ئاسۆی ڕوانین و سێبەری گۆڕانكارییەكان

19/11/2019

كەمال محەمەد

لە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەمڕۆی جیهانیدا تا دێت جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت گۆڕانكاری گەورە بە خۆیەوە ئەبینێت ،خودی سیستەمی سەرمایەداری هەمیشە ناوەندی شۆڕش و دژە شۆڕشەكانی لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێهێناوە،ئەمەو جگە لە شەڕە ئایینی و مەزهەبییەكان كە بەردەوام كۆمەڵگای دوچاری شەڕ و پێكدادان كردوە لەنێوان خۆیانداو سەرەنجام دەسەڵات سیستەمی سیاسی سەرمایەداری هێزی زیاتری خۆیان بەدەست هێناوە لە ئەنجامی ئەو ئایدۆلۆژیا ڕاسیزم و ناسیۆنالیزمە توندەڕەوەوە،

زۆرینەی كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی ئەمڕۆ بوە بەو كێكەی ڕۆژئاوا و هەردو جەمسەری جیهانی شەڕی لەسەر بكەن ،نیال فێرگستۆن خاوەنی كتێبی  شارستانییەت و هەژمونی ڕۆژئاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا بۆ یەكێك لە فاكتەرەكانی ڕكابەرایەتی شۆڕشی زانستی ئەگەڕێنێتەوە ،

ئێستای گەلانی ناوچەكە گەشتونەتە ئەو بڕوایەی  چیدیكە ئیسلامی سیاسی و خاوەن مەزهەبییەكانی  ناتوانن  دەستەبەری ژیانێكی هاوچەرخ و یەكسانیان بۆ فەراهەم بگەن ،بۆیە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی ئێران و عێراق هەوڵێكی زۆر و بەهێز بۆ دەربازكردنی ئەو  لاوازییانە هاتۆتە گۆڕێ كە ئەمڕۆی گەلانی تێدا  داناوەو هەردەم لە جیاتی ئەوەی دیسپلینی رێكخستن و عەقڵییەتی وەك پێویستییەكی ژیانی ئازاد ببینین هەمو كات لەلایەن دەسەڵاتدارنییەوە كۆنتڕۆڵ كراون ،

گرنگی و جیاوازی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی گەلانی ناوچەكە تا دوا ڕادە لەو پێناوەدا گونجاو لەبارە كە داواكارییەكانیان ئەو ئامانجە بەدی بێنێت كە گەلێكی ئازاد هەوڵی بۆ ئەدات و هەر جۆرە تواناو دەرفەتێكیان بۆ گۆڕینی ژیان و گەڕانەوە بۆ عەقڵانییەت و گۆڕانی كردار گەرایی و بەدەستهێنانی مافەكانی تاك و كۆمەڵگایەكی ئازاد و دەنگی دلێر و ڕاپەڕیویان  لە بەرژەوەندی گەل بشكێتەوە ،

سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی سەرمایەداری  ڕاستینەیی كۆمەڵگای لە ساتی ئێستادا خنكاندوەو بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ لەرێگەی چەواشەكردن و پەردەپۆشكردنەوە لەهەوڵدایە پەیوەندییەكانی كۆمەڵگا بە مێژوو و ڕابردوەوە داببڕێت و هێندەی دەستی پێ بگات لەسەرجەم راستییەكانی حەقیقەتی كۆمەڵگا دوری دەخاتەوە ،دەمەوێت بڵێم دورنییە بەرژەوەندی سەرمایەداری ببێتە هۆكار بۆ ڕێككەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەكە و وڵاتان و سەرەنجامیش  خوێنی هەمو ئەوانەی لە هەوڵی خۆ ڕزگاركردنیان بون لە سیستەمە سەرمایەدارییەكە بە فیڕۆ بچن و دواجار  ڕزگاری ژیانی گەلانیش بكرێتە قوربانی ،

ئاسۆی ڕوانینی گەلان بۆ دەسەڵات وچۆنێتی دەستەبەركردنی مافەكانیان بۆ جێگیركردنی ژیانێكی كۆمیۆناڵە لەسەرجەم سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵگادا،بەتایبەت كۆمۆنە ئابورییەكان چونكە نەریتی ئابوری كۆمیۆناڵ ڕۆڵی سەرەكی لە كۆمەڵگایەكی  سەردەم و یەكساندا دەبینێت و هەروەها ڕێگای ڕزگاری  لە هەژمونی سەرمایەداری جیهانی دەكاتەوەو لە هەمو جۆرە قۆرغكاری و چەوسانەوەیەك دەربازی ئەبێت بۆیە ئەو خاك و كۆمەڵگایانەی كە ئەیانەوێت لە هەژمونی سەرمایەداری وسیاسەتەكەی ڕزگارییان بێت پێویستە گەورەترین شۆڕش لە بەرامبەر مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەنجام بدەن ،

بێ گومان نەخشەو ستراتیژی زلهێزەكان لەمیانەی سیاسەتیان لە مێژە ئەو ئاستەیان دەرباز كردوە كە مرۆڤایەتی و ژینگەكەی قوت بدەن ،بۆیە بەردەوام كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دوچاری هەمان ئەو وێرانكارییانە هاتون كە دنیای سەرمایەداری بە سەریدا سەپاندون و هەمیشە لە هەوڵدا بون كێشەی بێ چارەسەری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەبێت، بۆیە پێویستە گەلانی ناوچەكە لە ئەگەری گۆڕانكارییەكان ئاگاداری ئەوە بن گۆڕینی قیبلەكانی نوخبەیەكی سیاسی دەسەڵاتداران لەسەر هەمان هێز و بیركردنەوەیان  دوبارە ئاواكردنەوەی پاوان و قۆرغكارییە بە گوێرەی  زهنییەت و بەرژەوەندییەكانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری زلهێزەكان و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و سەرلەنوێ هەژمونی سەرمایەدارییە لەسەر هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست،بۆیە لەرودانی هەر گۆڕانكارییەك و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەشی گەلان دوبارە ڕەگ داكوتانەوەی ناچارەسەری و قوڵكردنەوەی زیاتری كێشەكان ئەبێت .

كەمال محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی