فرۆکە ئۆکراینییەکە و پەیامی کودەتای سوپای پاسداران!

14/01/2020

شەماڵ بەشیری

رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٨ ژانوییە، فرۆکەیەکی ئۆکرایینی لە ئاسمانی ئێراندا پێکرا و لە ئەنجامدا ١٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا. فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە لێدوانێکی فەرمیدا هۆکاری پێکانەکەی وەک هەڵەیەکی مرۆیی ناوزەد کرد. 

ئەمن لەو بڕوایەدام، کە پێکانی فرۆکە ئۆکراینییەکە هەڵە نەبووە بەڵکو بە مەبەست بووە و ئەو کردەوەیە گرێدراوی کەیسی کوشتنی قاسم سولەیمانی، هەروەها رەوشی سوپای پاسدارانی ئێران و هاوسەنگی هێز لەناو پێکهاتەی دەسەڵات لەناو سیستەمی بەرێوەبەری ئێراندایە. 

لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران- ئێراق سوپای پاسداران پرۆسەی هاتنە ناو کەرتی ئابووری و دەستبەسەردا گرتنی مۆنۆپۆڵەکانی دەوڵەتی دەستپێکرد. سوپای پاسداران لە پرۆسەیەکی ١٠ ساڵەدا توانی دەست بەسەر پرۆژەکانی "ئاوەدانکردنەوە"، کەرتی تەلەفۆن (مخابرات)ی و پیشەسازی-دا بگرێت و لە هێزی چەکداریەوە ببێت بە هێزێکی سەربازی-ئابووری بەهێز و لە دەرئەنجامدا بوو بە سیما راستەقینەکەی لیڤاتانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران. 

سوپای قودس یەکێک لە چوار کۆڵەکە سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانە. کە لە قۆناخی شەری ئێران-ئێراقدا دامەزراوە و هەتا ئەمڕۆکە ئەرکی سەرەکییان چالاکی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە. چالاکییەک کە لە بیست ساڵی رابردوودا وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە لە ئەفغانیستانەوە هەتا ئێراق، سوریە، لوبنان، یەمەن و فەلستین ریشەی داکوتاوە و بۆتە گەورەترین قەڵای پاراستنی ئەمنی ئێران. 

کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهەندیس سەرۆکی حەشدی شەعبی، لێدانە لە پێکهاتە سەبازی- ئیستخباراتیەکەی ئێران، کە بە مەبەستی خۆپاراستن لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەڵیچنیوە. لە هەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و لاوازکردنی پێگەی سوپای پاسداران لەناو قەوارەی دەسەڵاتی سیاسی- لەشکەری دەوڵەتی ئێراندا. 

دروشمی "نە غەزە، نە لوبنان، گیانم بە قوربانی ئێران" یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆپێشاندەرانی ئێران بوو لە ساڵی رابردوودا. ئەم دروشمە وەک فیشەکێک، سیلەی لە رۆڵ و کردەوەی سوپای پاسداران لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئێراندا گرتووە. 
سوپا لەم دۆخەدا هەم لەناوخۆ و هەم لە ئێراقدا (کە گۆڕەپانی سەرەکی چالاکییەکانی سوپای قودسە) رووبەرووی گوشار و زەخت بۆتەوە. هەر بۆیە بۆ سوپای پاسداران گرینگە کە لەم قۆناخەدا ئۆتۆریتەی لەشکەری-سیاسی خۆی بپارێزێت و پەیامێک هەم بۆ لایەنەکانی دەسەڵات لەناو خۆی کۆماری ئیسلامی و هەم بۆ دەرەوە بنێرێت. 

پەیامی سوپای پاسداران 
کوشتنی قاسم سولەیمانی باڵی لیبراڵی ناو کۆماری ئیسلامی بەهێزکرد کە روحانی و زەریف نوێنەرایەتی دەکەن. لایەنێک کە مەیلی سازان و رێککەوتنی دەگەڵ ئامریکا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا بەربەستدانان لەبەردەم بەهێزبوونی ئەم باڵە و بەهێزکردنی پێگەکانی سوپای پاسداران کەوتە رۆژەڤەوە. 

بە بڕوای من فرۆکەکە بەم مەبەستە لایەن سوپای پاسدارانەوە پێکێندراوە. سوپای پاسداران بەم کردەوەیە چەند پەیامێک بە لایەنەکانی ناوخۆی دەسەڵات و هێزە دەرەکیەکان دەدات.

پەیامی سەرەکی ئەوەیە، کە سوپای پاسداران ئامادەی پاشەکشەکردن نیە. سوپا ئەو هێزەی کە هەیەتی بە خوێن بەدەستی هێناوە و بەخوێنیش دەیپارێزێ. ئەگەر پێویست بکات ئامادەن کە کودەتا بکەن. خستنەخوارەوەی فرۆکەکەی ئۆکراین بە واتای ئامادەیی سوپای پاسدارانە بۆ کودەتا، لە ئەگەری هەوڵی لاوازکردنی پێگەکەی لەناو ئێراندا.

لە هەمانکاتدا رۆژی شەممە باڵیۆزی بریتانیا لە تاران دەستبەسەر کراوە. بە ئەگەرێکی زۆر دیسان سوپا لە پشت ئەم دەستبەسەر کردنەیە. شیمانەی ئەوە دەکەم کە سوپا لە دەستبەسەرکردنی ئەم باڵیۆزە پەیامی نهێنی بۆ بریتانیا ناردوە و لە هەمانرێگەشدا ئەو پەیامە بە هێزە دەرەکییەکان دەدات کە ئەوەی ئۆتۆریتەی سەرەکی لەناو ئێراندا هەیە، سوپای پاسدارانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە