مەرگی مەجیدو روونكردنەوەكەی ئاسایش

18/01/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

1
مەرگی مەجید هروتی " مەجید ئیبراهیم عەبدوڵا " بۆ زیندان و ئاسایش نا ، بۆ دەسەڵاتی دادوەری شەرمەزاری و كێماسیەكی گەورەیە ، ئاخر دەسەڵاتی دادوەری لە كوردستان ، لانی كەم پێویستە ئاگای لە زیندانەكان و بارو دۆخی زیندانیان بێت ، ئەگەر گریمان كارەكەی مەجید خۆ كوژیە ، چۆن دەبێت كەرەسەكانی خۆ كوژی لە زیندانا هەبن ، دواتر ئەو زیندانە تاكە كەسیە یان لە ناو خەڵكی تردا ، ئەگەر لە ناو خەڵكایە چۆن ئەمە ڕوویدا ، ئەگەر تاكەسیە ، جگە لە كەرەسەكان ، باشە بۆ چاودێری بەسەریەوە نەبوو بۆ ژورەكەی كامێرای چاودێری تیا نیە ، ئێمە كاتی خۆیشی هەزار گومانمان لە كوشتنەكەی زانای قایم قام هەبوو ، كەچی لە بری كۆتاهێنان بە گومانەكان ، هێشتا ئەم چیرۆكە ناشرینە درێژەی هەیە .

2
روونكردنەوەكەی ئاسایش ئەوەندەی كاری لەسەر ئەوە كردووە ئەو خانەوادەیە دوای مردنەكەش بێ‌ بایەخ و ناشرین بكات ، ئەوەندە لە خەمی ئەوەدا نەبووە هەقیقەت بداتە خەڵك ، باشە ئەوە خێرە ئاسایش باسی بوونی 60 كیلۆ مادەی هۆشبەر دەكات و دواتریش دەڵێت لە ماڵەكەیدا دەستگیراوە بەسەر كەسێكی ترو مادەی تریشدا ، لە كۆمەڵی كوردەواریدا ئەمە بۆ قێزاندنی ئەو ماڵە نەبێت بۆ هیچی تر نیە ، هەڵبەت جگە لە وەی كە بۆنی هەڕەشەو دەمكوتكردنیشی لێدێت ، لە راستیدا جگە لە كوشتنەكەو گومانەكانی سەری ، ئەوە ئەركی دەسەڵاتی دادوەری و پزیشكی پشكنەرە لە بارەی روداوەكەوە قسە بكەن ، بەر لە ئاسایش ،

3
ئاسایش هەر بە مەرگی مەجید واز لە دۆسیەكە ناهێنێ‌ و پەیامێكی توندیش بۆ ئەوانە دەنێرێت كە گومانیان لە كارەكە هەیە ،ئەم جۆرە چیرۆكانە دەمێكە لە هەرێمی كوردستان لێرەو لەوێ‌ دووبارە دەبنەوە، ئاخۆ كاتی ئەوە نیە كۆتاییان بێت ، ئێ‌ خۆ لە دنیادا زیندان بۆ سزادان و گێڕانەوەی مرۆڤ و چاكسازیە ، نەك زەمینە دروستكردنی خۆ كوژی ، مەجیدیش وەك هەر روداوێكی تر سەدان گومان هەڵدەگرێت ، لێ‌ كەس نیە بە دوادا چوون بكات ، بە دوادا چوونیش بكرێت و هەقیقەتیش دەر بكەوێت ، وەك دایكم دەڵێت " تازە ئاوەو ئاو رۆی "

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی