تەهران بەتەوقیتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

17/11/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئێران داخراوترین سیستمی سیاسی چواردەیەی ڕابردووی ناوچەی خۆرهەڵاتی هەیە بەبەراورد بە هەموو سیستمە سیاسییەکانیتر. لەئەساسدا شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەم سیستمە داخراوە دیماکۆچییەی بەخشییە ئێران، چونکە شۆڕشی 1979 نەک ئێرانی نەگواستەوە دۆخێکی باشتر لە سەروەختی دەسەڵاتی (شا) بەڵکو بۆ چەندان دەیەیش ئەم وڵاتەی گەڕاندە دواوە. بەئێستایشەوە.

ئەم سیستمەی ئێستا نەک لەپێدانی ماف و ئازادییەکان و مافی پێکهاتەو ئەدیانەکاندا تەواو کراوە نییە، تەنانەت داخراوە لەوەی کە ڕۆحێکی هێندە شیعی باڵای تێدایە، ئاسان نییە هیچ ویستێکی ئینقلاب و شۆڕش و ڕاپەڕین بتوانێت دزە بکاتە ناوخۆیی و ئەم داخرانە بشکێنێت و بیتەقێنێتەوە بەڕووی خۆیدا.

ئێرانییەکان تاکە میللەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن کە متمانەیان بچڕاوە لەگەڵ جیهانی ئەوروپاو ئەمریکا، ئەمەش لەدوای قسە بەناوبانگەکەی (شا) کە لەنامەیەکدا بۆ (ئەنوەر سادات)ی میسری دەنێرێت و دەڵێت : ئێوە بۆ هێندە بڕوا بە ئەمریکاییەکان دەکەن، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا دەهاتە تەهران و لەگەڵ ژنەکەم ڕەقسی دەکرد، هاوکات لەئەمریکاوە (خومەینی) ئامادەکردبوو بێتەوەو ببێتە سەرۆکی وڵات.

ئێمە هەڵە دەکەین پێمان وابێت خۆپیشاندانەکانی ئێران دەتوانێت وەک هەر وڵاتێکیتری خۆرهەڵات سیستمی سیاسی ئێستا لەناوببات و ئێران دوای نزیکەی لە نیو سەدە؛ بازدانێکی مێژوویی بکات و دەنگی (نەخێر) بەڕووی ئەم دەسەڵاتەی ئێستادا بەرزبکاتەوە.

ئێران جگە لەوەی وڵاتێکە تەوقیتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام لەهیچ شتێکیتردا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناچێت و تەواو لەدەرەوەی سیاسەت و ئابووری و سەربازی و دپلۆماسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە وەک چۆن قورس نییە بازدانێکی مێژوویی تێیدا ڕووبدات، ئاوهایش ئاسان نییە تەقینەوەی جەماوەری لەئێراندا بتوانێت ئەم سیستمە لەناو ببات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی