لەبارەی كۆنگرەی یەكگرتووەوە

08/12/2019

ئیبراهیم عەلی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەناوخۆی یەكگرتوودا گفتوگۆكان گەرم بوون لەسەر داهاتووی یەكگرتوو، هەر یەك لەسەركردەكانی یەكگرتوو جۆرە پێشنیارێكی دەكرد بۆ میكانزمی كاركردنی ئەو حیزبە لەداهاتوودا.

دواجار سەركردەكانی یەكگرتوو دابەشی دوو بەرە بوون، بەرەیەكیان پێی وایە دەبێت یەكگرتوو لەداهاتوودا بەمیكانزمێكی نوێوە كار بكات و بەتەواو كاری بانگەوازو سیاسەت لەیەكتر دوور بخرێنەوە. 

بەرەیەكیشیان پێی وایە دەبێت یەكگرتوو بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و تەنیا گرنگی زیاتر بەكاری رێكخستن بدات. 

تا ئێستاش سەكردەكانی یەكگرتوو بەتەواوی لەسەر میكانزمێكی ساغ نەبوونەتەوە. ململانێكان لەو بارەوە توندن و لەكۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوودا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی توند ئەنجام دراون.

لەناو یەكگرتوودا بۆچوونێك هەیە دەیەوێت یەكگرتوو ببێت بەدوو بەش، بەشێكیان ببێت بەرێكخراوێكی تەواو ئایینی و تەنیا سەرقاڵی كاری بانگەواز بێت. بەشێوەیەك ئەو رێكخراوە خاوەنی رێكخستن و پەروەردەو راگەیاندنی تایبەت بەخۆی بێت. لەبەرامبەریشدا هێزێكی نوێی سیاسیی بەناوێكی جیاوازو بەبێ پاشگری ئیسلامی رابگەیەندرێت و تایبەت بێت بەكاری سیاسی و بەشداری سەرجەم چالاكییە سیاسییەكان بكات. 

بەشێوەیەك تا هەڵبژاردنی داهاتوو، سەرجەم فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو لەئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەو رەوتە سیاسییەدا بێت.

بۆچونێكی دیكە كە خودی سەلاحەددین بەهادین تەبەنی دەكات، پێی وایە دەبێت یەكگرتوو سەركردایەتییەكی سێ كەسی پێكبهێنێت لەشێوەی كۆمیتەیەكی بچووككراوە. ئەو كۆمیتەیە سەرۆكێكی هەبێت و دووانەكەی دیكەش ببن بەجێگری ئەو سەرۆكە. هەریەك لەو دوو جێگرەش سەرۆكایەتی ئاراستەیەكی جیاواز بكەن بەم شێوەیە:

ئاراستەی یەكەم: ئاراستەی سیاسی. كەیەكێك لەجێگرەكان سەرۆكایەتی ئەو ئاراستەیە بكات و سەرپەرشتی تەواوی فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو بكات لەپەرلەمانی عێراق و كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەروەها نوسینگەیەكی تایبەت بەهەڵبژاردنیشی هەبێت كە ئامادەكاری بكات، بۆ چۆنییەتی بەشداریكردنی ئەو ئاراستەیە لەسەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لەهەرێم ئەنجام دەدرێن. ئەو كەسەشی سەرۆكایەتی ئەو ئاراستەیە دەكات ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی بچوككراوە دەبێت و لەهەمان كاتدا جێگری سەرۆكی ئەو كۆمیتەیە دەبێت. 

ئاراستەی دووەم: ئاراستەی بانگەواز. بەپێی بۆچوونی ئەو كەسانەی پشتگیری لەو بیرۆكەیە دەكەن، ئاراستەی بانگەواز سەرپەرشتی سەرجەم رێكخستنەكانی یەكگرتوو بكات لەشارو شارۆچكەكان و ئۆرگانەكان بەشێوەیەك ئاراستە بكات كە برژێنە ناو خەڵك و سەرقاڵی كاری بانگەواز بن لەناو خەڵكدا. سەرۆكی ئەو ئاراستەیەش بەهەمان شێوەی سەرۆكی ئاراستەی سیاسی جێگری سەرۆك دەبێت و ئەندامی كۆمیتەی بچووكراوەی سەركردایەتی دەبێت.

روون نییە سەركردەكانی یەكگرتوو بەر لەبەستی كۆنگرەی حیزبەكەیان دەگەنە سیغەیەكی هاوبەش، یاخود بەبێ گەیشتن بەسیغەیەكی هاوبەش دەچنە كۆنگرەوە. 

بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە بەبێ گەیشتن بەرێككەوتنێكی پێش وەختە یەكگرتوو كۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت و رەنگە ئەگەر دەرەنجامی كۆنگرەی یەكگرتوو بەپێی خواستی رەمزە سیاسییەكانی یەكگرتوو نەبێت، جیابوونەوە یا دروستبوونی رەوتێكی نوێی سیاسی لێ بكەوێـتەوە.

ئیبراهیم عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی