كورد لە كوێی هاوكێشەكاندایە

10/11/2019

كەمال محەمەد

لە هەلومەرجە مێژووییەكانی ئەمڕۆمان و لە دەروازەی گۆڕانكارییەكاندا ئەوەی بۆ كورد گرنگە بەكارهێنانی دەرفەت و توانستەكانە لە ژێر ڕۆشنایی و هەڵسەنگاندنێكی بەرفراواندا هەوڵی چارەسەری كێشەو دیاردەی كورد بدرێت ،دەشێ هەوڵەكان وەك وەڵامێك بێت بۆ تەواوی ناوەند و دەوروبەرە پەیوەندیدارەكان كە دەركی پێ بكرێت ،تاكو بتوانرێت كاروانی داواكارییەكانی ملیۆنان  كەس بۆ ئازادی وڵات دیموكراسییەت بۆ گەل بەدەست بهێنرێت ،

ئەو گۆڕانكارییانەی ڕۆژانە لە چوارچێوەی  لە چوارچێوەی  پڕۆژەی خۆڕهەڵاتی ناوین هی نوێتری دێتە سەر،لێرەدا كێشەكانی ژیان ومافی چارەی تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و لەسەرو هەموشیانەوە گەلی كورد دورە لەوەی لە بەرژەوەندی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراتیزەبون دابێت ،ئەمە بەرژەوەندیپەرەستی و  نەخۆشی زێدەڕۆیی و فراوانكردنی هەژمونی ئیمپریالیستییەكانیان نیشان ئەدات ، بەردەوام دواخستنی چارەسەری كێشەی كورد دەشێ ڕێگا لە پێش هەندێ روداو بكاتەوە كە چەندین جار لەوانەی پێش خۆی قورستر بێت و مەترسی سنورداركردنی لە پارچە بەشكراوەكانیدا بێتە ئاراوە ،

ئەمڕۆی دنیای كەپیتاڵیزم  و بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكان ڕێگر بوە لە چارەسەركردنی كێشەكان  و ئەمەو جگە لە نەبونی گوتارێكی سیاسی هاوبەش و خاوەن ستراتیژێكی واقعی هەمیشەیی لە نێوان كوردەكان خۆیاندا ،كە نەیتوانیوە رەوایەتییەكانی خۆی بكاتە بنەمای لابەلای ڕێكەوتن و پەیوەندییەكانی وڵاتانی زلهێز و خەباتێكی جددی مێژوو سیاسەتیان ئەنجامنەداو گوتارەكانی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی گەل رەنگی راستەقینەی بژاری ژیانی گەلێكی دەست نیشان نەكرد لێكۆڵینەوەی دیاردەی كورد لە مێژودا لە میانەی ماتریال و تواناكاری سنوردارەوە بەرێوە براوە ،هەمیشە لایەنی سۆزداری و دۆگماییان هۆكار بون كە كێشەكان و دۆزی كورد راستی بەدەستەوە بدەن و لە ناو زەمینەیەكی تاریكدا لەلایەن دەرورو بەرەوە حكومی لەسەر دراوە ،

ئەمڕۆكەی كورد لە پارچەكانیدا پێویستە بە ئومێدی  پێشكەوتنی هاوبەش بەشدارییان لە گۆڕانكارییەكانی ئاییندەدا بكەنە بنەمای هێزی ناسین و پێشخستنی خودی خۆیان و بیسەلمێن كە كوردانیش خاوەن بەهای خۆیانن و ئەگەر ئەو بەهایانەیان نەبوایە ئایا كوردان دەیانتوانی بەشداری شەڕی ڕزگاری جیهان بكەن لەدەست تیرۆرستان و مەترسییەكانی ،بۆیە ئەگەر تا دوێنێ كوردەكان بە ئاژاوەگێڕ ئەناسێنران لەلایەن داگیركەرانییەوە،ئەوا ئەمڕۆ كۆمەڵگای جیهانی تاڕادەیەكی زۆر پێچەوانەكەیان بۆ ڕوون بۆتەوە ،

ئەگەرچی توركیا وەك یەكێك لە وڵاتانی پاوانخوازی و هزری داگیركاری ئەوانەی كوردستانی گەورەیان بەسەردا دابەشكراوە ڕۆژ بەڕۆژ خەونی لە زیاد بوندایە ئەمڕۆكەی ڕۆژئاوای كوردستانی ڕوبەروی قۆناغێكی سەختی داگیركاری و جینۆساید كردۆتەوە لە كۆمەڵگایەكی جیهانی بێ هەڵوێستدا كەتیایدا مافەكانی مرۆڤ و هزری دیموكراسی ئەو دو بابەتەن وەك بڵێی نەفرەتیان لێ كراوە ئەمەش نیشانی داوە كەتوركیا وسیاسەتەكانی بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ هەمیشە رێگربون لەبەردەم خۆییبونی سیاسەت و دیبلۆماسییەتی كوردەكان لەخۆنیشاندانیاندابەروی جیهاندا بۆئەوەی گەلی كورد نەگاتە ڕێگا چارەی راستەقینەی گەشتن بەرەوایەتییەكانی و سود لەچێوەی سۆسیۆمێژوویی خۆی نەبینێت تادواجار لەئاستی گۆڕانكارییەكاندا بەهاو گرنگی خۆی وەربگرێتەوە ،بۆیە هەمو خەون سیاسەتێكیان بەرامبەر بەكورد بۆدور كەوتنەوەیان بوە لە ماف و شوناسەكان كە سەردانەكەی ئەردۆغانیش بۆ ئەمریكا لەڕۆژانی داهاتودا بەشێك ئەبێت لەپلانەكانیان ،

بۆ باشوریش دیاردەی كوردستانی فیدراڵ وایكردوە لەدواین پێشهات و ناڕەزایەتییەكانی گەلانی عێراق هەلێكی زێڕین بخاتەبەردەست لایەنە سیاسی و مەزهەبییەكانی تا جارێكی دیكە ڕەچاوی دەسەڵات و پێدراوە دەستورییەكانی بكەنەوەو وەك هەمو كات و زەمەنێك دیسانەوە هەوڵ و لێكدانەوەی چەوت لە بەغدادەوە دەربخەنەوە ،بۆیە پێویستە پارتە سیاسیەكانی كورد بەگوێرەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد دەسەڵات و سیاسەتی خۆیان ڕێكبخەن و كرانەوەی ئاسۆی هیوایان نەك تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڵكو بۆ هەموو جیهان جێگای تێڕامان بێت ، 

بۆیە ئەوەی بۆ كوردەكان گرنگە لە هاوكێشەكانی ناوچەكە ئەوەیە سەرلەنوێ خۆیان فۆرمۆلە بكەنەوە و هەوڵ بدەن سود لەشیكار و ئەزمونی میتۆدی مێژوو وەربگرن و لەوەدا هەوڵ بدەن پێكەوەییان ببێتە كۆسپێك بۆ ڕودانی هەرجۆرە گۆڕانكارییەك كە درێژە بەماوەی یەك سەدە لە چەق بەستویی بەسەر دۆزی كورد و خاكەكەیدا سەپاندوە بۆ ئەوەی دوبارە راسیزم و ناسیۆنالیزمی كوێرانە پشكی شێری قوربانیدانی پێ نەبەخشێتەوە ،بۆیە پێویستە هەوڵدان بۆ شرۆڤەكردن و ڕونكردنەوەی ئاراستەی گۆڕانكارییەكان گرنگترین ئامانجی داهاتویان بێت تاچیدیكە توانای وەك خۆیان بیركردنەوەو نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی خۆیان لەدەست نەدەنەوە لەدوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا .