ئایا لە چێشتخانە توركییەكەوە عێراق دەكەوێت؟

08/11/2019

هونەر تۆفیق

ئەمڕۆ چارەنوسی خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكانی باشووری عێراق ، بەتایبەتی گۆڕەپانی تەحریر و چێشتخانە توركییەكە ( لە ئێستاداخۆپیشاندەران ناویان ناوە چیای ئوحد) یەكلادەبێتەوە .

چێشتخانە توركییەكە ، وەك ئەوەی كراوەتە ڕەمزی خۆپیشاندانەكانی عێراق و قەڵای خۆپیشاندەران ، خەریكە نەخشەكەشی رووندەبێتەوە ، سیحرەكەی لەناو سیاسەكانی عێراقدا بەتاڵ دەكرێتەوە .

هێزی خۆپیشاندەران لە سێ بازنەوە بەسەر سێ پرددا ، لەبەغداوە توانای بەڕینەوەیان هەیە بۆ گەیشتن بە ناوچەی سەوز و مەڵبەندی دەستەڵات لە عێراقدا :
بازنەی یەكەم :لە چێشتخانە توركیەكەوە بە دووری ١٢٠٠ مەتر بەسەر پردی جمهوریدا دەپەڕێتەوە و دەگات بە ئەنجومەنی وەزیران .

بازنەی دووەم : لە پری سنكەوە بە دووری ٣ كلم بەناو ساڵحیەدا گوزەردەكات ، دەگات بە سەفارەتی ئێران و لەوێوە بۆ ناو ئەنجومەنی وەزیران .

بازنەی سێهەم : بە دووری ٣٠٠ مەتر بەسەر پردی جوت تەبەقدا بە جادەی ١٤ ی تەموزدا گوزەر دەكات و بەنزیك سەفارەتی ئەمریكیدا دەگات بە كۆشكی كۆماری .

هەڵبژاردنی بازنەی دووەم لەگەڵ ئەوەدا كە خۆلادانە لەهەریەك لە سەفارەتەكانی ئێران و ئەمریكا لە بازنەی یەكەم و سێهەمەوە ، تاكتیكێكی شارەزایانەیە بۆ توانای مانەوەی درێژخایەن لە گۆڕەپانی تەحریردا . خۆپاراستن لە چێشتخانە توركیەكەدا كە ناو و نیشانەكەشی ڕەمزێكی تایبەتە لەكاتی ڕووخانی حكومەتی عێراقدا كە لە چێشتخانە توركیەكەوە دەروخێنرێت .. جۆرێكە لە مانا بەخشینی سیاسی بە عەفەویەتە جەماوەریەكەی خۆپیشاندانەكان .

ئەم لێكدانەوانە لە خەیاڵی سیاسی شیعەدا لەسەر ئاستی عێراق و لە ستراتیژی مانەوە لە پلانی ئێراندا ، كاریگەری لەسەر گوتارە یەكلاكەرەوەكەی ئەمڕۆی سیستانی دەبێت كە حكومەت چ بریارێك بدات بۆ چارەسەری خۆپیشاندانەكان ؟!

ئایا دەبێت گوێڕایەڵی خۆپیشاندانەكان بن و دەستەڵات چۆڵ بكەن بۆ نادیار ( كەدەكاتە لایەنی دەرەكی نزیك لە سونە ) یان حكومەت و خۆپیشاندەران بەیەكەوە ئیستقالە بكەن ، بە ئیتفاق ڕێكبكەون لەسەر ئەوەی هەریەكەیان بەجیا بچێتەوە ماڵی خۆی. بەمەرجی هەڵبژاردنی پێش وەختە . یاخود بڕیارە قورسەكە بێت بەوەی حكومەت دەستكراوەبكات لەبەرانبەر بڵاوەپێكردنی بەزۆر بە خۆپیشاندەران ، حكومەت دواتر كاربەڕێكەر بێت بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت ؟!! یەكێك لەم بژاردانە لە وتاری هەینی سیستانی دا یەكلادەكرێتەوە و چارەنوسی عێراقیش بەو بڕیارەوە بەستراوەتەوە كە ئایا دەهێڵن لە چێشتخانەیەكی توركیەوە حكومەت بروخێت یان لە چێشتخانەیەكی نهێنی ئێرانەوە دەروخێنرێت ؟!

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی