لەو کاتەوەی خۆپیشاندانەکانی گەڕی ئەمجارەی عێراق دەستیپێکردوە، یەکێک لەو پرسیارانەی کە خەڵکو توێژەرو ئەکادیمیەکانی سەرقاڵکردوە ئەوەیە کە بۆچی خۆپیشاندانەکان تەنیا ناوچە شیعەنشینەکانی گرتۆتەوەو ناوچە سوننەنشینو کوردنشینەکان بێدەنگییەکی زەقیان پێوەدیارە.
ئەگەر وەڵامەکە بوونی چەوساندنەوەو دەمارگیرییو پەراوێزخستن بێت ئەوە لەوەتەی شیعەکان لە عێراق باڵادەستن ئەوە کوردو سوننەکان غەدریان زیاتر لێکراوەو زیاتر چەوسێنراونەتەوەو پەراوێزخراون. خۆ ئەگەر وەڵامەکە بوونی گەندەڵییو بەفیڕۆدانی سامانی گشتییش بێت ئەوە گەندەڵی هاوتای ناوچە شیعەنشینەکان لە ناوچە کوردنشینو سوننەنشینەکان بەربڵاوتر نەبێت کەمتر نیە. ئەگەر وەڵامەکەش کەمی یان نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێت ئەوە ناوچە سوننەنشینەکان لە هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق بێ خزمەتگوزاریین. دیارە ناوچە کوردنشینەکان، کەرکوکو ناوچە دابڕاوەکانی لێدەرچێت، بەگشتیی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لەناوچەکانی دیکەی عێراق بارودۆخیان باشترە.
ئەو ڕاستییانەی سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن کە هۆکارەکانی تەشەنە نەکردنی خۆپیشاندانەکان بۆ ناوچە کوردنشینەکانو ناوچە سوننەنشینەکان بوونی خزمەتگوزارییو نەبوونی گەندەڵیی نیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەی داخۆ دەبێت هۆکارەکان چی بن؟
لەم بابەتە بە کورتی پەنجەخراوەتە سەر هۆکارێک ئەویش بە نەیشن (nation) نەبوونی ئەوەی پێیدەگوترێت گەلی عێراقە، یان ئەوەی من لە کتێبی شوناسی عێراق ناوم ناوە شکستی پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی (failure of the process of national integration). عێراق ئەگەر نەیشن با ئەوە کوردەکانو سوننەکان بەهانای "هاووڵاتییە" شیعەکانیانەوە دەچوونو خۆپیشاندانی ناڕەزایی ناوچەکانی ئەوانیشیان دەگرتەوە.
پرسیارێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە ئەی باشە عێراقێک لە ١٩٢١ ـەوە دامەزراوە بۆ تا ئێستا پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانی تێیدا سەری نەگرتوە، یان وەک گوتم شکستی هێناوە. لە خوارەوە هۆکارەکانی شکستەکە وەک ئەوەی لە کتێبی شوناسی عێراق هەڵوەستەی لەسەر کراوە دەخەمە بەردەست.
دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەوەی لێرە خراوەتەڕوو ئەنجامگیریی توێژینەوەکانی کتێبەکەیە، بۆ وردەکارییەکان دەبێت بگەڕێیتەوە سەر کتێبەکە.
لە ئاکامی توێژینەوەکانی کتێبەکە بەو ئەنجامە گەیشتوین کە هۆکاری هەرە سەرەکی شکستی پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سێ ناسیونالیزمی دژبەیەک کە هەریەکێکیان لەنێو یەکێک لە پێکهاتە مەزهەبیو نەتەوەییەکانی عێراق ڕەگوڕیشەی داکوتابوو، ئەوانیش:
یەکەم، ناسیونالیزمی عەرەبی کە تاڕادەیەکی زۆر تەنیا سەرنجی سوننەکانی بۆ خۆی ڕاکێشابوو. یانەی موسەناو حیزبی ئیستیقلالو حیزبی بەعسو ناسرییەکان داهێنەرو هەڵگری بیرۆکەو پەیامەکانی ئەم ڕەوتە ناسیونالیستییە بوون.
دووەم، ناسیونالیزمی عێراقی، یان ئەوەی زیاتر وەک نیشتیمانپەروەریی عێراقی ناسراوە، کە بەگشتی شیعەکان لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە کوردەکان لەدەوری گردببوونەوەو کۆمەڵەی ئەهالیو حیزبی وەتەنیو حیزبی شیوعی ڕابەرایەتی ئەم ڕەوتەیان دەکرد.
سێیەم، ناسیونالیزمی کوردی کە تەنیا کوردەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. تا ناوەڕاستی چلەکان حیزبو لایەنی بچوک، وەک حیزبی هیوا، نوێنەرایەتی ئەم ئاراستە ناسیونالیستییەیان دەکرد، دواتر ئیدی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ناوەڕاستی حەفتاکان لەسەدەی بیست ئاڵاهەڵگری ناسیونالیزمی کوردی بوو. لەوکاتیش بەدواوە چەندین حیزبو لایەنی دیکە، بەئیزافەی پارتی، پەیدابوون بەرچاوترینیان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.
لە سەردەمی مەلەکیدا، لەبەربوونی "دوژمنێکی هاوبەش" کە سیستمە مەلەکییەکەو بەریتانیا بوون، هەر سێ ڕەوتە ناسیونالیستەکە لەو سەردەمدا کەم تا زۆر کاتێک دژایەتی یەکدیان دەکرد زیاتر لە گوتارو فیکرو دیدا دەریاندەبڕی، کە لەسەر ڕوپەڕی ڕۆژنامەکانو کتێبو نوسراوەکان بەدیدەکران. بەنەمانی "دوژمنە هاوبەشەکان" زۆری پێنەچوو هەر سێ ڕەوت دەستیان خستە خنخنۆکەی یەکدیو هەموو هۆکارێکی توندوتیژیان بەکارهێنا بۆ خنکاندنو بنبڕکردنی ئەوی دیکە. وەک لە بەشەکانی کتێبەکە ڕونکراوەتەوە دژبەیەکی دیدو تێگەیشتنەکان کە ململانێو پێکدادانەکانی لەنێوان هەر سێ ڕەوتە ناسیونالیستەکە لێکەوتەوە یەکێک بوو لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی شکستی پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی.
پێش هاتنی بەعس بۆ سەر حوکم لە ١٩٦٨ بەشێکی زۆر لە ئاماژەکانی شکستەکە دەرکەوتبوون. کوردەکان لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بوون، جارجاریش باسیان لە مافی چارەنوسو خەونی سەربەخۆیی دەکرد. ئەمەش دەکاتە بڕینو جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی عێراق. بەشێک لە سوننەکان بەتایبەتی ناسیونالیستە عەرەبییەکانیان کە بنکەیەکی بەهێزیان لەنێو سوننەکان هەبوو خەباتیان بۆ سەربەخۆیی عێراق دەکرد لەگەڵ توانەوەی عێراق لە قازانی عەرەبی. لەبەرابەر ئەم دوو ڕەوتەدا، ناسیونالیستە/نیشتیمانپەروەرە عێراقییەکان لە سەردەمی مەلەکی داوای سەربەخۆییان بۆ عێراق دەکرد بەتەرکیزکردن لەسەر مانەوەی عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ بەو جوگرافیایەی کە هەیەتی. شیعەکان کۆڵەگەی سەرەکی ئەم ڕەوتەیان پێکدەهێنا، بەتایبەتی لەناو ڕیزەکانی حیزبی شیوعی. دیدو ئامانجەکانی ئەم ڕەوتە لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەبی سوننەکانو ناسیونالیزمی کوردی یەکتربڕو دژبەیەک بوون. کوردەکان تا ئەو کاتەی کە شیعەکان لەو چوارچێوەو لەو فۆرمەدا خەباتیان دەکرد کۆمەڵێک هاوبەشیان لەگەڵ ئەواندا دۆزیبووەوە بۆیە لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی هاوخەبات بوون. بەڵام لەگەڵ دوورکەوتنەوەی شیعەکان لە حیزبی شیوعیو سەرهەڵدانی ئیسلامیزمی شیعی لە شەستەکانو حەفتەکانی سەدەی بیست ئیدی هاوبەشەکانیشیان کەمبوونەوە. ئەمەش شیعەکانی لە کوردەکان دوورخستەوەو لەگەڵ سوننەکانیش کردنی بە دوژمنێکی سەرسەخت، هەربۆیەش دەبینین لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە تا ئێستا ململانێو پێکدادانەکان زۆر خوێناویتر بوون. بەکورتی بەهاتنی ئیسلامیزم بۆ گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق، کە شیعەکان لە پشتیەوەبوون، هاوبەشەکانی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق زۆر کەمکردەوەو دیدگاکان هێندەی دیکە یەکدیبڕو دژبەیەک دەدەکەوتن.
هۆکارێکی دیکەی سەرەکی شکستهێنانی پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانییو دەستپێکردنی پڕۆسەی لێکترازانی نیشتیمانیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونو کەمبوونەوەی کاریگەریی حیزبی شیوعی کە وەک پلاتفۆرمێک وابوو بۆ لێکنزیکردنەوەی عێراقییەکانی سەر بە نەتەوەو مەزهەبە جیاجیاکان. لە بەشەکانی کتێبەکە بەدرێژی هەڵوێستە لەسەر هۆکارەکانی لاوازبوونی حیزبی شیوعی کراوە بەڵام ئەوەی گرنگە لێرە باسبکرێتەوە ئەوەیە کە لەگەڵ لاوازبوونی حیزبی شیوعی ئیدی شیعەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکانی خۆیان ڕێچکەیەکی دیکەیان گرتەبەر یان چاکتر بڵێین ئامرازێکی دیکەیان بەکارهێنا بۆ خەبات ئەویش دەستبردنبوو بۆ ئیسلامیزم، ئەوەی زیاتر وەک ئیسلامی سیاسیی ناسراوە. دروستبوونی حیزبی دەعوە و مەجلسی ئەعلا کە لە حەفتاکانو هەشتاکان بەدواوە بوون بە جێگرەوەی حیزبی شیوعی لە گۆڕەپانی عێراق، بەتایبەتی لەنێو شیعەکان ململانێو پێکدادانە ئایدیۆلۆجییەکانی گواستەوە بۆ شەڕو پێکدادانی مەزهەبیی. ئەمەش سەرهەڵدانی پڕۆسەی لێکترازانی نیشتیمانیی لێکەوتەوە، کە لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی بەهاری ١٩٩١ کە ماکێکی نەتەوەیی-کوردییو مەزهەبیی-شیعیی پێوەبوو، گەیشتە ترۆپک.
یەکێک لە دەرکەوتە هەرە دیارەکانی ڕاپەڕینەکە دابەشبوونی عێراق بوو بەسەر سێ زۆن دا (ڕێک ئەوەی ئێستا لە خۆپیشاندانەکانیش دەردەکەوێت)، دوو زۆنی ڕاپەڕیو کە زۆنی کوردییو زۆنی شیعیی بوون لەبەرابەر زۆنێکی بەرگریکەر کە زۆنی سوننیی بوو. پەرچەکرداری بەعس لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان، کە لەڕاستیدا سەرکوتکردنی شیعەو کورد بوو بەدەستی سوننە، عێراقی کرد بە نیشتیمانێکی لێکترازاو. لەبەرئەوە دەکرێت بڵێین کە نیشتیمانە لێکترازاوەکە ئاکامو بەرهەمی ململانێو پێکدادانە نەتەوەییو مەزهەبییەکان بوو.
ئەوە بەو مانایە نییە کە هۆکاری دیکە نین لە پشت شکستهێنانی پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق چونکە سیاسەتە دەمارگیرییەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە هەشتاکانو نەوەتەکانی سەدەی ڕابردو کە گەیشتە کۆمەڵکوژی کوردەکانو شیعەکان هۆکاری دیکەن کە بەدرێژی لە بەشەکانی کتێبەکە بەئیزافەی دەیان هۆکاری دیکە هەڵوێستەیان لەسەر کراوە.
بێجگە لەمانە هەندێک هۆکاری دیکەش هەن کە پەیوەندییان بە داڕشتەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقیو پڕۆسەی دروستبوونی نەتەوەو نیشتیمانسازییەوە هەیە، وەک نەبوونی یادەوەریو ڕەچەڵەکی هاوبەشو پارادۆکسەکانی شوناس لە عێراق، کە نوسەر لە توێژینەوەکانی داهاتودا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی