په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی مه‌لیك غازی

13/01/2020

دانا مەنمی


له‌ سه‌رده‌می مه‌لیک غازی له‌ عێراقدا ئه‌نجومه‌نێک هه‌بوو به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ شێوه‌دا هه‌ر وه‌ک په‌رله‌مانی کوردستان بوو ،نوێنه‌ره‌کانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ که‌سانی سه‌رۆک خێڵ، تیره‌، هۆزو که‌سایه‌تی ناوچه‌کان پێکهاتبوو ،یه‌کێک له‌و ئه‌رکانه‌ی كه‌ به‌ نوینه‌ران له‌ هۆڵی ئه‌نجومه‌ن سپێردرابوو هه‌ر کاتێک که‌ پرۆژه‌یه‌ک یان هه‌ڵوێستێکی سیاسی هه‌بووایه‌ نوێنه‌رانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ کۆده‌بونه‌وه‌  پرۆژه‌كه‌یان ده‌خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و یه‌ک یه‌ک ده‌نگه‌کانی نوێنه‌ران وه‌رده‌گیرا و ده‌بوایه‌ هه‌ر یه‌کێک له‌و ئه‌ندامانه‌ بیووتایه‌ (موافیچ) .

 موافیچ ووشه‌یه‌کی عه‌ره‌بیه‌ به‌ واتای ڕه‌زامه‌ندی یان ڕازیبوون ، ئه‌ركی نوینه‌رانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی مه‌لیك غازی ته‌نها ووشه‌ی موافیج  بوو ئیدی هیچ کارێکی تریان نه‌بوو که‌ گوزارشتی لێبکه‌ن، هه‌رله‌و رۆژگاره‌دا و له‌ سه‌ر و به‌ندی ده‌سه‌ڵاتی حوکمی هاشمیدا خه‌ڵکی عێراق به‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌یان ده‌گووت (جماعە‌ موافق) واته‌ گروپی موافیچ یان جه‌ماعه‌تی موافیچ .

پاش تێپه‌ڕبوونی ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و مێژووه‌دا تازه‌ به‌ تازه‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌مان په‌تای جه‌ماعه‌تی موافیچی نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رده‌می پاشایه‌تییان گرتووه‌ ، له‌ بیرتان نه‌چێت ئێوه‌ به‌ته‌نها نوینه‌ری لایه‌نیكی دیاریكراو نیین و نوێنه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ن، که‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌نگیان پێدان ، به‌ڵێنتان دا که‌ ببنه‌ نوێنه‌رێکی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك وسوێندتان خوارد كه‌ پارێزه‌ری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌لك ده‌بن ،به‌ڵام فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌نده‌ به‌ لاوازی دژی هه‌ندێك بڕگه‌و ماده‌ی پرۆژه‌ یاسایی چاكسازی وه‌ستانه‌وه‌ که‌ ئومێده‌كان له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی خۆتان و حیزبه‌كه‌تان به‌تاڵ كرده‌وه‌.

بێگومان‌ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ ئه‌م پرۆژه‌ یاسایی چاكسازییه‌یه‌ ، خانه‌نشینی پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان  شایسته‌ی په‌سندکردن نییه و پێویسته‌ به‌ته‌واوی ره‌تبکرێته‌وه‌‌ ،چونكه‌ ئه‌م فیئه‌یه‌ به‌تاڵه‌ له‌هه‌موو فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دادپه‌روه‌ری ، هه‌ڵویستی هه‌ندێك ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنه‌كه‌ به‌گشتی له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ یاسایی چاكسازیدا ده‌لێی بە بان پردی سیراتا دەپەڕنەوە ،دادپەروەری تاقیكردنەوەیەكی سەختە ، گرنگترین شت لە یاسای چاكسازی كەمكردنەوەی ئیمتیازتی پلە باڵاكانە لە موچەی بنەڕەتی و خانەنشینی ئەویش تیایدا غائیبە ،ئەگەر بەناوی لیستی جیهانی جیاوازی موچەدا بگەڕێین جگە لە وڵاتە مەلەكییەكان وتۆنگۆو بۆرندی لە هیچ وڵاتێكی دیكەدا كارەساتی وا نییە .

ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتی‌‌ په‌رله‌مانتار ته‌نیا یاسادانان نییه‌و شوێنیشی‌ ته‌نیا هۆڵی‌ په‌رله‌مان نییه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ شێوازی بیركردنه‌وه‌و تێروانینی فراكسیۆنی پارتی بێت ،ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتی‌‌ په‌رله‌مانتار هه‌م یاسادانانه‌ هه‌میش چاودێریكردنی حكومه‌ت ، ئه‌ركی په‌رله‌مانتارئه‌وه‌یه‌ به‌شداریی‌ خۆپیشاندان، مانگرتن، ناڕه‌زایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌، ئیمزاكۆكردنه‌وه‌، به‌یاننامه‌ ده‌ركردن، هه‌ر جۆرێكی‌ دیكه‌ له‌ خۆده‌ربڕینی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بكات‌ ، خه‌ڵك بۆیه‌ متمانه‌تان پێده‌به‌خشن كه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ بن و له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكیدا بن‌و له‌ ئازاره‌كانیان تێبگه‌ن، هه‌ستی‌ پێبكه‌ن، له‌ ناڕه‌حه‌تیه‌كاندا به‌شداربن و به‌شێك بن له‌ ئیراده‌‌و ویژدانی‌ میلله‌ت ، ده‌بێ هاوخه‌م‌و هاوخه‌باتی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ عه‌داله‌تخواز‌و ئازادیخواز‌و ژیاندۆسته‌ بن ،شان به‌شانی‌ مامۆستاو خوێندكارو كاسب‌و سه‌رجه‌م مافخوراوان بن ،ئه‌وه‌ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و په‌یوه‌ستبوونی یاساییه‌ .