بۆچی كوردی باشوور لەم كاتەدا وا دەكات؟

02/11/2019

عیماد عەلی

لەجیاتی پلان و خوێندنەوەی پێشبینی راست و چاوەڕوانی ئەگەرەكان و كاریگەریەكانی ئەو حەشاماتەی بەغدا و خۆهەڵقورتانی وڵاتانی دەوروبەر لە عیراق و هەوڵی هەمەجۆری چەن لایەنە بۆ گۆڕینی ریشەیی لە پرۆسەی سیاسی بەگشتی و پەڕینەوە بۆ قۆناغێك ئەگەر كورد ئامادەی نەبێت و خۆی بۆ ئامادە نەكات و دەستی تێدانەبێت و هەموو تواناكانی نەخاتەگەڕ بەهەزار ویەك لایەوە زەرەر دەكات، كەچی ئا ئێستا لەم كاتەدا ئەم دەسەڵاتە بێفەڕە شەڕی پۆست و دەسەلات و ململانێ و كێبڕكێ و ركابەرێتی یەكتریانە. لەم كاتەدا كە نەك عیراق و لایەنەكان بەڵكو ولاتانیش ئیستیغلالی ئەم دۆخەیان كردووە و دەستی تێوەردەدەن و دەیانەوێت حوكمێكی تاك لایەنەی قۆرخكاری بەرقەراربكەن لەم وڵاتە شڵەژاوەدا و دەیانەوێت لە ریشەوە هەڵیتەكێنن و بەبەرژەوەندی خۆیان و بەوشێوەیە دەیانەوێت بیخەنە سەر سكەی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان، كەچی یەكێتی وپارتی تا ئێستا سەرقاڵێ ئەوەن كێ بەرێوەبەری ئەو ناحیە دوورە دەستە بێت یان كێ لەسەر خەزێنەكە بێت و كێ دەسەڵاتی كردنەوەی قاچی مریشكە بەستراوەكە بێت یان نەبێت. 

لە لایەكی ترەوە كۆمەڵێك رۆشنبیری كوردیش بە سۆزداری و بێ ئەوەی بە واقعیانە دۆخەكە بخوێننەوە یان بەمەبەستێكی كەسیی یان كارێكی پۆپۆلیستانە، وادەزانن ئەوەی لە زەرەر و دژی دەسەڵاتی كوردستاندا بێت لەقازانجی گەلی كوردستانە و ئەوەی لە سود و لەگەڵ راوبۆچونی دەسەڵاتی كوردستاندا بێت لە زەرەری گەلی كوردستانه، هیچ بوارێكیان بۆ هاوبەشیی لە بەرژەوەندیەكانی هەردوولا نەهێشتۆتەوە، یان سیاسەتی با بەمردنی خۆم و كەرە دێزەكەمیش تەواو بێت؛ بیر دەكەنەوە و هەنگاو دەنێن، ئەگینا منێك كە هیچم بەعیراقەوە نەبەستێتەوە و تا ئەمرۆ هەست بە هاوڵاتیبونی عیراقی نەكەم و تا ئەمرۆش گەلی عیراقی نەگەیشتبێتە ئەو ئاستە رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیەی كە منی كورد وەك هاوڵاتیەكی عیراقی پلە یەك پەسەند بكات و ئەمەش تاوەكو سەدەیكی تر بەردەوام دەبێت، كەچی منێكی بەناو رۆشنبیر تەنها وەكو بەهانەی پشتگیری خەڵكی رەشورووت كە تەنانەت بە زەرەری ئەو رەشوروتەش بكەوێتەوە  پشتگیری هەنگاوی هەڵە بكەم و بیرێكی ستراتیجیانەی گەلەكەی خۆم نەكەمەوە و هەمان هەڵەی باوباپیرانمان بكەم؟!

ئەمڕۆ دەسەلات و گەلی عاقڵ و خاوەن وڵات، وەك دڵسۆزی و بەرژەوەندی خۆی و دوارۆژی نەوەكانی، سەرجەم ئەگەرەكان لێكدەداتەوە و ئەوجا بریار دەدات و هەنگاوی ئاسایی خۆی دەنێت،  جاوەرە تۆیەكی بێ دەوڵەتی گیرخواردووی دەستی چوار دەوڵەت لە قۆناغێكی هەستیاری ئاوا كە هەڵەیەك بە هەزار هەڵە دەكەوێتەوە، چەند حزبێك حوكمت بكەن خەریكی شتی لاوەكی بن و هیچ دیدگایەكی راست و دووربینیەكیان نەبێت و بەردەوام لە رق و كینە و تۆڵەكردنەوە دا بن و هەوڵی یەكترلەناوبردن بدەن و بوارێكی فراوان بۆ دەستتێوەردان و لەناوبردنی گەل لەلایەن دوژمنانەوە برەخسێنن.

ئەوە تكا و رجایەم‌ لەم كاتەدا لە هەموو لایەكی دڵسۆز و خەمخۆری ئەم گەلە ئەوەیە كە  راوبرچون و بیرو پێشنیارێكی راست دەربڕن و بە هەموو توانایەك  فشارلەسەر ئەم حزبانەی دەسەلات بكەن كە هەر هیچ نەبێت بۆ كاتێكی كورت لەم قۆناغە زۆر ناسكە و زۆر خێرا گۆڕاوەی عیراقدا راوەستەیەك بكەن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت  پریشكی ئاگرەكەی عیراق بەفراوانی بەر ئێمە و دوارۆژمان نەكەوێت و ئەو ململانێیە بۆ ماوەیەكی كورت راوەستێنن و هەست بەو مەترسیە گەورەیە بكەن،  با نسكۆ و ئاشبەتأڵ و ئەنفالێكی دیكەی لە جۆری دیكەمان بەسەردا نەیەت.

لەلایەكی ترەوە تكاكارم لە رۆشنبیران بێ پۆپۆلیستانە و بڕیاری سەرپێی هەڵوێست لە پرسە هەنوكەییە هەستیارە گرنگەكان بورەبگرن، وەكو لەم رۆژانەدا و بە بەهانەی پشتگیری گەل و خەڵكی داماو كە بە بێ خوێندنەوەی وردی دەرئەنجامی ئەوەی روودەدات، كۆمەڵێكی هاوسۆزی كوردستان هەڵوێستیان دەربڕی، با جارێكیش ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە بێت بۆ خاتری دوارۆژی نەوەكانمان و بەیەكجارەكی فیڕۆنەدانی خوێنی شەهیدانی رێگای رزگاری گەلی كوردستان.

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی