بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، بردنەوە ئەوە نییە، چەندین سەرکردەی ئێرانی کوشتووە، واتە بەپێی ئەم هاوکێشەیە (سەرکردە کوژراوە، نەک سەرچاوە وشکبکرێت)، لە تێگەشتنی سیاسیدا، دووەم گرنگە نەک یەکەم. هەر سەرکردەیەکی ئێران کە کوژراوە، 10 جێگریی پێشوەختەی بۆ دانراوە، ئەمەش لە مێنتاڵێتی شیعەدا پێیدەوترێت (نەزیفی خوێنی عەلی) و بابەتەکە درێژترە، پێیانوایە تا مێژووی عەلی هەبێت، خوێنڕشتنی شیعە ئاساییە!.
چاوەڕوانییەکان پێچەوانەبوونەوە، پێشوەختە ئەمریکا جەنگەکەی نەبردەوە، چونکە هەر پێشوەختە وەڵامی ناوخۆی ئێرانی وەرگرت، ناوخۆی ئێران ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵام ئێران کۆدەنگیی ناوخۆیی و تا ئەندازەیەکی زۆر ناوچەیی بەدەستهێناوە کە کارێکی گەورە دەکات دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، تا ئەم دۆخە بەردەوام بێت لە سوودی ئێرانە و لە زیانی ئیسرائیلە بە پلەی یەکەم و ئەمریکا بە پلەی دووەم.
تا جەنگەکە درێژە بکێشێت، لە سوودی ئێرانە، چونکە سەرەڕای ئەوەی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل تێچووی ماددی زۆرە، لەناوخۆشدا دەنگی دژبەر بەرامبەر جەنگەکە زۆرتر دەبێت، بەتایبەت ئەمریکییەکان پێیانوایە پاڵنەرەکانی ئەمریکا بۆ ناو ئەم لاوازن و روون نین.
ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل چاوەڕوانی بوون تا بتوانن دەنگی ناوخۆی ئێران بەدەستبهێنن، بەدەستیاننەهێنا، بەپێچەوانەوە ئەو پەستانەی خرایەسەر دەسەڵاتی ئێران، توڕەیی ناوخۆیی بەرامبەر ئەو دوو وڵاتە دروستکرد، کوردەواریی وتەنی "کرمی ناوخۆیی، نەیتوانی داری دەسەڵات لە سوودی ئەمریکا و ئیسرائیل بڕزێنێت"، بەڵکو یەکگرتوویی ناوخۆیی هێز و ئیرادەی زیاتری بە ئێران بەخشیوە.
پرسێکی گەورە، کە دەنگی ناڕەزایی ناوخۆییە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە ناوخۆی ئێراندا نییە، ئێرانییەکان لەگەڵ هەر ئایدۆلۆژییەتێکی دینیی و مەزهەبی، ئێستا یەکگرتووییەکی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانیشیان دروستکردووە و ئەم دۆخەش بۆ ئەمریکا دەستنادات.
ئەگەر ئێران بردنەوەی سەربازییش بەدەستنەهێنێت، لانی کەم مادام ناوخۆی وڵاتەکەی بەدەستهێناوە، پێشوەختە سەرکەوتووترە وەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی