هەنگاوەکانی دوای عەبدولمەهدی
ئەگەرو ئاڵنگاریەکان

29/11/2019

سالار مەحمود

پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عادلعەبدولمەهدی، پێشهاتی نوێ دێنێتە پێش، رێکارەکانی کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران بیگرێتە بەر لەچواچێوەی دەستوردا دەبێت. بەڵام دەستور ئاماژەی نەکردوە بە چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوە. تەنیا حاڵەتی چۆڵبونی شوێنی سەرۆک وەزیران بەهەر هۆکارێک بێ و لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە.

لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا ئەم حاڵەتە ئاماژەی پێ نەکراوە.

سەرۆک وەزیران دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکات. لەدەستلەکارکێشانەوەکەیدا پێ دەچێ داوای بەخشین (ئیعفا) بکات لە سەرۆکایەتیکردنی قۆناغی کاربەڕکردنیش،پەرلەمانیش پەسەندی دەکات و بڕیارەکەی پەرلەمان ئاراستەی سەرۆک کۆمار دەکرێت، 

سەرۆک کۆمار بەپێی مادە(۸۱) لەدەستوری هەمیشەیی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران لەکاتی چۆڵبونی (خلو)ی پۆستەکە مومارەسە دەکات. سەرۆک کۆمار لەماوەی پانزە رۆژدا کاندید بۆ پۆستەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکات.

ئەم رێکارەش بەپشت بەستن بەمادە(۷٦)ی دەستور ئەنجام دەدرێت.

پاشان سەرۆک وەزیرانی نوێ ناوی وەزیرە نوێکان پێشکەشی پەرلەمان دەکات بۆ پەسەندکردن ئەشێ چەند وەزیرێک لەشوێنی خۆیان بمێننەوە.

لەهەموو حاڵەتێکدا حکومەتەکە کاتی و کار بەڕێکەر دەبێ تا هەڵبژاردنی داهاتوو.
گفتوگۆی جیاواز لەلایەن شارەزایانی بواری دەستور لەم بارەیەوە دروست دەبێت.
بابەتی کوتلەی زۆرینەو دیاریکردنی کاندیدی نوێ مشتومڕی تر دروست دەکەن.
پەرلەمان لەماوەی کەمتر لەمانگێکداو لەژێر فشاردا یاسای هەڵبژارن و یاسای کۆمسیۆنی نوێ پەسەند دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا کاتی هەڵبژاردنی ئایندە لەلایەن پەرلەمان و بەهەماهەنگ لەگەڵ سەرۆک کۆمار دیاری دەکەن. سەقفی ئەم کارەش شەش مانگ زیاتر ناخایەنێ.
مەرجەعیەت لەدواین پەیامیدا بەتەواوی بێ ئومێدی لە چارەسەری دۆخەکە لەلایەن حکومەتی ئێستاوە راگەیاند و پەرلەمانی هاندا بۆ کارکردن بە میکانیزمێکی تر لەو متمانەیەی بەحکومەتی دابوو.

ئەم پرۆسەیە بەم رێکارانەش هێشتا ئاسان نیە، چونکە ئەم بەشێکە لە داخوازی خۆپیشاندەران نەک هەمووی.

خۆپیشاندانەکانیش تا بەدیهاتنی داخوازیەکانی تریان کۆتایی نایەت.
لەهەمانکاتدا لەپەرلەمانەوە ئاڵۆزی نوێ دروست دەبێ چونکە داواکاری لادانی سەرۆکی پەرلەمانیش دەبێتە بابەتێکی گەرم. زیاد لە کوتلەیەک پلانێکی لەو جۆرەیان هەیە.

کوردستانیش زۆنگێکی دابڕاو نییە لە کاریگەریەکانی ئەو رووداوانە، نزیکترینیان بە رۆیشتنی عادل عەبدولمەهدی کورد دۆستێکی بێ دەسەڵاتی لەدەستدا. پرۆسەی رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش کەوتە ئایندەیەکی نادیارەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی