ئاژاوەیەك بەڕێوەیە

07/11/2019

ھێمن كەریم

سەدەیەكە بارودۆخی سیاسیی عیراق ناجێگیرە و بەزنجیرەیەك شەڕی ناوخۆیی و كودەتا و دەستتێوەردانەوە دۆش داماوە كە ئەمە «شوناس و ناسینەوەی دەوڵەتی عیراقە» كێشەو ململانێكانی عیراق تەنیا لەنێوان كورد و عەرەب و توركماندا رووینەداوە، بەڵكو لەناوخۆی عیراقدا ململانێی عەرەبی (شیعەو سوننە) كێشە قورسەكەیە، هەمیشە دەستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەوێوە هاتۆتە ژوورەوە، ئەو ململانێیەی كە هەیانە عیراقیان كردۆتە مەیدانی بەریەككەوتنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، لەم نێوەندەشدا كورد بەردەوام زەرەرمەندی یەكەم بووە، هۆكارەكەش روونە لەمێژوودا خۆی دەستێك بووە بۆ هێنانی ئەو ئاژاوەیە بۆ بەرهەیوانەكەی.

لەم دەركەوتە تازیەی عیراقیشدا كە هاووڵاتیان باسی هەمواری دەستوور و جۆری حوكمڕانی دەكەن، لایەنە شیعییەكانیش رازین و عەرەبە سوننەكانەكانیش ئەمە بەدەرفەت دەزانن، كە ئەو دەستوورەی 15/10/2005 راپرسی لەسەركرا كەم تازۆر بەدڵیان نەبوو، ئێستا بتوانن خواستی خۆیانی تێدا بچەسپێنن، واتە عەرەبی شیعە و سوننە ، ئێستا ئامادەن بۆ دەستكاریی و داڕشتنەوەی دەستووری نوێ، ئەمەش خاڵێكە و دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەم پێشهاتە بڕوانن.

كەم نین ئەو نووسەرە عیراقیانەشی كە بڕوایان وایە، دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە مەبەستیان (پارتی دیموكراتی كوردستانە) دەیانەوێت ململانێی هێڵی شیعە و سوننەی عیراقی بە هۆكاری دەستتێوەردانی دراوسێكانی عیراق بەكاربهێنرێن، ئەم پەنجەی تۆمەتە كە بۆ پارتی درێژدەكەن بۆ دۆزی كورد ناگەڕێتەوە بەڵكو بۆ (خواستەكانی توركیا لە قەڵەمی دەدەن) ئەو ئاماژەیەش دەبێت بەهەند وەربگیرێت كاتێك دەوترێت، لەماددەی 112 دەربارەی دەسەڵاتەكانە لەبواری نەوت و غاز لە عیراقدا كە دەسەڵاتی بەهەرێمیش بەخشیووە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز لەعیراق ، كەچی دەسەڵاتی كوردی ئامادەیە سوودو قازانجی بخاتە گیرفانی توركیاوە و نەیداتە عیراق و هێشتا داوای بوددجەی هەرێمیش دەكات.

ئەم خوێندنەوەیە هێجگار مەترسیدارە، لەكاتێكدا بریار لەسەر گۆڕانكاریی دەستووری عیراق دەدرێت و كورد بە هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ عیراق بۆ سەروەت و سامانەكەی هەریەك لەشیعەو بەشیكی زۆری سوننەشی خستۆتە سەر یەك خەتی بیركردنەوە، هەموو ئەمانەش پارتی بەرپرسی یەكەمی ئەم تۆمەتانەیە كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە، چونكە وەك دۆستی یەكەمی توركیا لە تەواوی عیراقدا وێنادەكرێت.
بەگوێرەی دیدارەكانیان هەندێك لە سەركردە سوننەكانی عیراق و سەرۆكی پارتی، پێخۆشحاڵبوون كە عادل عەبدولمەهدی لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران دووربخرێتەوە، هۆكارەكەشی روونە بۆئەوەی ئەو سوننانەی عیراقی كە سەربە توركیان، لەكۆی پرۆسەی سوننیدا بەهێزەوە بەشداریی حكومەتی نوێ بكەن و ناوچەیەكی نوێی سوننی بەهێز، بەچاودێریی توركیا ئامادەیی هەبێت.

ئەم خوێندنەوەیە بۆ پارتی، كوردی خستە بەردەم ئەو گومانەی كە لە پلانگیڕیی ئیقلیمیدایە دژ بەعیراق، كە هەوڵدانە بۆ خەونی ئەردۆغان بەم شێوەیە: «ئەردۆغان لە خۆرئاوای كوردستان ، پارتی لە باشووری كوردستان و موسڵ و بەشێكی ناوچە دابڕێنراوەكان و هەرچی سوننەكانیشە لەهەموو ئەو ناوچانەی شوێن پێی سوننەیە».

بەو شێوەیە توركیا دەیەوێت (هێڵی سوننەی نوێ) دروست بێت كە تەواوی ئەو ناوچانە بگرێتەوە كە لەقەڵەمڕەویی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدابوون، ئەمەش ماڵوێران كردنێكی نوێیە بو بەردەوامی كێشەكانی نێوان شیعەو سوننە، واتە سەرلەنوێ ئاژاوەیەكی نوێ بەدەستی توركیا بێتە ئاراوە لەعیراق كە كوردیش لەم ئاژاوەیە تۆمەتباردەكرێت، هەرچی ئێرانیشە داڕشتەیەكی نوێی نییە، جگە لەمانەوەی دەسەڵاتی شیعە.

میچ ماكونێل سەرۆكی كۆمارییەكانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاش دەلێت: پێویستە ئەمریكا سزای توندی ئەوانە بدات كە خۆپیشاندەرانیان سەركوتكردووە، بەتایبەتی سزا بەسەر بەپرسانی عیراق و ئێراندا» واتە ئەم خۆپیشاندانەی ئێستای عیراق لە خۆڕسكی دەرچووەو ، چەندین جەدەلی نێودەوڵەتی تێیدا ئامادەیە.

هەرێمی كوردستان لەم دۆخەدا لەبری بڕیاردان لەوەی چۆن لۆبی نێودەوڵەتی بەهێزكەن و بەیەك مەودا لە شیعە و سوننەش بچنەپێش، بەڵام بەهۆی ستراتیژی توركیاوە، كورد دەكەوێتە قووڵایی نێوان ململانێكانەوە، لەكاتێكدا پارتی دەزانێت مێژووی عیراق و مانەوەی وەك عیراقێكی فیدراڵ بەبێ ململانێی نێوان شیعە و سوننە ئەگەرێكی بەهێزە، بەڵام هەوڵدان بۆ بەرییەككەوتنی نێوانیان، خوڵقاندنی ئەو دۆخە مێژوییەیە كە كورد بەشێك بووە لە ئازار و كوشتن و راگواستن، گرنگە لەسەر مێزی سیاسی بە پارتی بوترێت، بۆ ئاژاوەیەك رووبكاتە بەرهەیوانی كورد، بەخواستی عوسمانی؟

ھێمن كەریم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی