كابینەی نۆ، حكومەتی خاوەن كێشە

12/11/2019

ھێمن کەریم


كاتێك دوو حزبی سەرەكی هەرێمی كوردستان (یەكێتی و پارتی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رێكەوتن، هەریەكە و بەرنامەی خۆیان خستەروو، دواجار لە بۆتەی یەك خێزاندا كۆی بەشداربووانی كابینەی نۆیەم كۆبوونەوە و بڕیاری پێكهێنانی حكومەتیان دا، كە پلان و بۆچوونی تێكڕای بەشداربووانیش لەخۆبگرێت و جێبەجێكردنی بەرنامەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی تێكڕاو بە بەرپرسیارێتی سەرجەم بەشداربوانی ناو كابینەكە دەسپێردرێت بەتایبەتی یەكێتی و پارتی.

كارنامەی كابینەی نۆیەم لە 52 خاڵی هێڵە گشتییەكان پێكهاتووەو بەسەر حەوت ئاستدا دابەشكراوە كە ئاستە سەرەكییەكانیش بریتین لە: ئاستی چاكسازیی، ئاستی خزمەتگوزاریی، ئاستی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق، ئازادیی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان، پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئاستی ئابووریی و دارایی و ئاستی كارگێڕیی.

كەواتە كابینەی نۆیەم بە جێبەجێكردنی پلان و ئەجندای هەموو لایەنەكان لەسەر ئەو كارنامەیە پێكهاتوون، ئەوكات توانیانە ئەو حكومەتە پێكبهێنن كە هەیە، ئەو كارنامەیەش كە لەحەوت ئاستی هێڵی گشتیدایە، دوو ئاستە سەرەكییەكەی بریتین لە(چاكسازیی و خزمەتگوزاریی) كە ئەم دوو ئاستە لە (28 )خاڵی هێڵە گشتییەكاندا خۆی دەبینێتەوە، كۆی ئەم خاڵانەش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت كاری هاووڵاتیان لەم كابینەیەدا ئاسان بڕوات.

بە پوختی «كابینەی نۆیەم خۆی بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكات» ئەم خاڵەش كە زۆر تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە، پێویستی بە دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداریی و كارگێڕییە بۆ جومگەكانی خوارەوەی حكومەت، لایەنیكەم بە بچووكترین بەشی لامەركەزی ئەو هەنگاوە دەنرێت، بەڵام تائێستا ئەم هەنگاوە نەنراوە و نەبینراوە كە هاووڵاتیان پێویستە سوود لە حكومەت وەرگرن لەهەر ناوچە و شوێنێكدابن بە كەمكترین كات، نەك تەنها پایتەخت پیادەی خزمەتگوزارییەكانی تێدا بكرێت.

جەدەلی سیاسیی لە نێوان یەكێتی و پارتی كە وەك حزبی حكومڕان لە كوردستان، دانیشتنی بەردەوامی لەسەركراوە، كەم تازۆر لەلایەن یەكێتی و گۆڕانیشەوە نەشاردراوەتەوە كە بۆئەوەی خزمەتی هاووڵاتیان بكرێت، لامەركەزی گرنگە، یەكێك لەپایە سەرەكییەكانی خزمەتكردنی هاووڵاتیانیش لە لامەركەزییەوە سەرچاوە دەگرێت، كەوابوو كابینەی نۆیەم نەیتوانیووە پراكتیزەی خاڵی سەرەكی بكات، بەدەر لەو گومانانەی كە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی پێدەكات، كە «پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت كۆی رێكەوتنەكە و كارنامەكە جێبەجێ بكات «، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، «رێككەوتنی یەكێتی پشتگوێ خراوە و پارتی نایەوێت دەسەڵاتەكانی كابینەی نۆیەم بە كارنامەكەدا بڕوات» لەكاتێكدا یەكێتی پارسەنگی هێزە و خۆی بەبەشێكی سەرەكی دەزانێت لە حكومڕانیی كابینەی نۆیەم.

ئەم کابینەیە تائێستا لە بەرنامەی یەك حزبی سیاسییدا بەرجەستەكراوە، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە كە دەوترێت ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ رێكەوتنەكانی پێكهێنانی ئەم حكومەتە، بۆیە بەردەوام لە خولگەی حزبایەتی و ئەجێندای پارتیدا ماوەتەوە، هەر ئەمەشە وایكردوە بیر لەئەڵتەرناتیڤێكی نوێ بكرێتەوە لەلایەن یەكێتیەوە کە ئەگەر رێكەوتن جێبەجێ نەكرێت، ئەوا دەست لەكاركێشانەوەی نوێنەرەكانی لەم كابینەیەدا یەکێکە لە ئەگەرەکان، بەهاتنە دەرەوەی یەكێتیش، ئەگەری هەیە تەمەنی كابینەکە كورت بێت و هەڵبووەشێتەوە، هۆكارەكەشی (خواستی مەرجەعی بوونی سەرۆكی حكومەت)ە لەم كابینەیەدا، كە بەتەواوەتی خزمەتگوزاریی پەكی كەوتووە و بۆتە سەرچاوەی حكومەتێكی پڕ كێشە بۆ هاووڵاتیان، ئەمەش ئەو رەخنەیەیە كە بەشێک لە حزبە سەرەکییە بەشدارەکان لە پارتی دەگرن و بە سەرچاوەی كێشەكانی ئەم كابینەیەی دادەنێن، خودی ئەم مەرجەع بوونەش کە پارتیی پێ تۆمەتباردەکرێت، خەریكە ئاقاری سیاسی و حوكمرانی لە كوردستاندا دەخاتە كەناری نائومێدیی و سەرهەڵدانی كێشە و قەیران و پێشهاتی نوێ.

نەبردنەسەری بەڵێنەكان لە رووی دابەشكردنی پۆستەكان و لادان لە كارنامەی پەسەندکراو، تەنها كێشە نییە بۆ لایەنی حكومڕانی لە هەرێمدا، بەڵكو كاردەكاتە سەر رەوشی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ حكومەتی عیراق، كە ئەمەش بەرەو ئاڵۆزیمان دەبات، چونكە هێشتا دیارنییە چارەنووسی عیراقی نوێ بەرەو چ پێشهاتێكی تر دەڕوات، هەموو ئەم پێشهاتانەش ئەگەرێكی كراوەیە و ئۆباڵەکەی دەخرێتە ئەستۆی پارتی وەک حزبی سەرەکیی لەڕووی کورسیی پەرلەمانیی و پێکهێنەری کابینەکە.

بەردەوامی ئایندەی كابینەی نۆ لەسەر ئەوە وەستاوە، كە ئایە پارتی دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەكان و لێكتێگەیشتنە سەرەتاییەکان؟ تا ئەم كابینەیە لە كابینەكانی پێش خۆی نەچێت و سەرجەم داواكارییەكان كە لەسەری ریككەوتن جێبەجێ بكرێت؟ ئەگەر بەم گومانەوە بڕوات و نەگەرێتەوە، ئەوا ئەم كابینەیە هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێت و بگرە بە حكومەتی خاوەن كێشەش لەقەڵەم دەدرێت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی