دەرەبەگەکانی شاخ و سوڵتانەکانی شار

08/12/2019

دلێر محەمەد نووری


نووسەری وامان هەن هەتا پێیان کرا لە ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکانی ئەودیو دێگەڵە هەرچی مەرەکەبی قەڵەمەکانیانە لە خراپ ووتنی حزب و ڕێکخراو و شەقام و شار و نووسەر و کەسایەتی ئەم دیو دێگەڵە بەتاڵکردەوە، کاتێکیش بە هۆی ململانێی سوڵتانەکانەوە قەڵەمەکەی لە ڕۆژنامەو و بڵاوکراوەکەی خۆی قەدەغەکرا، ئێستا هاتووە پانتایی سایت و بڵاوکراوەکانی ئەم دیو دێگەڵە بۆ هەمان مەبەست داگیر بکات بۆ خۆی.

زەردەشت دەڵێت(ڕاستی لە ناو لەپی دەستم و لە بەر هەتاو داتدەنێم تا وەکو هەمووان بتبینن) بەڵام نەیگووت نیوەی ڕاستی. ئەم جۆرە لە نووسەر باس لە ڕاستی دەکەن بەڵام نیوەی ڕاستی نەک هەمووی، بۆیە نووسینەکانیان نە تینوێتی خوێنەری بێلایەن دەشکێنن و نە ئەتوانن کار لە نەیارەکانیشیان بکەن یان کەمێک باوەڕبەخۆبوونیان لەق بکەن، بەڵکو ئەوەی بە دەستی دەهێنن تەنها مەراییەکی دیکەیە بۆ سوڵتان لە پێناو دەستکەوتنی تورەکەیەک درهەم و هیچی تر.

من نازانم نووسەری ووتاری (چەپەکانی شاخ و چەتەکانی شار)  چۆن و لە پێناو چی دەیەوێ بە گشتی و بەو ڕەهاییە وا پشتی چەپەکانی هەموو دنیا بدا بە زەویدا و ماهییەتیان سفر بکاتەوە بە بێ هیچ دیراسەیەک و هەڵدانەوەیەکی لاپەڕەیەک لە مێژووی پڕ سەروەری چەپەکانی دونیا بە گشتی و ئەوروپا بە تایبەتی. هەڵبەتە لەمەیاندا ناهەقی ناگرم چونکە ئەو کار بۆ سیستمی سوڵتانیزم دەکات و لە بەرەی دەرەبەگدایە نەک چەپ.
 
ئەگەر تیشکێک بخەمە سەر ئەو بەشەی ووتارەکەی کە باس لە خەباتی شاخی یەکێتی و ووتەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ ناشرینکردنی چەپەکان بە مەسەل ئەهێنێتەوە، ئەو ڕەوانشادەی جاران مادەیەکی خاوی ووتارە ناشرینکارییەکانی نووسەر بوو، بەڵام ئێستا مەرحەمەتی ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی لە بری تاوانباری بەردەم دادگا تاجەگووڵینە ئەبرێته سەر گۆڕەکەی و لە بری قسەپێووتن لە ووتارەکانیدا بووە بە زەبولمەسەل لە گەڵ هاوەڵەکەی کاک قادری حاجی عەلیش. هەڵبەتە ئەمەش لە پێناو باشتر پێکانی ئامانجەکەیە بۆ ئەوەی کاری چەتە و چەتەگەری تەنها بە یەکێتی چەپەوە بلکێنێ و حزبی خانەخوێی دەربەگ و سوڵتانیزم لەو بابەتی چەتەگەرییە بە دوور بگرێت، ئا ئەمەیە کە دەڵێم گەر بمانەوێت ڕاستی بڵێین با هەمووی بڵێین نەک نیوەی کوڕەکەی کاک کەریم!

دوو ڕاستی هەیە هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لێ لا بدات دەرهەق بە یەکێتی، ئەویش ئەوەیە کە یەکێتی یەکێک بوو لەو حزبانەی بیر و بازوو کە بەڕاستی خەباتی شاخی پڕ پڕن لە سەروەری و قارەمانی دەگمەن و بێوێنە کە هیچ حزبێکی پێش خۆی بەو ئەندازەیە روباری خوێنی درێژ نەبووەو قوربانی وای نەداوە، سەبارەت بە بیری ڕووناک و پرشنکدانەوەی بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵک دیسان یەکێتی ڕابەرە لەم لایەنەش، بەڵام تەواو هاوڕای نووسەرم لەوەی مۆمی یەکێتی لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە کزی کرد بە جۆرێک نە ئەمەی ئێستا یەکێتییە و نە ڕێبازەکەشی چەپە یان سۆشیال دیموکرات. سەبارەت بە کاری چەتەگەری شاریش ئەوا یەکێتی و حزبی دەرەبەگ و سوڵتانیزم دەمێکە کاری پێکەوەیی دەکەن هەڵبەتە یەکێکیان ئەوی دیکەی بە دوای خۆیدا بە کێش کردووە و لە هەمووانیش مەعلوومە کام حزب وەک خۆی ماوە و کامەشیان لە دینی خۆی لای داوە.

هەر بۆیە ئەگەر هەر باسی چەتە بکەین، ئەبێت جار بە جاریش باسێکی سەردەستەی چەتەش بکەین. گەر بشمانەوێ چەپ ناشرین بکەین ئەبێت ئەوەش بڵێین کە بە ناشرینکردنی چەپ دەرەبەگ و سوڵتانی خواز جوان نابن. حزبێک تا سەر ئێسقان دەرەبەک و سەر بە بنەماڵە و عەشیرەتگەرا و گەر بشگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی یەکەم و دووەمی ئەوەش مەعلوومە کە لە پێناو زەوی و زار یەکەم چەخماخەی شۆڕشیان تینداوە و ئەو چەپانەش کە نووسەر گاڵتەیان پێ دەکات عەقڵی حزبی خانەخوێی بوون، گەر عەقڵی دەسەڵات خوازی سەرۆکەکەیان نەبا هیچ حزبێکی چەپ دروست نەدەبوو تا ئەمڕۆ شەکەت شەکەت ببنە پاشکۆی حزبی دەرەبەگی شاخ و سوڵتانی بەڕ و بەحری ئەمڕۆ. 

هەر لە پێناو ڕاستکردنەوەک سەبارەت بە چەپەکان دەبێت نووسەر و هەمووانیش بزانین که بەهەشتی ئەوڕوپا لە سەر شانی سوشیال دیموکراتەکان بنیات نراوە کە ئەوانیش خۆ بە چەپ زان و لە هەناوی چەپەکانەوە دەرهاتوون، جا سۆشیالدیموکراتەکەی کورد بووە بە چەتە بە ووتەی نووسەر ئەوە گوناهی بیری چەپ نییە هێندەی پشتکردنە لە بیری چەپ و ڕووکردنە لە سوڵتە و سوڵتان و دەرەبەگ و مافیاکانی نەوت و گەندەڵی.

ئەگەر مەبەستیشت لە کەسی دەست و چاوتێر دەوڵەمەندییە کە دەبێت سیاسەت بکەن نەک چەپی برسی، ئەوە بزانە هیچ حزبێک و هیچ سەرکردەیەکی کورد ئەو سوڵتان و پارەدار و دەرەبەگەی ئەمڕۆ نەبووە، هەر بە ئەلبوومی وێنەکانی دوێنیاندا بچۆرەوە، بۆت دەر ئەکەوێت ئەو قات و بۆینباخەی ملیشیان خێری دوای ڕاپەڕینە نەک وەرسەی باوکیان جا حزب و سەرکردە و خێزانی ئەم دیو دێگەڵە بێت یان ئەو دیو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی