دیوەكەی تری جەنگ

09/01/2020

رێبین عومەر

لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003 لە لایەن هاوپەیمانانەوە، دەسەڵاتی خۆجێی كوردی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە خەڵك تەدبیری خۆین بكەن بۆ ئەوەی لە حاڵەتی دووبارە بوونەوەی هێرشی مووشەكی و بۆمبی كیمیاوی لە لایەن سەدامەوە، خەڵك لە شارەكانی هەرێم خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی پێش بە دووبارە بوونەوەی كارەساتێكی وەك ئەوەی هەڵەبجە لە 1988 بگرن.

خەڵكی شارەكانی كوردستان دەستیان كرد بە كڕینی ماسك (قیناع)ی خۆپارێزی لە ئەگەری هێرشی كیمیاوی، كوردە حەیاتەكە تەكنیكێكی نوێی دۆزییەوە ئەویش روو پۆش كردنی دەرگاو پەنجەرە بە نایلۆن .

لەو كاتەدا ماڵەكان لە كوردستان بە تەواوەتی رووپۆش كران، خەڵك خوا خوایان بوو سەدام مووشەكەكانی بتەقێنێت گوێیان بە مردنی خۆیان نەئەدا بۆ ئەوەی بزانن داهێنانەكەیان سەركەوتوو بووە یان ....
 
لەوكاتە نوكتەیەك بڵاو بووە كە خوالێخۆش بوو مام جەلالیش جارێ گێڕایەوە، ئەڵێن: ژنێكی خەڵكی سلێمانی لە دوای ئەوەی كە رژێمی سەدام بە كەمترین ماوە تیاچوو، وتبووی خۆ كیمیاوییەكەی نەڕشت و رووخا و ئەو هەموو نایلۆنەشی پێكڕین.......

لە هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانیش كە هەر مووشەكەی لە جێگەیەك كەوتە خوارەوە خەڵك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی جەنگەكەیان بە كۆمیدیا وەرگرتبوو ، مووشەكەكانیان بە بۆیلەر و حەوجۆش و ئاسنی تانكی سەربانی ماڵان دانابوو، 

لەم سەردەمەدا خەڵك وای لێهاتووە وەرەقەی سپی ئەخوێنێتەوە، خۆش بەختانە كوردە حەیاتەكە ئەوەندە بە ئاگایە كە باش لەوە تێگەیشتبوون كە ئەم جەنگە دیووێكیتری هەیە ئەویش گەوجاندن و خەڵەفاندنی میللەتانە، 

چونكە ئەم سیستمە گەورە سیاسیانەی دنیا بەرژەوەندی هێندە گەورەیان هەیە كە بە كوشتنی یەك كەس و سەد و هەزاران كەس وابە ئاسانی دەست لە یەك هەڵناگرن، ئێران بە سیاسەتەكانی ماوەی چل ساڵە خزمەت بە مانەوەی ئەمریكادەكات لە ناوچەكەدا.

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی