌ ئەخۆین‌و لەرووی تەندروستیشەوە پاك‌و خاوێن‌و متمانەشی زیاترە، ئیتر بۆ خواردنی توركی بخۆین؟

من ئەوە چەند ساڵێكە لەسەر تاقمە قەنەفەیەك دادەنیشم كە دەستكردی وەستا‌و شاگردی سلێمانییە‌و مەوادەكانیشی ئێرانی‌و مالیزییە‌و هیچ عەیبی نییە‌و تا ئێستا نەپیس بووە‌و نە شكاویشە، لەتانجەرۆی سلێمانیش درووست دەكرێت، ئیتر بۆ لەسەر ئەرز دابنشین‌و قەنەفەی توركیمان بۆچییە؟

حەسیری زۆر باش هەیە بۆ هاوین‌و فەرش‌و كومباری ئێرانی باش‌و هەرزانیش هەیە، دانیشتن لەسەر گوێنی دروستكراوی سلێمانی، زۆر خۆشترە، ئیتر كومبار‌و راخەری توركیمان بۆچییە؟

نانخواردن لەسەر زەوی كلتورێكی جوان‌و باوی كوردە‌و هیچ پێویستی بەمێز‌و كورسی نییە، ئیتر كورسی‌و مێزی توركیمان بۆچییە؟

لەوانەیە ناوماڵەكانمان ئامێری توركی تیا بێت، بەڵام ئەتوانین ئەوانیش بەكار نەهێنین‌و وردە وردە لەگەڵا وەرگرتنی موچە جوانەكەماندا بیانگۆڕین بۆ ئامێرە ئیتاڵی‌و چینییەكان كە ئێستا لەزۆربەی كۆمپانیاكانی سلێمانی بەقیست‌و بێ‌ پێشەكی دەستەبەرە، ئیتر ناوماڵی توركیمان بۆچییە؟

دەرگا‌و پەنجەرەكانیشمان دەتوانین وەك كەلوپەلی ناوماڵەكانمان بگۆڕین، كە بەهەمان شێوە بەردەستە، ئیتر دەرگا‌و پەنجەرەی توركیمان بۆچییە؟

پانكە‌و موبەریدەی ئێرانی كە باشترین جۆرەكانی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی تەنیوە‌و زۆر هەرزانیشە، بەكاردەهێنین‌و گەرماشمان نابێت، من تا ئێستا سپلێتم نییە‌و بەكاری ناهێنم‌و لەگەرماشدا نەمردووم، ئیتر سپلێتی توركیمان بۆچییە؟

چەندین وڵاتی سیاحی لەدەورو بەر‌و دوورتر هەیە‌و زۆر بەئاسانی لەرێگەی نوسینگە گەشتیارییەكانەوە دەتوانین سەفەری بۆ بكەین‌و زۆر خۆشتر‌و هەرزانتریشە لەسەفەری توركیا‌و ئەشتوانین نەچین بۆ شیمالی تاران، ئیتر سەفەری توركیامان بۆچییە؟

ناخۆشترین شیرینی لەجیهاندا شیرینی توركییە، بە بەراورد بەشیرینی ئێرانی‌و شامیی، خۆشترین فستق لەجیهاندا كە نزیك بێت لەئێمەوە‌و گرانترین فستقیش بێت، فستقی ئێرانییە، ئیتر شیرینی توركی‌و چكڵێت و حەلەوییات‌و پاقلاوە‌و فستقی توركیمان بۆچییە؟

حەمامی دەرەوە، ئێستاش خۆشترین حەمامە، گەرم‌و پاك‌و خاوێن، هەموو جۆرەكانی تەوالێتی ئێرانیش لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەكواڵێتی بەرز‌و هەرزانی نرخەوە هەیە، ئیتر حەمام و تەوالێتی توركیمان بۆچییە؟

بازاڕەكانی كوردستان پڕییەتی لەئاوێنەی چینی، خۆ ئەگەر هەر نەبوو، دەتوانین بۆ كەشخەیی خۆمان لەئاوە سازگارەكانی كوردستانەوە سەیری رووخساری خۆمان بكەین، ئیتر ئاوێنەی توركیمان بۆچییە؟

ئای كاكی گیان لەپەردەی چینی‌و ئێرانی كە زۆر‌و زەوەندە‌و هەرزان‌و جوانە، خۆ ئەگەر هەر دەستیش نەكەوت، ئەوا بەحەسیر‌و بەتانی تەحالوف وەكو ساڵانی زوو دەتوانین پەنجەرەكانمان بڕازێنینەوە، ئیتر پەردەی توركیمان بۆچییە؟

مەسەلەی نەوت فرۆشتن كە ئەساسی پرسەكەیە‌و من شارەزاییم لێی نییە، بەڵام دەكرێت ئەویش لەرێگەی بەغدا (چونكە بەغدا باشترە لەتوركیا، هەر هیچ نەبێت لەئێستادا كورد ناكوژێت) یان لەئێرانەوە یان لەوڵاتێكی ترەوە بفرۆشرێت، ئیتر ئەو رێگەیەی توركیامان بۆچییە؟ 
كاكە گیان دەبێت بەلۆژیك بیربكەینەوە، ئەگەر ئێمە بتوانین بەتەواوەتی بایكۆتی كاڵای توركی بكەین، هەڵوێستێكی ئەو پەڕی كوردانەیە‌و لایەنی كەم رێگە لەگەشەسەندنی ئابوری ئەو وڵاتە دەگرین، ئەگەر ئەو دەرگایەش داخرا، وەكو دەڵێن خوای گەورە دەیان دەرگای ترت بەروودا دەكاتەوە، هەندێكجار بیركردنەوە بەعاتیفە چارەسەرێكی گونجاوە بۆ كێشەكان، بێگومان هەڵوێستێكی تری كوردایەتی، خیانەت نەكردنە.

كاوان ئەبوبەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی