دوێنێ بەیانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، وتی: "هاوپەیمانان ڕێکارەکانی پرۆسەی کشانەوەیان دەستپێکردووە."
ئێوارەکەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، موژدەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند.
دوو رووداوی گرنگ لە سەر زمانی دوو وەزیری سیادی یەکێتی و پارتی راگەیاندرا، بەڵام میدیاکان زۆر لە سەری نەوەستان!
هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بەتایبەت لە ٣٠ی ئەم مانگەوە تا کۆتایی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی ئەمریکا؛ پەکخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت و ئەو قۆڵبادان و ململانێیەی پارتی و یەکێتی، مەترسیدارە.
دۆست و هاوپەیمانەکانی کورد، لەو شێوازە مامەڵە و بێباکییەی ئەو دوو حیزبە نیگەرانن و پێیان وایە کورد لەقە لە بەختی خۆی دەدات؛ لە ناو هەموو پارچەکاندا، تەنیا هەرێمی کوردستانی عێراق هەرێمێکی دەستووری، چەسپاو و ئێعتیرافپێکراوە، کەچی بەهۆی ناکۆکیی کوردەکانەوە خەریکە هەرێمەکەیان لاواز دەبێت.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە (کە یەکێکە لە داخوازیی فەسائیڵەکانی عێراق)، دەرگا بۆ زۆر ئەگەر و گریمانە واڵا دەکات؛ چ ڕێککەوتن بێت و چ شەڕی بەرفراوان، کورد دەبێت بۆ هەردوو ئەگەرەکە خۆی ئامادە بکات و گوتاری خۆی یەکبخات.
کورد لە پارچەکانی تردا، دوای ئەو هەموو شەڕ و قوربانییە، خەبات دەکات تا بە زمانی دایک بخوێنێت و قەوارەیەکی هەبێت؛ ئێمە هەرێمیکی چوار پارێزگا + بەشێکی کەرکووک، دیالە، سەلاحەددین و نەینەوامان لە لایە، حکومەت، پەرلەمان و هێزی فەرمی خۆمان هەیە، کەچی خەریکە بە عینادی بەشێکی لە دەست دەدەین.
ئەفغانستان یان رۆژئاوا…
نابێ کورد سیناریۆی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کشانەوەی پشتیوانی بۆ هەسەدە لە ڕۆژئاوا لەبیر بکات؛ یەکخستنی تورکیا، سووریا و عێراق لە قازانجی مەلەفی کورد لە عێراقدا نییە.
تۆم باراک و یەکخستنی سێ وڵات!
ئەو ڕۆژە لە کۆنگڕەی حیواری بەغداد، یەکێک لە قسەکەرەکان تێبینییەکی زۆر مەزنی خستەڕوو، گوتی: "سێ کەس هەوڵی یەکخستنی سووریا و عێراقیان داوە؛ مەلیک فەیسەڵی یەکەم، میشێل عەفلەق و تۆم باراک!"
ئێ، تۆم باراک تورکیاشی هێناوەتەوە ناو باسەکە بروای بە دەوڵەتی مەرکەزی هەیە بروای بە هاوپەیمانی سێ قۆڵی تورکی، عێراقی، سووری هەیە؛ کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری لە نێوان تورکیا، سووریا و عێراق وەک بەدیلی ئیبراهیم خەلیل، خۆی زەنگی یەکەم بوو، بەس بەداخەوە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەبەر دەستبادانی یەکتر، تەرکیزیان لەسەر نەبوو!
ئێستا لە بەغداد بە ئاشکرا دەڵێن: "بۆ کاک بافڵ و کاک مەسروور هێزیان هەبێ، بۆ شێخ قەیس، حاجی عامری و ئەبوئالا هێزیان نەبێ!؟"
پرسیارێکی مەعقولە و وەڵامەکەش قورسە، چونکە کورد خۆی حکومەت و پەرلەمانی پەکخستووە و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی یەکنەخستووە ئەگەر بە شکڵیش بێت، تازە بە تازە ڕێگری لە مریشک، هێلکە و دەرمان لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەکرێت!
پارتیو یەکێتیی هاوچارەنووسن!
کەس باوەڕی نەدەکرد ئەمریکا بەو خێراییە دەستبەرداری هێزەکانی سووریای دیموکرات بێت و قەزیەی کوردی لە دروستکردنی فیرقە، پۆستی ڕاوێژکار و پارێزگاری حەسەکەدا کۆبکرێتەوە؛ ئەگەر دۆخی ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و فەسائیڵەکان وەکو ئەحمەد شەرع لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەون، چارەنووسی هەرێم، پێشمەرگە و ئەزموونەکە بە کوێ دەگات؟!
زۆر گرنگە ئەو نەوەیەی لە نێو پارتی و یەکێتیدا دەسەڵاتدارە، تێبگەن بە درێژایی مێژوو ئەو دوو حیزبە هەموو شتێکیان بەرامبەر یەکتر تاقیکردووەتەوە تەنیا چەکی کۆکوژ و ئەتۆم نەبێ (ئەویشیان نەبووە دەنا دەستیان بۆ دەبرد)، کەچی یەکێتی هەر ماوە، ماڵی بارزانیش لە جاران بەهێزترن؛ کەواتە بەدیلی یەکێتی بۆ پارتی هەر یەکێتییە و بەدیلی پارتیش بۆ یەکێتی هەر پارتییە! کەواتە جگە لە پێکەوە ئیشکردن و بونیادنانی شەراکەت لەسەر بنەمای متمانە، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نییە!
لەمەلا مستەفا فێربن!
لەکۆتاییدا قسەیەک بەبیری هەردولا دەهێنمەوە: جەنابی مەرحومی مەلا مستەفای بارزانی لەلوتکەی هێزو توانای خۆیدا، کە خۆی حاکمی فیعلیو بێڕکابەری هەموو کوردستانی عێراق بوو، ڕێککەوتنی 11ی ئازاری ئیمزاکردبوو و بەعس بەس حیسابی بۆ ئەو دەکرد، کەچی غروور نەیگرتبوویو زۆر حەکیمانە وتبووی:"بەجەلال شێتو ئیبراهیم ئەحمەد بڵێن با بێنەوە ناو پارتی، ئێستا ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدادە، ئەوجا ترسمان زیاترەو سیقەم پێ نینە، پێیان بڵێن ئەو ڕۆژە مەلا مستەفا هەڵدەواسرێت، دەستی ڕاستم جەلالو دەستی چەپم ئیبراهیم ئەحمەدە، وامەزانن بەلەناوچونی من بەغداد حیسابتان بۆ دەکات!"
دوای نزیکەی 56 ساڵ لەو قسەیەی مەلا مستەفا، ئەو قسەیە دووبارە دەکەمەوەو دەڵێم: واز لەو دەستبادانو پاشقوڵگرتنە لەیەکتربهێنن؛ وەکو مەلا مستەفا فەرمووی: ئەو ڕۆژە مەسرور بارزانیش بەدەستی دوژمن هەڵدەواسرێ، دەستی ڕاستی بافڵ تاڵەبانییەو دەستی چەپیشی قوباد تاڵەبانییە، هاوشێوەی باپیرانیان.
واز بهێنن لەوەی پەنا بۆ بەغداد، تاران، ئەنكەرەو واشنتۆن ببەن لەهەولێر کێشەکان چارەسەربکەن.
بۆیە وەرن لەسەر بەرژەوەندیی میللەت و بەرژەوەندی هاوبەش، لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، پەرلەمان کارابکەنەوە و حکومەتێکی بەهێز بۆ خزمەتی خەڵک دروست بکەن، ئەوە کوردستان ئەوەندە گەورە بە بەرەکەتە بەشی هەمووتان بە زیادەوە دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی