مرۆڤ‌و مەیلی بیۆفیلی

58 خولەک پێش ئێستا

كه‌مال محه‌مه‌د

ژیان دۆستی یان بیۆفیلی لە پشت هەمو میتۆدە فەلسەفییەكانەوەیە هەمو چەمكەكانی فەلسەفە خۆیان لەم هزرەی سپیۆنزادا ئەبیننەوە ،ئەمەش پرەنسیبی مرۆڤێكی عاقڵە  بۆ گەشتن بە ژیان دۆستی سۆسیۆلۆژیاش بە هەمو چەمكەكانی زانستێكە كە  پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیەو لێی دەكۆڵێتەوە هەر لەبەر ئەوەیە جۆرە ڕێكخستن و ڕاگرییەك لە نێوانیان هەیە،بێ گومان. ئەم ڕاگرییە تەنها بۆ مەیل و كەسانی بیۆفیلی نییە بەڵكو بۆ دژبەرەكەی نیكرۆفیلیش هەمان شتە،مەیلی بیۆفیلی پێچەوانەوەی نیكرۆفیلی  بە شێوەیەكی جەوهەری  حەزی بە ژیان و  زیندوبونەوەیە و بەشێوەیەك پارێزگاری كردن لە ژیان و شەڕكردنی دژی مەرگ و چەوسانەوەی كاری بنەڕەتی مەیلی بیۆفیلییە ،ئێمە لەم پارچە زەوییەدا گوێی كەڕ و دڵڕەقی و بێ بەزەیی ئەبینین ،هەمو ئەم ڕاستیانەش وای كردوە كە بڵێین ئێمە لێرەدا لە نێوان دو بەرەداین و دۆش داماوین پێ دەچێت وەڵامدانەوەی  تەواوی پرسیارەكان زۆر گرنگ بێت كە ئێمە بۆچی لێرەین و بۆچی سیاسییە نیكرۆفیلییەكان هەمیشە دژی بیری بیۆفیلییە كە نایانەوێت كۆمەڵگا بە هەمو پێكهاتەكانییەوە خاوەنی ئیرادەو ئازادی خۆیان بن و ئازاریان ئەدات و نایەوێ سیمایەكی  یاسایی بۆ هەموان دابین بكات و لە پێشكەوتن ڕای ئەگرێت ،

ئێمەی مرۆڤ خاوەنی هۆشیارییەكی بایۆلۆژین كە لە نێو سیستەمی مێشكماندایە كە ئەتوانین لە ڕێگایەوە بگەین بە خود و ئازادییەكان و ئازاد بونی مەزن و ڕزگاری لە ژێر دەستەیی ،ئێمە ئەگەر چاوێك بە مامەڵەكردنی ئەم حكومڕانییەو خەڵكەكەی بخشێنین ئەبینین كە بەهاو نرخێك نییە كە پەیوەستمان بكات بەو قەناعەتەی كە ئاسودەییەك لە ئارادا هەیە،بەڵام بیرمان نەچێت  كە هەرگیز ناشێ لە كەسێكی داگیركراودا ئاسودەیی بەدی بكرێ  كاتێك لەمژاری چینایەتیدا زۆر یەكلاو ڕونن وكاری لەسەر كراوە ،لەڕوی سۆسیۆلۆژیاشەوە ئازادی ومافی تاكەكەس بەتەواوی بەندە بە كۆمەڵگاوە،ئێمە ئەگەر بیر بكەینەوە لە زیندانێكی تاریكداین كە چواردەورەی شورا نەكراوە،كۆمەڵگا چەندە بڵێی مارژیناڵە  چون كوشتنێكی تراژیدی كەسایەتی و ئیرادە لە ئارادایە و هەموان لە نامۆبون و بێ ئیرادەییەكی قوڵدان،ئەگەر پرسیار لە خۆمان بكەین بڵێین خۆ چیمان بەدەستە هەڵەیە،چون كانگای ئەسڵی مرۆڤ بون كەلتورێكی هەیە  كە پێویستە پەیوەست بین پێیەوە و زیاتر واتاو هەست  بمانژێنێ بۆ ئەوەی ببینە بەهێزترین تاك ،

ئەم سیستەمی سیاسی و حكومڕانییە چەندە وێرانكەر بێت ئەنجامەكەی دوفاقە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانە كە دەسەڵات بەردەوام لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنی ساختە و تاكی كۆمەڵایەتی ساختەوە كاری لەسەر ئەكات ،تێپەڕاندنی ئەم جۆرە لە دوفاقیانەش بەئاسانی ئەستەمە بەڵام ئەكرێ لە ڕێگەی تاكەكان و هۆشیاری فیكرییەوە تێپەڕ بكرێت و شكست بە سۆزی ترس بهێنێت ،پێوەر و نرخە ئەخلاقییەكان لە بیر ناكرێن كاتێك هاوپشتیوانی و ڕەچاوكردنی ژیانی هەموی وەك یەك بناغەیە بۆ بونیادنان  و كۆمەڵایەتی كردن و ڕزگاری لە كۆیلایەتی ،

مرۆڤ بۆ ئەوەی توانا لەدەست چوەكانی خۆی بگەڕێنێتەوە پێویستە بیر بكاتەوەو عەقڵی بەكار بهێنێت و هیچ كات خۆی وەك گیاندارێك نەبینێت كە بە سادەیی فڕێ دراوەتە سەر زەوی ،دیارە بە تێگەشتن لە خود و ژیانیش ئەتوانێت بیجوڵێنیت و كار بكات و بیكاتە كەسێتییەكی بكەر،لێ عەقڵی مرۆڤ تا ئەو كاتەی بەكار نەهێنرێت نابێتە كەرەستەیەكی گەورەی بەرهەمهێنەر،بۆیە عەقڵ و بیركردنەوە ئەو كەرەستە چارەنوس سازەیە كە دەسەڵات و چینی باڵا لە هەمو گۆڕانكارییەكان لێی دەترسێت كە ئاخۆ بەكارهێنانی عەقڵ نەیان بات لێ كردنی بۆ پرسیار گەلێك لە خۆیان كە بیانەوێ بپرسن ،ئێمە چۆن ئەمانەوێ بژین ؟چ ئامانجێكمان هەیە لە ژیان ؟ژیان و سۆسیۆلۆژیا بە هەمو چەمكەكانییەوە چ واتایەكی هەیە لای ئێمەو چی بە ئێمە بەخشیوە ؟وەڵامی هەمو ئەم پرسیارانەش ئەمان گەیەنێتە بەردەگای بابەتی ئامانج و خەون و پێداویستییەكان و تا چەن بون بە سەرچاوەی دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگا.

بیركردنەوەو  مەیلی بیۆفیلی وا ئەكات مرۆڤ ئەو چەمك و تیۆریانەی بۆ دەربخات كە ئەیگەیەنێت بە خۆش بەختی و پێشكەوتنێك كە بگونجێ لەگەڵ  هەلومەرجەكانی سروشتی مرۆڤایەتییەوە،ئێمە نابێت ببینە كۆیلە بە بێ ئەوەی زنجیر لە دەست و پێمان بێت! ئێمە پێویستە لە راستی كۆت و بەندی ناخ و بیركردنەوەمان هوشیار بین و وا بكەین كە ئازادی سیاسی و كۆمەڵایەتی هاوچەرخ  لە كردارەكانمان زیاد بكەین ،ئێمە بەم شێوەیە ئەگەین بەو ڕایەی كە هەست بكەین لەنێو هەمو كەسێكدا جەوهەرێكی نەرجسی حەشاردراو هەیە كە ئەتوانێت بەرەنگاری هەر تەنگ و چەڵەمەیەك بێت كە لە دژی بەكار بهێنرێت ،

بیركردنەوەو بیر و هۆش  وامان لێ ئەكات كە ببینە ئەڵتەرناتیڤی واقیع  و هەڵوێست بەرامبەر جەستەو عەقڵی خۆمان دەرببڕین  و خۆمان بە موڵكی تایبەتی خۆمان بزانین و كاتێك هەست بە نەبونی موڵكایەتیمان كرا لەلایەن خۆمانەوە یەكسەر هەست بە توڕەییەكی زۆر بكەین چونكە ناتوانن وەك خۆمان حوكمێكی باش و گونجاو بدەن چون بونی خود وا ئەكات جێگایەكی گرنگ و پڕ بایەخت هەبێت و ئەبیتە جێگای گرنگی پێدانیشت،ئێمە بۆ ئەوەی لە چەمكەكانی ژیان و سۆسیۆلۆژیا دانەبڕێین و بیری  بیۆفیلی لە ناخماندا هەبێت  پێویستە بێ بەری نەبین لە ئازادی،چون بیری ئازادی بەرەو ڕوناك بونەوەمان ئەبات و دەتوانێت وابكات بەهێزتر بواری چڕبونەوەی ماتەوزەی دەسەڵاتی خۆمان پێ نیشان بدات و لەبەرامبەردا هەلی تێكۆشانمان فەراهەم بكات ،ئێمە ئەگەر تا ئێستا هەڵەیەكمان كردبێت بەڵام هێشتا ئەتوانین سەرەتایەكی نوێ دابنێین و ڕاستی بكەینەوە ،بە دڵنیاییەوە هیچ كات مرۆڤ ناتوانێت مرۆڤ بێت كە هەست بە بەرپرسیارێتی نەكات چون هیچ شتێك هێندەی مرۆڤ سەرنج ڕاكێش نییە كاتێك حیكمەتی تێڕامان بێت لە ژیان نەك مەرگ و تەسلیم بوون .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە