لیستی سزای ئێرانچییەكانی عیراق، دوور و درێژە

08/12/2019

لوقمان غەفوور

ئیدارەی ترەمپ وەك ئیدارەی ئۆباما نییە، ناتوانێت لەوە زیاتر بەرگەی ئەو سەركێشیانەی ئیران بگرێت لەناو عیراقدا، بۆیە دەیەوێت خۆپیشاندانەكان بەردەوام بێت تا ئەوكاتەی عێراقییەكان پڕئەبن لەیەكتر و لە تاوانی ئێرانچییەكان بەتەواوی تێدەگەن، تەنانەت ئەمریكا وا لە عیراقییەكان ئەكات ئەگەر بە جەنگی ناوخۆش بێت دەستی ئێران بنبڕبكات. ئەمریكا دەیەوێت لەرێگەی لیستی رەشەوە، ئێرانچییەكانی ناو عیراق بەسزا بگەیەنێت، ئەم هەوڵە بەشێكە لە دڵنەوایی بۆ جەماوەری خۆپیشاندەری عێراق.

لەم ڕێگەیەوە ئەمریكا 5ی دیسێمبەر، 4 سەركردەی ئێرانچی خستە لیستی رەشەوە، دوو كەسیان نامۆ و نوێ نین لە دنیای سیاسەتی ئەمریكا. قەیس خزر عەلی و لەیس خزر عەلی دوو تاوانباری پێشووترن كە ئەمریكا لەساڵی 2008 لە پرۆسەیەكی سەربازیدا دەستگیری كردن و دواتر بە رێكەوتن ئازاد كران. لە وتارێكدا لەژێر ناوی (قەیس خزر عەلی، شكستەكانی بەشاری سلێمانیدا ئەسڕێت) بەوردی باسی ئەوەم كردووە. هەرچی حسێن فالح عەبدولعەزیز لامی(ئەبو زەینەب لامی) و خەمیس فەرحان خەنجەر ئەلعیساوییە لەو لیستەدان كە 10 رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئەمریكاوە ئامادەكرابوون بۆ سزادان.

لەراستیدا یەكەم هێڵی سیاسی كە ئەمریكا ئەم كەسانەی پێی تاوانبار كردوون دوو شتە یەكەم (گەندەلی) و دووەم (پێشێلكاری مافی مرۆڤ)، بەڵام ئەگەر كەسێك لەمن بپرسێت: ئەمە وایە، دەڵێم نەخێر، راستەوخۆ ئەمانە ئێرانچییە پلە یەكەمەكانی عێراقن.

راستە ئەمانە گەندەڵەن! بەتایبەتی كەسێكی سەرمایەداری وەك خەمیس فەرحان ئەلعیساوی بەپێی گۆڤاری نیو یۆركەر پشكی گەورەی لە گواستنەوەی پارەكانی ئیران هەیە بۆ ملیشیاكانی حزبوڵڵای لوبنانی و لەسەر خوێنی عیراقییەكان دەوڵەمەند بووە. بەڵام ئەم هەوڵەی ئەمریكا كۆی ئەو هەوڵانەی ئیدارەی ترەمپ-ە بۆ ریسواكردنی ئێرانچییەكان لە عیراق گرتوویەتییە بەر. ترەمپ لە ساڵی 2017ەوە رایگەیاند كە سەدام زۆر باشتر بوو لەم سەركردانەی ئێستای عیراق. 

كاتێك 5ی نۆڤێمبەر بەشی چاودێری كاروباری بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنە بە بڕیاری ژمارە 13811، حەسەن لامی، قەیس خزر عەلی و لەیس خزر عەلی تۆمەتبار دەكات بە پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و رەشەكوژی هاوڵاتیان لە لێدوانێكدا ستیڤن منۆشین بەرپرسی بەشەكە بۆ رۆژنامەی هێڵ دەڵێت:"هەوڵەكانی ئێران بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانە رەواكانی خەڵكی عیراق كارێكی مەترسیدارە، ئۆپۆزیسیۆن بوون دژی گەندەڵی و ناعەداڵەتی پێویستییەكی بنەڕەتییە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا شانبەشانی عیراقییەكان دەوەستێت بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی". كەواتە سزادانەكە لە نێوان گەندەڵی و ئێرانچێتیدا، ئێرانچێتی هۆكاری یەكەمی سزادانەكەیە.

خەزێنەی ئەمریكی هەموو سەروەت و سامان و پارەی ئەو 4 كەسە لە عیراق و لە ئەمریكا و لە هەر وڵاتێكی تر و لە هە بانكێك دەستی بەسەردا دەگیرێت و مامەڵەی پێوە ناكرێت. هەر كەس و لایەنێكیش مامەڵەی دارایی و بانكیان لەگەڵ بكات بەر سزاكە دەكەوێت.

زۆربەی میدیاكانی ئەمریكا ئەم رێوشوێنانەی ئەمریكا بۆ دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە هاوبەشەكەی زە نیو یۆرك تایمز و زە ئینتەرسێپ-ەوە دەگێڕنەوە كە لە 18ی نۆڤێمبەر بڵاوكرایەوە كە بریتین لە بەڵگەنامە دزە پێكراوەكانی هەواڵگری ئێران و چنگكەوتنی لەلایەن هەواڵگری ئەمریكاوە. بەڵام ئەوەش بەدوور نازانن كە سی ئای ئەی هەموو راپۆرتەكەی تەسلیم بە زە ئینتەرسێپ نەكردبێت، چونكە جگە لە تۆمەتباركردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، ناوی ئەم كەسانەش هاتووە كە تێوەگلان بە سیخوڕی بۆ ئێران، كەسانی وەك ئیبراهیم جەعفەری كە وەزیری دەروە بووە لە 2014 و سەلیم جەبوری كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق،بووە. بەدوای راپۆرتەكەی زە ئینتەرسێپت، زە وۆل ستریت جۆرناڵ هەفتەی پێشوو لە راپۆرتێكدا باسی لیستی سزاكانی ئەمریكا ئەكات كە جگە لەناوهێنانی حسێن فالح ئەللامی كە دوێنی بەر سزاكان كەوت، ناوی نوری مالكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی كوتلەی فەتح هاتوون، كە دەستیان هەیە لە كوشتنی هاووڵاتیان لەرێگەی قەناس بەدەستەكانیانەوە، كە هێشتا ئەمریكا ئیعلانی نەكردووە.

وایدەبینم ئەمریكا هادی عامری و نوری مالكی هەڵگرتووە بۆ كاتی پێویستی قسەكردن لەسەر هەر پێكهاتەكەیەكی ئیداریی و تۆمەتباریان دەكات بەوەی نابێت كاری سیاسی بكەن.

لەسەروو لیستەكەوە ناوی ئەبو جیهاد هاشمی بەرێوەبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی تێدایە كە ئەمریكا هێشتا راینەگەیاندووە. هاشمی بەملیۆنەها دۆلاری لەژێر چنگدا بووە و بۆ خەڵكانی ئیرانی سەرفكردووە. تەنانەت وا لەقەڵەم دەدرێت كە ئەبو جیهاد هاشمی بریارەكانی لە ئاست عەبدولمەهدی-دا بووە لە ئەنجومەنی وەزیران، رێكخەری دارایی نێوان سەرۆك وەزیران و چالاكییەكانی پاسدارانی ئێران بووە لە عیراق كە بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان كردووە لە بواری خانوبەرەو هێنانی ماددەی خۆراكی. هەرچەندە ئەبو جیهاد هاشمی لەگەڵ دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەكانی دادی نادات. 

یەكێكی لەنێو لیستەكەی ئەمریكا كە ناوی هاتووە و هێشتا ئەمریكا ئیعلانی نەكردووە ئەحمەد ئەسەدی-یە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی كوتلەی فەتح و سەرۆكی میلیشیای كەتیبەكانی جوندلئیمام-ە، یاخود حەسەن سالم لە كوتلەی سادقون سەر بە عەسائیبی ئەهلی هەق.

دوا قسە لەنێوكۆی ئەم نووسینەدا ئەوەیە كە ئەمریكا تا ئاستی سووككردن، ئێرانچییەكانی ناوعیراق لەبەردەم جەماوەردا سوككدەكات، هەم ئامانجەكەی خۆی ئەپێكێت، هەم پەیامێكیش ئەدات بەهەموو ئەو سەركردانەی كە خەیتێكی باریكیان لەگەڵ ئێران ماوە.

لوقمان غەفوور 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی